رێککەوتنى سودان.. گەشبینی و رەشبینی

 رێککەوتنى سودان.. گەشبینی و رەشبینی

مەوداپرێس ـ

میدیای عەرەبیی و ناوچەکە و جیهان ئاماژە بە نزیکبوونەوە و هاتنەئاراو ئەنجامدانی رێککەوتنێک دەکەن لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و ئەنجومەنی سەربازیی سوداندا، ئەم هەواڵە مشتومڕ لە ناوەندە میدیایی و رۆشنبیریی و سیاسیی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکانیدا سوداندا دروست کردووە و بەرەیەک بە چاوی گەشبینیی و بەرەیەکیش بە چاوی رەشبینی تەماشای دەکەن.

بەگوێرەى راپۆرتێکی تۆری هەواڵی بی بی سی بەریتانیی، رێککەوتنەکە لەنێوان ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتدار و هێزە مەدەنیی و ئۆپۆزسیۆنەکاندا دەبێت بۆ ماوەی سێ ساڵ، تێیدا ئەنجومەنێکی سیادی پێکدەهێنرێت کە ماوەی سێ ئیدارەى وڵات دەکات و بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو ئەنجومەنە پێکدێت لە پێنج ئەندامی سەربازیی و پێنج ئەندامی مەدەنی سەر بە هێزە مەدەنی وئۆپۆزسیۆنەکان.

بەگوێرەى سەرچاوەکانى هەواڵ، رۆشنبیران و نوسەران و چاودێرانى سیاسیی و رای گشتی لەنێوان گەشبینی و رەشبینیدا سەبارەت بە ناوەرۆکی رێککەوتنەکەدا دابەش بوون.

تۆڕى هەواڵی بی بی سی بەریتانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنەی سودان کە ماوەی سێ ساڵە بۆ ئیدارەکردنی وڵات، تێیدا کەسێک بۆ سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرن، بەجۆرێک کە کەسەکە لەلایەن هەردوولاوە پەسەند کراون بێت.

حەمود ئەبو تالیب نوسەر لە رۆژنامەی "عوکاز"ی عەرەبستانی سعودیە نوسیویەتی ئەو رێککەوتنەی نێوان دوو هێزی دیاری سەربازیی و مەدەنی سودانی ئێستا، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئەو وڵاتە، چونکە ناکرێت لەمکاتەدا برینێکی تر لە جەستەی عەرەبدا دروست بکرێت،بۆیە رێککەوتنەکە هۆکاری دوورخستنەوەی سودانە لە ئێستادا لە کەناری تیاچوون.

هاوکات نوسەر فارس بن حزام لە رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنى نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە و پێیوایە ئۆپۆزسیۆن جەماوەری بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت بەکارهێناوە، لەکاتێکدا ئیبراهیم ئەبو شوک لە رۆژنامەی "سودانیل"ی ئەلیکترۆنی نوسیویەتی: پێویستە هەوڵی جێبەجێکردنی داواکاریی و ئامانجەکانى شۆرش بدرێت لەو رێککەوتنەدا کە پردێکە بۆ قۆناغی دووەمی ئنتیقالی.

لەبەرامبەردا وەک یەکێک لە روانگەی رەشبینان بەرامبەر بە رێککەوتنەکە، عریب رنتاوی لە رۆژنامەی "دەستور"ی ئوردنی نوسی: رێککەوتنەکە زیاتر مایەی نیگەرانیە تا مایەی گەشبینی بێت، چونکە ئۆپۆزسیۆن سازشى زۆری بۆ سەرباز کردووە و دەسەڵات و سیادەی وڵاتی رادەستی ژەنراڵەکان کردووە.

لەلایەکی ترەوە فاتح جوبرا لە رۆژنامەی "راکوب"ی سودانی نوسی: رەشبینم بە رادەستکردنی دەسەڵات بەدەست ئەنجومەنی سەربازیی، هەر ئەوان بوون کە خوێنی منداڵەکانمانیان رژاند و بەزەییان نەبوو، ئەگەرچى بەڵێنیان دابوو کە سوپا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن.  

سەرچاوە: ئاژانسەکان




AM:10:21:09/07/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌