تره‌مپ و میدیا.. ململانێیه‌كی به‌رده‌وام

تره‌مپ و میدیا.. ململانێیه‌كی به‌رده‌وام
مه‌وداپرێس ـ 
ئاژانسه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ به‌رده‌وام زانیارییه‌كانی له‌باره‌ی‌ كێشه‌كانی نێوان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ میدیا و سه‌رنجی میدیا له‌سه‌ر تره‌مپ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. 

چاودێرانی‌ بواری میدیایی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونیه‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ میدیا ده‌ستی ده‌ستی پێكردووه‌، به‌جۆرێك كه‌ رسته‌ی "میدیا دوژمنی گه‌له‌"ی تره‌مپ له‌ ناوه‌نده‌ میدیایی و سیاسییه‌كاندا به‌ناوبانگه‌. 

له‌ دوا تویته‌كانیدا له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هێرشی‌ كرده‌وه‌ سه‌ر میدیای ئه‌مریكیی و به‌ "میدیایه‌كی خراپ" وه‌سفی كرد دوای‌ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ "درۆزن" وه‌سفی كرد. 

به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵی جیهان، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هێرشی‌ نوێیدا بۆ سه‌ر میدیای ئه‌مریكیی، به‌ توندی هاتۆته‌ سه‌ر خه‌ت، به‌جۆرێك كه‌ ره‌خنه‌ی له‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ش گرتووه‌ كه‌ پێشتر به‌ كه‌ناڵی جێ متمانه‌ی خۆی زانیوه‌ و چاودێرانیش به‌ كه‌ناڵی نزیك له‌ تره‌مپ یان لایه‌نگر و دڵخوازی تره‌مپ وه‌سفیان كردووه‌. 

سایتی ئاڕ تی رووسیی دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی تویته‌كانی تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ میدیا، نوسیویه‌تی: سه‌رۆكی ئه‌مریكا هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌ی كه‌ پێشتر به‌ كه‌ناڵی خۆی و به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵی‌ باش وه‌سفی ده‌كرد. 

ئه‌و سه‌رچاوه‌ رووسییه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ره‌خنه‌ی توندی له‌ كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مریكیی گرتووه‌ و به‌ كه‌ناڵێكی خراپ وه‌سفی كردووه‌، له‌كاتێكدا پێشتر كه‌ناڵی باشی‌ تره‌مپ بووه‌، كه‌چی‌ تره‌مپ له‌ ره‌خنه‌ نوێكه‌یدا ئه‌و كه‌ناڵه‌ی به‌ خراپتر له‌ تۆڕی‌ هه‌واڵی سی ئێن ئێن وه‌سف كردووه‌. 

تره‌مپ له‌ ماوه‌ی رابردوودا و له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا شه‌ڕه‌ده‌می كرد له‌گه‌ڵ جیم ئاكۆستا په‌یامنێری‌ سی ئێن ئێن، دواتر بڕیاریدا رێگه‌ به‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ی نه‌دا بۆ ناو كۆشكی سپی، بۆیه‌ تره‌مپ له‌ ره‌خنه‌ی نوێیدا له‌ فۆكس نیوز، ناوی سی ئێن ئێنی هێناوه‌ته‌وه‌.

شه‌ڕی ساڵانی رابردووی تره‌مپ و سی ئێن ئێنی ئه‌مریكیی بریتی له‌وه‌ی كه‌ تره‌مپ ئه‌و تۆڕه‌ هه‌واڵیه‌ی به‌ "سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵی درۆ" وه‌سف ده‌كرد و له‌به‌رامبه‌ردا سی ئێن ئێن ده‌یوت: ئێمه‌ زانیاریی و هه‌واڵ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌ركمان ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌مریكا پێشكه‌شی‌ جیهان بكه‌ین. 

تره‌مپ له‌ لێدوانێكدا له‌ مانگی به‌هاری‌ ئه‌مساڵدا نهێنی ململانێی نێوان خۆی و میدیای ئاشكرا كرد و وتی: من نهێنی كێشه‌ی نێوان خۆم و میدیاتان پێ ده‌ڵێم، بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ میدیای درۆزن گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار له‌ گه‌نده‌ڵییدا و پێویسته‌ رێز له‌ یاسا و شه‌رعیه‌ت بگرێت. 

ركابه‌ری تره‌مپ و میدیا یان رقی تره‌مپ له‌ میدیا له‌كاتێكدایه‌، تۆڕی‌ هه‌واڵی بی بی سی به‌ریتانیی و چه‌ندین ده‌زگای‌ تری میدیایی ناسراو، دوای‌ سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ له‌ ساڵی‌ 2016دا بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، ته‌ئكیدیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ میدیا تره‌مپ دروست كرد و گه‌یاندیه‌ كورسی ده‌سه‌ڵات.



PM:05:12:09/07/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌