تارمایی عزه‌ت دووری.. له‌ عیراقه‌وه‌ تا ئه‌مریكا

تارمایی عزه‌ت دووری.. له‌ عیراقه‌وه‌ تا ئه‌مریكا
مه‌وداپرێس ـ 
عزه‌ت دووری، ناوی ته‌واوی‌ بریتیه‌ له‌ عزه‌ت ئیبراهیم دووری، ساڵی‌ 1942 له‌ شاری‌ دۆره‌ سه‌ر به‌ شاری تكریت ناوه‌ندی پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌ عیراق له‌دایكبووه‌، له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا چه‌ند پۆستێكی جیاوازی وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌ش جێگری سه‌دام حسێن سه‌رۆكی پێشووتری عیراق بووه‌ و كه‌سایه‌تی دووه‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بووه‌ كه‌ تا سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2003 له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو. 

دووری له‌ دوای‌ رووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه‌، ناوبه‌ناو ده‌بێته‌وه‌ جێگه‌ی باس و مشتومڕی ناوه‌نده‌ میدیایی و جه‌ماوه‌رییه‌كان، جارێك وه‌ك جوڵه‌ی سه‌ربازیی ده‌رده‌كه‌وێت و جارێكی تر ده‌نگۆی مردنی بڵاوده‌بێته‌وه‌، هه‌ر جاره‌ش دووری دوای‌ ماوه‌یه‌ك له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا وه‌ك ته‌حه‌داكردن و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ده‌نگۆكان، ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌. 

دووری ئێستا خۆی وه‌ك نوێنه‌ری پاشماوه‌ی به‌عسیه‌كان پیشانده‌دات و ناوبه‌ناو لێدوان له‌باره‌ی‌ بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان له‌ عیراقدا ده‌دات و ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای عیراق ده‌گرێت. 

له‌ ئێستادا، میدیا له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌نگۆی سه‌ردانی عزه‌ت دووری بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ باسی گه‌رمی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ و چالاكوانان و نوسه‌رانی عیراقی هێناوه‌ته‌وه‌ قسه‌كردن.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان، ئیداره‌ی‌ واشنتۆن عزه‌ت دووری بانگهێشتی ئه‌مریكا كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌عس له‌گه‌ڵ دووری تاووتوێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست شیعه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌م زانیارییه‌ نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسێكی دیاری عیراقیی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و زانیارییه‌كه‌شی‌ به‌ ده‌نگۆ وه‌سف كردووه‌. 

هادی جه‌لو مه‌رعا رۆژنامه‌نوسی ناسراوی عیراقیی له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسی: ده‌نگۆكان هیچ سودێكیان نییه‌، به‌ڵام لای‌ خه‌ڵك ره‌واج په‌یدا ده‌كات به‌هۆی خراپی دۆخی عیراق و نه‌بوونی روانگه‌یه‌كی روونه‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ نوسیویه‌تی: عزه‌ت دووری ده‌گاته‌ واشنتۆن بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ تره‌مپ، بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ شیعه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌. 
ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ و ئه‌كاونت له‌ فه‌یسبوكی عیراقیی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ ده‌ستی چه‌ند لایه‌نێكی تریشی‌ تێدابووه‌، واته‌ دووری به‌ هاوكاری چه‌ند لایه‌نێك زه‌مینه‌ی بۆ ره‌خسێنراوه‌ كه‌ بگاته‌ ئه‌مریكا، ئه‌گه‌رچی‌ به‌ روونی ئاماژه‌ به‌ شوێن و كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی نه‌كراوه‌. 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مانگی رابردوو، حه‌سه‌ن عه‌له‌وی سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی عیراقیی ئاشكرای كرد: عزه‌ت دووری له‌ عیراقه‌ و به‌ جلوبه‌رگی چڵكن و نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت و ناناسرێته‌وه‌، به‌جۆرێك ئه‌مریكیه‌كان ده‌ستگیریان كردووه‌ و نه‌یانناسیوه‌ و ئازادیان كردووه‌. 

له‌سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌مساڵیشدا، سه‌عد مه‌تڵه‌بی ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ئه‌منیی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ به‌غدا رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی ده‌وترێت له‌باره‌ی‌ مردنی دوورییه‌وه‌، راست نییه‌ و یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق ده‌ژی.

به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ سلێمانی، دووری هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر گۆره‌پانی سیاسی عیراق نییه‌ و به‌ "كارتی سوتاو" وه‌سفی كرد. 



PM:10:46:09/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌