ئه‌مریکا سزا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر به‌شێک له‌ سه‌رکرده‌کانی حزبوڵای لوبنانیدا

ئه‌مریکا سزا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر به‌شێک له‌ سه‌رکرده‌کانی حزبوڵای لوبنانیدا
مه‌وداپرێس-

وەزارەتی گه‌نجینه‌ی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر سێ کەسایەتی باڵای حزبوڵای لوبنانیدا کە دووانیان ئەندامی پەرلەمانی لوبنانن و یەکێکی دیکەیان بەرپرسی هەماهەنگییەکانی نێوان حیزبوڵا و دەزگا ئەمنییەکانی لوبنانە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێکی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریکا که‌ تێیدا هاتووه‌ ئه‌مریکا سزای سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ره‌عد و ئه‌مین شه‌ری که‌ په‌رله‌مانتاری لوبنان و وه‌فیق سه‌فا که‌ بەرپرسی یەکەی پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانی حزبوڵایە.  

ئەمە یەکەمین جارە ئۆفیسی چاودێریکردنی سەرمایەی بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەندامانی پەرلەمانی لوبناندا کە هەمیشە ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە واشنتن تۆمەتباریان دەکات بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، واشنتن حزبوڵای بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەمداوە و داواشی له‌ لوبنان کردووه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسانه‌ بپچرێنێت که‌ سزاکه‌ ده‌یان گرێته‌وه‌.

بەپێی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، هاوڵاتیانی ئەمەریکی بۆیان نیە مامەڵە لەگەڵ ئەم سێ کەسایەتییەدا بکەن و هەموو سەرمایەکانیان لە ئەمەریکا سڕ دەکەن، هەروەها تواناکانیان بۆ سوود وەرگرتن لە سیستمی پارەی ئەمەریکی سنووردار دەکرێت.


AM:09:35:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌