لوتکەی ترەمپ ـ تەمیم و ناوەرۆکی رێککەوتنەکەیان

لوتکەی ترەمپ ـ تەمیم و ناوەرۆکی رێککەوتنەکەیان

مەوداپرێس ـ

میدیای ناوچەکە و جیهان بایەخی بەرچاویان بە لوتکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان تەمیم بن حەمەد میری قەتەر و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوە، کە بە راگەیاندنی بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتاییان پێهێنا و تێیدا ناوەرۆکیان ئاشکرا کرد کە رێککەوتنی ئابوری و بازرگانی لەخۆگرتووە.

راگەیەندراوی هاوبەشى ئەمریکا و قەتەر تەئکیدی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە لوتکەی هاوبەشى تەمیم ـ ترەمپدا پێشکەوتنی بەرچاو روویداوە و بواری فراوانیان بۆ گەشەی ئابوری و بازرگانی لەنێوان هەردوولادا رەخساندووە، راگەیەندراوەکە بەرەوپێشچوونەکانی نێوانیانی بە هەنگاوێک بۆ ئاڵوگۆڕی دوولایەنە و سودی دوو لایەنە وەسف کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا لەو لوتکەیەدا ئاماژەی بەوەکرد کە تەمیم هاوڕێیەکی مەزن ودیاری ئەمریکایە لە ناوچەیەکی گرنگی جیهاندا کە مەبەستی خۆرهەڵاتى ناوەراست بوو.

دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە قەتەر گەورەترین وەبەرهێنەرە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا و راستەوخۆ سوپاسی میری قەتەری کرد بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ گەشەی سەربازیی ئەمریکیی لە قەتەر رەخساندوویەتی.

بەگوێرەی سەرچاوەکانى هەواڵ، قەتەر بنکەی سەربازی ئەمریکای بەجۆرێک فراوان کردووە کە دەرفەتی لەخۆگرتنی ١١ هەزار سەربازیی هەیە.

سەرۆکی ئەمریکا باسى ئەوەشیکرد کە قەتەر کەرەستەی گەورەی سەربازیی لە ئەمریکا دەکڕێت لەوانەش فڕۆکە، ئەمرۆ (دوێنێ) رێککەوتنێک لەو بوارەدا واژۆ دەکەین.

هاوکات میری قەتەر تەئکیدی لەوەکردەوە کە پەیوەندی نێوان قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرەپێدەدەن و وتی: ئەمشەو (شەوی رابردوو) ئاهەنگ بۆ پەیوەندی ئابوری بەهێزمان ساز دەکەین، چونکە پێکەوە لە دژایەتیکردنی تیرۆریشدا کار دەکەین و هاوکات هەوڵ بۆ هێنانەئارای ئاشتەوایی لە جیهاندا دەدەین.

ئاژانسى هەواڵی سپۆتنیکی رووسیی پێشوازیکردنی ئەمریکای لە میری قەتەر بە پێشوازیکردنێکی تایبەت و هەڵاوێردە (استثناء) وەسف کرد کە لەنێوان پنتاگۆن و وەزارەتی کۆگاکانی ئەمریکادا پێشوازی لێ کرا.

بەگوێرەى میدیای رووسیی، پێشوازی گەرم و تایبەتی ئەمریکا لە تەمیم لەنزیک پنتاگۆن، ئاماژەیە بۆ بوونی پەیوەندی پتەو لەبواری سەربازیی لەنێوان هەردوولادا.

هاوکات رۆژنامەی "شەرق"ی قەتەریی پێشوازیەکەی بەنایاب وەسف کرد.  




PM:01:07:10/07/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌