مەوداپرێس چارەنووسی 68 ملیار دیناری پێشمەرگە ئاشکرادەکات

مەوداپرێس چارەنووسی 68 ملیار دیناری پێشمەرگە ئاشکرادەکات
مەوداپرێس- رەنگین عارف

ئەگەرچی لە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2019 بڕی 68 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخان کراوە، بەڵام حەوت مانگی ئەمساڵ رۆیشتووە و مەوداپرێس لە راپۆرتێکدا بەدواداچوونی بۆ هۆکارەکانی نەناردنی ئەو بڕە پارەیە کردووە.

یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عیراق جگە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوکات بڕی 68 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عیراق جێگیر کرا، ئەگەرچی وەزارەتی بەرگریی عیراق بە فەرمانێک بڕی ئەو پارەیەی گواستووەتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی، بەڵام ماوەی حەوت مانگە هیچ بڕە پارەیەک بۆ پێشمەرگە نەهاتووە.

"چوار نووسراو کراوە"
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت تائێستا چوار نووسراویان کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق ئەو پارەیە خەرج ناکات.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەوداپرێس-ی راگەیاند "تائێستا چوار نووسراومان کردووە بۆ وەزارەتی دارایی عیراق و وەزارەتی بەرگری، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە و پارەکەش تائێستا نەنێردراوە".

یاوەر وتیشی "دەسەڵاتی خەرجکردنەکە لای وەزارەتی دارایی عیراق و وەزیری دارایی عیراقە، چونکە پێش ئەم وەزیری بەرگرییەی ئێستا کە عادل عەبدولمەهدی بە وەکالەت ئەو وەزارەتەی بەڕێوە دەبرد بە فەرمانێک ئەو پارەیەی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی دارایی گواستەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق خەرجی ناکات."

"بڕیار بوو سێ مانگ پێش ئێستا بنێردرێت"
فوئاد حسێن، کە وەزیری دارایی عیراقە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مانگی چواری ئەساڵدا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عیراق رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ناردنی ئەو 68 ملیار دینارەی پێشمەرگە و ئەوکاتەش رایگەیاندووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەکە بەسەریەکەوە دەنێرن، بەڵام سێ مانگ بەسەر ئەو لێدوانەدا تێپەڕیوە و هێشتا ئەو پارەیە نەهاتووەتە هەرێم.

"ئێمە هەموو ئەو رێکار و رێنمایی و پێویستییانەی وەزارەتی دارایی و بەرگریی عیراق پێویستیان پێ بووە بۆمان ناردوون و هیچ کێشەیەک نەماوە، بەڵام لە دوای ئەوەوە هیچ شتێکی تر بە ئێمە نەوتراوە سەبارەت بە نەناردنی ئەو پارەیە." جەبار یاوەر وای وت.

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست مەوداپرێس کە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمەوە وەریگرتووە، جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی داراییش دوو نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق کردووە بۆ روونکردنەوەی هۆکارەکانی خەرجنەکردنی ئەو 68 ملیار دینارەی پێشمەرگە، بەڵام ئەوانیش وەڵام نەدراونەتەوە.

"وەزیری دارایی عیراق خەتابارە"
پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت لە نەناردنی ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگە تەنها وەزیری دارایی عیراق کە کوردە خەتابارە.

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق، بە مەوداپرێس-ی راگەیاند، لە بەدواداچوونەکانماندا بۆمان دەرکەوتووە هۆکاری نەناردنی ئەو پارەیە تەنها وەزیری دارایی عیراقە، چونکە هەموو رێکاری پێویست کراوە و فەرمانی خەرجکردنیش لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی بەرگرییەوە هەیە.

وتیشی "وەزیری دارایی عیراق ئاگاداری کاروبارەکان و ئەرکەکانی خۆی نییە، چونکە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ئێستا تەنها لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی عیراق وەستاوە و خەرجی ناکات."

لە یاسای بودجەی ساڵی 2019دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک بەشێک لە هێزی بەرگریی عیراق ناوی هاتووە و ئەو پارەیەش لە بودجەی وەزارەتی داراییەوە بۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە مەوداپرێس-ی راگەیاند "ئەو کێشەیە لەنێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییدایە و بە دیاریکراوی روون نەبووەتەوە بۆمان بۆچی ئەو پارەیە تا ئێستا نەنێردراوە".

وتیشی: "ئەرکی ئێمە جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە بووە لە یاساکەدا، ئێستا ئەرکی خەرجکردن و ناردنی پارەکە چووەتە لای وەزارەتی دارایی و دەبێت لەوێوە خەرج بکرێت."



PM:03:12:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 5464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌