ئەنقەرەو بەغدا لەسەر وەدەرنانی پەكەكە لەخاكی عیراق رێككدەون

ئەنقەرەو بەغدا لەسەر وەدەرنانی پەكەكە لەخاكی عیراق رێككدەون
مەوداپرێس-


چاویش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتیكردەوە، ئەنقەرە و بەغدا لەسەر گرنگی وەدەرنانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە ‌ناو خاكی عێراق رێكدەكەون.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی عێراقی بە سەرۆكایەتی محەمەد عەلی ئەلحەكیم، سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چاویش ئۆغلۆ ئاشكرایكرد، "هەریەك لە توركیا و بەغدا لەسەر ئەوە كۆكن، كە نەك بە تەنیا شنگال، بەڵكو پێویستە تەواوی خاكی عێراق لە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" پاك بكرێتەوە".

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد "بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەكی هاوبەشمان داوە, بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و لەسەر هاوكاری و هەماهەنگی سەربازیشمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبین".

سەبارەت بە بوونی هێزەكانی توركیاش لە بنكەی سەربازی بەعشیقە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، كە پێشتر بەغدا داوای لە توركیا كردبوو، هێزەكانی لەو بنكە سەربازییە بكشێنێتەوە، چاویش ئۆغلۆ وتی "تاوتوێكردنی پرسی بنكەی سەربازی بەعشیقە لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە ئەمنیە دەبێت، كە لەگەڵ عێراق واژوومان كردووە".

 
 

 



PM:08:54:10/07/2019