ژنان و قه‌یرانی‌ "تێپه‌ڕینی چاره‌كی ته‌مه‌ن"

ژنان و قه‌یرانی‌
مه‌وداپرێس ـ 
خه‌ڵك زیاتر له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی نیوه‌ی ته‌مه‌ندا كێشه‌یان هه‌یه‌ و لێی ده‌ترسن، كه‌چی‌ له‌راستیدا تێپه‌ڕینی چاره‌كی ته‌مه‌ن مه‌ترسیداره‌، گه‌نجان له‌ دوای‌ ته‌واوكردنی قۆناغی خوێندنه‌وه‌، روبه‌ڕوی كێشه‌ی چاره‌كی ته‌مه‌ن ده‌بنه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و ژیانی پیشه‌یی ده‌نێن و له‌گه‌ڵ كاروباری دارایی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌ویه‌خه‌ ده‌بن. 

چه‌مكی "چاره‌كی ته‌مه‌ن" به‌ سه‌ره‌تای بیسته‌كان تا ناوه‌ڕاستی سیه‌كانی ته‌مه‌ن ده‌وترێت، دوای‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریی، كه‌ گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌ ژیانی مرۆڤدا رووده‌دات.

ئه‌لیكس فۆكی پسپۆڕی بواری ده‌روونناسی كلینیكی له‌ وتارێكدا كه‌ له‌سایتی "ئیندیپێندێنت"ی به‌ریتانییدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: قۆناغی تێپه‌ڕینی چاره‌كی ته‌مه‌ن واته‌ ده‌ستپێكردنی خه‌م و گومان و نائومێدی كه‌ ژیان و ژیانی پیشه‌یی و داراییت ده‌وره‌ ده‌ده‌ن.

له‌ ئێستادا و له‌ناو نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا قه‌یرانی‌ تێپه‌ڕینی چاره‌كی ته‌مه‌ن زیاتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی‌ دارایی بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ باوك و باپیرانیان به‌خۆیانه‌وه‌ نه‌یانبینیوه‌.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ده‌رونییه‌ ده‌شڵێت: گه‌نجان له‌ بیسته‌كانی ته‌مه‌ندا رووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر ده‌بنه‌وه‌ بۆ په‌یداكردنی شوێنی نیشته‌جێبوون، هه‌روه‌ها توشی‌ گۆڕینی پیشه‌ و هه‌وڵدان بۆ هێشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان ده‌بن، هاوكات تووشی‌ پێناسه‌ی شێواو بۆ ژیان ده‌بن له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌. 

ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌: گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ك كه‌ ته‌مه‌نی نێوان 18 بۆ 35 ساڵ رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شكست ده‌هێنن له‌وه‌دا پێیانوابووه‌ به‌ده‌ستیده‌هێنن و هه‌روه‌ها ناتوانن بشگه‌نه‌ یه‌قینێك.

بۆچی‌ ژنان زیاتر رووبه‌ڕووی ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌بنه‌وه‌، واته‌ قه‌یرانی‌ چاره‌كی ته‌مه‌ن؟

د. ئه‌حمه‌د ئیسماعیل پزیشكی ده‌روونی بۆ جه‌زیره‌ نێت ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ ژنان زیاتر رووبه‌ڕووی قه‌یرانی‌ چاره‌كی ته‌مه‌ن ده‌بنه‌ تا پیاوان:

یه‌كه‌م: فشاری كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی ئازادیه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ پیاوان.

دووه‌م: كۆتكردنی له‌لایه‌ن خێزانه‌وه‌ ته‌نیا بۆ هاوسه‌رگیری و منداڵبوون. 

سێیه‌م: دابه‌شبوونی له‌نێوان خه‌ونه‌كانی و دایكایه‌تیدا.

چواره‌م: به‌ دواكه‌وتنی ته‌مه‌نی بۆ هاوسه‌رگیریی، هه‌ست به‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ ده‌كات.

پێنجه‌م: دواكه‌وتنی ته‌مه‌ن ترسی منداڵنه‌بوونی لادروست ده‌كات به‌هۆی سروشتی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئه‌وه‌ش رارای ده‌كات.

ئه‌و پزیشكه‌ ده‌روونییه‌ چه‌ند رێنماییه‌ك بۆ خانمان ده‌خاته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی دروست بكه‌ن و خۆیان له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رباز بكه‌ن:

یه‌كه‌م: وه‌ك قۆناغێكی تێپه‌ڕ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

دووه‌م: خۆیان به‌راورد نه‌كه‌ن به‌وانی تر، چونكه‌ هه‌ركه‌سه‌ و دۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه‌.

سێیه‌م: ئامانجی خۆی به‌ وردیی و روونی دیاری بكات و هه‌وڵی بۆ بدات. 

چواره‌م: له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌كدا وا مامه‌ڵه‌ بكات كه‌ مایه‌ی فێربوون و ئه‌نجامدانی گۆرانكارییه‌.

پێنجه‌م: پێكهێنانی هاوڕێیه‌تی و گوزارشتكردن له‌ هه‌سته‌كان به‌ هێوری.

شه‌شه‌م: داوای هاوكاری له‌ پسپۆڕی ده‌روونیی بكات.

سه‌رچاوه‌: جه‌زیره‌ نێت
 وه‌رگێڕراوه‌ به‌ده‌ستكارییه‌وه‌


PM:11:17:10/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌