كۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێكی بڵاوكردەوە

كۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێكی بڵاوكردەوە
مەوداپرێس-


كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگەیاند كە ئومێدەوارە كابینەی‌ نوێی‌ حكومەتی‌ هەرێم، ببێتە حكومەتێكی بەهێزو خزمەتگوزار و لە سایەیدا كار بۆ چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە خەرجی و داهاتدا و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات.

كۆسرەت رەسوڵ‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ‎كەمێك لەمەوبەر پەیامێكی‌ ئاڕاستەی‌ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردو ڕایگەیاند" بە سڵاوێكی گەرمەوە، بە بۆنەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاڕاستەی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەرو هەوادارانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تایبەت دەكەم و سوپاسی ماندووبوون و خۆڕاگریتان دەكەم، دەزانم كە چاوەڕوانیتان بۆ پێكهێنانی ئەم كابینە وەزاریەی ئێستا كاتی زیاتر لە پێویستی خۆی خایاندو كاریگەری نەرێنی خۆی لەسەر ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان و سست بوونی بازار و خزمەتگوزاریەكان بەجێ هێشتبوو".

كۆسرەت رەسوڵ‌  ئاماژەی بەوەشكردووە "  دواجار بە خواست و ئیرادەی هەموو لایەك تێكڕای ئاستەنگەكانمان بڕی كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمیش بە ستافێكی نوێوە پێكهێنرا، ئومێدمان وایە ببێتە حكومەتێكی بەهێزو خزمەتگوزار و لە سایەیدا كار بۆ چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە خەرجی و داهاتدا و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات".

كۆسرەت ڕەسوڵ باسی لەوەشكردووە "سەرباری پیرۆزبایشمان لەسەرۆك و جێگرو تەواوی ئەنجوومەنی نوێی وەزیران، روویی قسەمان لە بەڕێزیانە و داوایان لێدەكەین كە هەرچی لە توانایاندایە لە ووزە و توانای ماددی مرۆیی، ژیرانە بیخەنە خزمەت دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی نیشتمانی مسۆگەر بكەن و ڕێگا خۆشكەر بن بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری پتەو لە هەرێمی كوردستان ،كە ڕەنگدانەوەی لەسەر دامەزراندنی پایەكانی ئابووریەكی بەهێز هەبێت بۆ دابینكردنی كۆمەڵگایەكی ئاسوودەو خۆشگوزەران و هەم لەناوەوەی هەرێمی كوردستان و هەم لەو ناوچانەی كە كوردستانین و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەت هەرێمدان".

 



PM:09:22:11/07/2019