مەسرور بارزانی پەیامێكی هاوخەمی ئاراستەی رۆژئاوای كوردستان دەكات

مەسرور بارزانی پەیامێكی هاوخەمی ئاراستەی رۆژئاوای كوردستان دەكات
مەوداپرێس-


بەهۆی تەقینەوەكانی ئەمڕۆی رۆژئاوای كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان،  پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، تیرۆ و تیرۆرستان، یەك ئامانجیان هەیە و دژ بە مرۆڤایەتی و هەموو ئایین و ئاینزا و ژیان و شارستانییەتن.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەو پەیامەدا، بە توندی ئیدانەی تەقینەوە تیرۆرستییەكانی ئەمڕۆی شاركانی عەفرین، قامیشلۆ و حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان دەكات، هاوخەمی خۆیشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان دەكات و هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەممووزی 2019، دوو تەقینەوە لە شارەكانی عەفرین و قامیشلۆ روویاندا و بەهۆیەوە زیاتر لە 15 كەس گیانییان لەدەستدا و زیاتر لە 65 كەسیش برینداربوون.

دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

"پەیامێكی هاوخەمی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بە توندی ئیدانەی ئەو تەقینەوە تیرۆرستیانەی ئەمڕۆی شارەكانی عەفرین و قامشلۆ و حەسەكە دەكەم، كە ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.

سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكان دەكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم.

ئەو كردەوە تیرۆیستیانە ئەوە دووپاتدەكەنەوە، كە تیرۆ و تیرۆرستان یەك ئامانجیان هەیە و دژ بە مرۆڤایەتی و هەموو ئایین و ئاینزا و ژیان و شارستانییەتن.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان



PM:09:40:11/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌