هەڵمەتێكی ئیمزا كۆكردنەوە بۆجێبەجێكردنی ماددەی 140 كۆدەكرێـتەوە

هەڵمەتێكی ئیمزا كۆكردنەوە بۆجێبەجێكردنی ماددەی 140 كۆدەكرێـتەوە
مەوداپرێس-


بڕیارە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە لە خانەقین هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ و دروستكردنی گوشار لەسەر حكوومەتی بەغدا لەمبارەیەوە دەستپێبكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەدئەمین حسێن قایمقامی خانەقین لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی پارێزگاری دیالەی كردووە، هاوپێچ دەقی نووسراوێكی ئەنجوومەنی قەزای خانەقینی بۆ ناردووە لەبارەی كۆكردنەوەی ئیمزا لەپێناو دروستكردنی گوشار لەسەر حكوومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق.

لە نووسراوەكەی ئەنجوومەنەكەدا كە ئیمزای سەمیر محەمەد نور سەرۆكی ئەنجوومەنەكەی لەسەرە، هاتووە كە بە شێوەی خۆبەخشانە هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ ئەنجام دەدەن.


بڕیاریشە لە ڕۆژی شەممەوە هەڵمەتەكە دەستپێبكات بۆ كۆكردنەوەی ئیمزای هاووڵاتیان.


هەر لەمبارەوە مزاحم حویت گوتەبێژ بە ناوی عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە كە لیژنەیەك لە خەڵكی خانەقین پێكهاتووە، كە كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی تریشی لەخۆ گرتووە، دەست بە كۆكردنەوەی ئیمزا دەكەن بۆ دروستكردنی گوشار لەپێناو ناچاركردنی حكوومەتی فیدراڵی بە جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق.



PM:10:48:11/07/2019