مەوداپرێس-
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی هاوخەمیی لەبارەی تەقینەوەكانی شارەكانی قامیشلۆ و عەفرین بڵاوكردەوەو دەڵێت ئەنجامدانی ئەوتەقینەوانە سەلمێنەری ئەوەیە كەدەبێت هەموومان یەكڕیزبین.
بەگوێرەی پەیامەكەی پەرلەمانی كوردستان: " وێڕای هاوخەمی و هاوبەشی لە خەمی قوربانیان بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكەین".
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكە هاتووە: " ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە سەلمێنەری ئەوەیە كە پێویستە هەمووان بە یەكڕیزی و یەكدەستی بۆ بەرگری لە خاك و بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان دەست بخەینە ناو دەست".
دەقی پەیامەكەی پەرلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی هاوخەمیی لەبارەی تەقینەوەكانی قامیشلۆ و عەفرین بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
پەیامی هاوخەمیی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە هەواڵی تەقینەوەكەی قامیشلۆ و عەفرین-مان بیست كە بووە هۆی شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەك لە خەڵكی مەدەنیی ئەو دوو شارە خۆشەویستە، وێڕای هاوخەمی و هاوبەشی لە خەمی قوربانیان بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكەین.
ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە سەلمێنەری ئەوەیە كە پێویستە هەمووان بە یەكڕیزی و یەكدەستی بۆ بەرگری لە خاك و بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان دەست بخەینە ناو دەست.
داوا لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەین لە هەبوونی هەر پێویستییەك بۆ هاوكاریكردنی قوربانیان و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان درێخی نەكەن.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
12/7/2019