پەرلەمانی کوردستان سەرئێشەی ئۆپۆزسیۆنی کەمترە

پەرلەمانی کوردستان سەرئێشەی ئۆپۆزسیۆنی کەمترە
مەوداپرێس-

ئۆپۆزسیۆنی خولی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بە هۆی پەرتەوازەییانەوە کەمتر چالاکی و کاریگەرییان دەردەکەوێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دان بەوەدا دەنێن نەیانتوانیوە بگەنە هاوپەیمانییەک، هاوکات هیچ پڕۆژەیەکی جددیشیان بۆ ئاییندەی کاری پێکەوەییان نییە.

لە خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستاندا هەر یەکە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەڵام جگە لە ڕاوێژ هیچ هاوپەیمانێتییەک و هەماهەنگییەک لە نێوانیاندا نییە.

پڕۆژە هەبووە پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت "پڕۆژە و داواکاری هەبووە بۆ هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لایەنەکان بە هۆی تێروانینی جیاوازیانەوە قبووڵیان نەکردووە".

کاوە عەبدولقادر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا پرێسـی راگەیاند "تەواوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هاوکاری ڕاوێژمان هەیە، بەڵام پەیوەندییەکە لەوە زیاتر تێپەڕ ناکات".

وتیشی "ئێمە وەک نەوەی نوێ پێشنیار و پڕۆژەی هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزسیۆنمان داوەتە کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەبوو و ئێستاش هیچ هەوڵێکی هاوشێوە نییە."

نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی هەشت کورسییە و گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی ئەم خولەی پەرلەمانە.
"نەبوونی هاوپەیمانێتی بێگومان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لاواز دەکات و کاریگەریشیان کەم دەکاتەوە" کاوە عەبدولقادر وای وت.

هەر یەکە و روئیایەکی هەیە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەریەکە و ڕوئیایەکی جیاوازی سیاسیی و کارکردنیان هەیە، ئەوەش رێگری کردووە لە درووستبوونی هاوپەیمانێتییەک لە نێوانیاندا.

هه‌روه‌ها، رووپاک ئەحمەد رەحمان، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "هیچ پڕۆژەیەک لە ئێستادا لە یارادا نییە بۆ کارکردن، بەڵام لە دوای پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانان ڕەنگە جوڵەیەکیان هەبێت بە ئاڕاستەی زیاتر لێکنزیکبوونەوە".


رووپاک محه‌مه‌د وتیشی "ئەوەی ئێستا هەیە تەنها ڕاوێژە و بێگومان نەک لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تریش ئەوە هەر هەیە، هۆکاری نەبوونی هاوپەیمانییەک لە نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشدا بۆ جیاوازیی روئیای کار و سیاسەت دەگەڕێتەوە."

لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا، بەتایبەت لە خولی سێدا ئۆپۆزسیۆنێکی بە‌هێز هەبوو، هەر یەکە لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بوون و هاوپەیمانی یەکیش بوون، بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر کۆی ئەو پرسانە هەبوو کە دەچوونە پەرلەمان، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن پەرتەوازەیە.

بە یەکەوە کار دەکەن ئەگەرچی هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزسیۆن رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەو بۆچوونەش هەیە کە ئاواش دەتوانن بە یەکەوە کار بکەن و کاریگەرییان هەبێت و ئاگایان لە یەکتری بێت.

هه‌رلوباره‌یه‌وه‌، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "لەگەڵ نەوەی نوێ و حزبی شیوعی و کۆمەڵی ئیسلامیشدا بە تەواوی ئاگامان لە یەکە و راوێژ و گفتوگۆ هەیە لە نێوانماندا".

وتیشی: "ئێمە هەر بە یەکەوە کار دەکەین و حاڵەتێکی تەندرووست لە نێوانماندا هەیە."

ئۆپۆزسیۆنی خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ٢١ کورسین، نەوەی نوێ ٨ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ٥ کورسی و حزبی شیوعیش ١ کورسی.

ناتوانن چالاک بن چاودێرانی سیاسی ڕایدەگەیەنن ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو بەو گەورەیی و هێزەی خۆیەوە شتێکی وەهای بۆ نەکرا، ئێستاش ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە پەرتەوازانە ناتوانن چالاک بن.

مه‌سعود عه‌بدولخالق، چاودێری سیاسی سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بۆ مه‌وداپرێس دواو وتی "ئۆپۆزسیۆنی پێشوو گەورەتر و بەهێزتر بوو بەڵام کارێکی وەهاشی پێ نەکرا، ئێستاش ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا ناتوانن چالاک بن."

لە رووی بیروباوەڕ و فیکرەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم جارە گۆڕانکارییان تێدایە، بۆ نموونە حزبی شیوعی و هێزە ئیسلامییەکان روئیایان لەسەر زۆر شت جیاوازە و ڕەنگە بە ئاسانی نەگەنە لێکتێگەیشتن، هێزێکی وەک نەوەی نوێش تازەیە و ئەزموونێکی ئەوتۆی کاری پەرلەمانی و ئۆپۆزسیۆنی نییە.

مه‌سعود عه‌بدولخالق وتیشی "ئەو لایەنانەی ئۆپۆزسیۆن پەرتەوازە و بێ ڕوئیان، ناتوانن ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک بن و کاری گرنگ بکەن."


PM:02:14:15/07/2019