یەکێتی خۆی بۆ بەستنی کۆنگرە ئامادە دەکات

یەکێتی خۆی بۆ بەستنی کۆنگرە ئامادە دەکات
مەوداپرێس-

پرسی بەستنی کۆنگرە لەناو کادر و جەماوەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا بووە بە پرسێکی جددی و بەرپرسانی یەکێتیش دەڵێن لەناو سەرکردایەتیشدا ئەو پرسە جددیە، بۆیە لە خۆئامادەکردندان و دەشڵێن دەبێت کۆنگرە دوور بێت لە پەراوێزخستن و خستنی ئەم و ئەو.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسانی یەکێتی بەردەوام شەڕی داعش و هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی عیراق و هەرێمیان کردووە بە هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆنگرەکەیان کە دەبوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤دا ئەنجام بدرایە، بەڵام ئێستا ئەو هۆکارانە نەماون و جەماوەر و کادری یەکێتیش فشارێکی تەواویان درووست کردووە و داوای بەستنی کۆنگرەیەکی دوور لە دەستتێوەردان دەکەن بۆ حزبەکەیان.

رەهبەر سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە مەودا پرێسی راگەیاند: هەموو کەسێک لەناو سەرکردایەتی و لە ئاستی خوارەوەی یەکێتیدا چاوەڕوانی کۆنگرەیە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت ئینشیقاق لەو حزبەدا درووست بکات، بەڵام دەبێت کاتەکە دیاری بکرێت و کۆنگرە ببەسترێت.

وتیشی "دەبێت کۆنگرەی یەکێتی کۆنگرەیەکی پاک بێت و دوور بێت لە پەراوێزخستن و کەوتنی ئەم و لادانی ئەوی تر، دەبێت هەمووان وەک یەک دەرفەتیان هەبێت و کۆنگرەیەکی بێکێشە بێت".

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە 1/6/1975 لە دیمەشق دامەزراوە، تا ئێستا تەنیا سێ كۆنگرەی بەستووە. 

سەبارەت بەوەی کە یەکێتی دەتوانێت تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەکەی ببەستێت، ئەو سەرکردایەتییەی یەکێتی وتی "دەبێت هەوڵ بدرێت ببەسترێت چونکە فشارێکی تەواو هەیە و بۆ یەکێتی باش نابێت ئەگەر کۆنگرەکەی لەوە زیاتر دوا بخات."

راشیگەیاند "هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون، ڕاپۆرتی هەموو لیژنەکان ئامادەن، زۆر پێشنیار کراون بەڵام دەبێت کۆنگرە یەکلاییان بکاتەوە، داوای دامەزراندنی ئەنجوومەنێک کراوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردایەتی، هەندێک داوای دانانەوەی سکرتێر دەکەن، هەندێک د".

رۆژی 10/10/2013 لە قەڵاچوالان یەكێتی پلینیۆمێكی بەست كە ماوەی كەمتر لە كاژێرێكی خایاند. لەوێ جگە لەوەی تەمەنی سەركردایەتی درێژ كرایەوە، بڕیار درا ڕۆژی 31/1/2014 كۆنگرەی چوارەم ببەسترێ. بەڵام ئێستا پتر لە پێنج ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو بەڵێنەی پلینیۆمدا و تا ئێستا کۆنگرە نەبەستراوە.

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بە مەودا پرێسی راگەیاند: فشارێکی زۆری کادر و جەماوەر لەسەر یەکێتی هەیە بۆ بەستنی کۆنگرە.

وتیشی "پرسی سەرکیی ئێستای ناو یەکێتی بەستنی کۆنگرە و دیاریکردنی کاتەکەیەتی".

لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا، لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دەزگای زانیاری/ زانیاریی هەرێم کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی دابوو ڕایگەیاندبوو لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا کۆنگرەی یەکێتی ئەنجام دەدرێت و کۆنگرەش بۆ تەسفیە حسابات نابێت.

رۆژی 24/1/2018 سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاری دا ڕۆژی پێنجی ئاداری 2018  كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسترێ، بەڵام بەشێك لە سەركردایەتی ڕەتیان كردەوە لەسەر ڕۆژی بەستنی كۆنگرە ڕێككەوتبن.

لەسەر هەمان پرس، ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: دەبێت هەرچی زووە سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری بەستنی کۆنگرە لە زووترین کاتدا بدات.

دەشڵێت: "ئەگەر ئەمجارە یەکێتی کۆنگرە نەبەستێت ئەوا خودی یەکێتی باجێکی گەورە دەدات، بە پێی ئەو پڕۆژەیەی دیاریش کراوە ئەم جارە یەکێتی دەکرێتە یەکێتییەکی دامەزراوەیی، دەسەڵاتەکان لە شۆڕشگێڕییەوە دەکرێن بە یاسایی و دەسەڵاتی ئۆرگانەکان بن نەک کەسەکان".

سەبارەت بە پرسی سکرتێر و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی یەکێتی، ئەو سەرکردایەتییەی یەکێتی وتوشیەتی "پێشووتر كە دەمانوت سكرتێر هەر بۆ مام جەلال بوو، بەڵام ئەمجارەیان ڕەنگە سەرۆك، ڕەنگە دەستەیەك بۆ بەڕێوەبردن هه‌بێت، پێشووتر مام جەلال بوو هەموو دەسەڵاتێكی هەبوو بۆیە ناوی سكرتێرمان دانابوو، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە سەرۆك یان دەستە بێت، بەڵام دەبێت كەسی یەكەمی حزب هەر هەبێت."


PM:10:02:17/07/2019