هێزێکی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

هێزێکی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌
مه‌وداپرێس-سازگار ئه‌حمه‌د

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند له‌ ئێستا کارده‌که‌ین بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنکه‌ی مه‌شقی پیاده‌ی سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هێزی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ یه‌ک بگرن و بچنه‌ ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌.‌

شاخه‌وان ره‌ئوف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنکه‌ی مه‌شقی پیاده‌ی سلێمانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ باسی ئه‌و بابه‌ته‌مان کردووه‌ کۆمه‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێمه‌وه‌ کردووه‌، ئێمه‌ش بیرمان له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ چ میکانزمێک بدۆزینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ قسه‌ بکه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌".

شاخه‌وان ره‌ئوف وتیشی "ئێمه‌ وه‌ک لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌کان کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ین چۆن هێزی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ یه‌ک بگرن و بچنه‌ ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ هێزێکی پشتیوانی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی  لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ناوخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد "ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌و هێزانه‌ی که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن وه‌ک ئێستا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت هه‌موو هێزه‌کان کۆبکرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مریکییه‌کان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌م هێزانه‌ یه‌ک بگرن".

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست مه‌وداپرێس که‌تووه‌ بنکه‌ی مه‌شقی پیاده‌ی سلێمانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ که‌ پێکهاتوون له‌ هێزه‌کانی 70 و 80 له‌ ئێستادا به‌بێ هۆکار هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌،هه‌ربه‌پێی زانیارییه‌کان هێزه‌کانی 80 نێردراون بۆ باپشتیان له‌سنوری قه‌زای سۆران، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا چاره‌نوسی هێزه‌کانی 70 نادیاره‌  که‌ ده‌نێردرێنه‌ کوێ. 



AM:10:23:19/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 26208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌