لە هەورازەکانی سەری رەشەوە بۆ هەورازەکانی حکومەت


لە هەورازەکانی سەری رەشەوە بۆ هەورازەکانی حکومەت
مەوداپرێس- رەنگین عارف

یەکێک لەو "بارزانی"يانەى کەمترین دەرکەوتنى لە کایەى میدیایى و نێو خەڵک و چالاکییە رۆژانەییەکانى نێو شاردا هەبوو، مەسرور مستەفا بارزانى، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستانە.  ئەو کوڕى گەورەى سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان مەسعود بارزانییە کە هاوکات بە شوێنگرەوەى باوکیشی بۆ سەرۆکایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە داهاتوودا ئاماژەى بۆ دەکرێت.

مەسرور بارزانى لە 2ى ئادارى ساڵى 1969 لەدایکبووە، بەپێى راگەیاندنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە تەمەنى 16 ساڵیدا بووەتە پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلول کە ئەوکات مستەفا بارزانى باپیرى سەرۆکایەتى دەکرد. بەو هۆیەیشەوە ژیانى کۆمەڵێک تایبەتمەندیی وەردەگرێت و مەیلی خەباتى پێشمەرگایەتى و بەشداریی شۆڕش دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکانی.

لە سەرى رەشەوە بۆ واشنتۆن
مەسرور بارزانی دواى پەڕینى ساڵى 1991ى خەڵکى کوردستان بە سێ ساڵ، روودەکاتە واشنتۆنی پایتەختى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بۆ خوێندن لە بواری سیاسەتدا، بەدواى ئەوەشدا خوێندنى بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر بەردەوام دەبێت و دوو ساڵ دواى 31ى ئابی 1996 دەگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان و لە کۆنگرەى حزبەکەیدا دەبێتە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندی و دواتریش مەکتەبی سیاسى.


خەونى شوێنگرتنەوە: پاراستن وەکو یەکەم وێستگەى کارکردنى
وێستگەى یەکەمى کارکردنى مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان کارکردنێتى لە دەزگاى پاراستنى پارتى دیموکراتى کوردستان. بەپێى قسەى  زۆرینەى ئەوانەى شارەزاى مێژووی سیاسى پارتی-ن،  هەنگاوى یەکەم بۆ بوون بە سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کارکردن و وەرگرتنى بەرپرسیارێتى یەکەمە لەو دەزگایەدا، رەنگە هۆکارى سەرەکى وەرگرتنى ئەو پۆستەیش لەلایەن مەسرور بارزانییەوە ئامادەکارى بێت بۆ شوێنگرتنەوەى مەسعود بارزانى کە هێشتا لەوپەڕى چالاکییە سیاسییەکانیدایە.

سیماکانى دەزگاى پاراستنى پارتى هەر زوو لەسەر کەسێتى مەسرور بارزانى دەرکەوتن، بەوەى کەسێک کەم دوو، وشک، خۆدوورگر لە چالاکییە جەماوەری و بەربڵاوەکان، زۆرترین دەرکەوتنەکانیشی لە بۆنە حزبییە گەورەکان و لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا بوو، لەکاتى خوێندنەوەى کارنامەى کابینەکەیشیدا بەهەمان سەر و سیماوە دەرکەوت و زیاتر لە یەک جار هەڕەشەى کرد و کۆتایی قسەکانیشی بە "چاکسازیی لە حکومەتەکەدا دەکەم" بوو.


نزیک بوونەوە لە خەونە گەورەکە
رۆژى 11ى حوزەیرانى 2019 پەرلەمانى کوردستان مەسرور بارزانى ناوزەدکرد بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، چەند رۆژ دواتریش، نێچیرڤان بارزانى رایسپارد بۆ پێکهێنانى کابینەکەى لەماوەى یەک مانگدا، بەم کارەیش بارزانى یەکەم هەنگاوی کرداریی بۆ بەدیهێنانى خەونە گەورەى نا.

گفتوگۆی کەم.. هەموو شتێک لەکاتى خۆیدا
مەسرور بارزانى، راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یەکەم وێستگەى گفتوگۆکانى سەردانى سلێمانی کرد و لەگەڵ هەریەک لە مەکتەبی سیاسى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوە ى گۆڕان کۆبووەوە. بەپێى راگەیاندنەکانى نزیکی، مەسرور بارزانى رایگەیاندبوو کە لەکاتى خۆیدا کابینەکەى پێکدەهێنێت و چاوەڕوانى هیچ لایەنێک ناکات.

لەوکاتەدا چاوەکان لەسەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوون کە تواناى ئەوەى نییە لەماوەى مانگێکدا ناوى کاندیدەکانى رادەستى مەسرور بارزانى بکات، پێچەوانەى ئەم بۆچوونە، مەکتەبی سیاسى یەکێتى لە یەک کۆبوونەوەى چەند کاتژمێریدا ناوی کاندیدەکانى پەسەندکرد و بەوەیش هیچ جۆرە گرژییەکی لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستاندا بۆ دروست نەبوو.

خانەوادەى بارزانى- تاڵەبانی
دوو دەوڵەتمەدار کە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا زۆرترین کاریان پێکەوە دەبێت مەسرور بارزانى، سەرۆک و قوباد تاڵەبانی، جێگرێتى. ئەو دوو ناوە کە نوێنەرایەتى یەکێتى و پارتى دەکەن لە رابردوودا خاوەن زۆرترین کێشەى سیاسى بوونە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانى سەدەى رابردوو، لەگەڵ ئەوەیشدا لەسەردەمى جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتى و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتی دا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بووە و بەو هۆیەیشەوە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆک وەزیرانى پێشووی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری زۆرباش و ئاسایی بوون.


پەیوەندی مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت، بەپێچەوانەیشەوە کاریگەریی نەرێنى نێوانیان کێشە بۆ یەک گوتاری و یەک ئیدارەیى لە هەرێمى کوردستان دروستدەکات.

هاوکات تایبەت بەپرسی پەیوەندی مەسرور بارزانى  لەگەڵ خانەوادەى تاڵەبانی بەگرنگ وەسف دەکرێت، بەتایبەت کە پێشتر پەیوەندییەکانى لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى، سەرۆکى دەزگاى زانیارى یەکێتى تاڕادەیەک زۆر خراپبوون و چەندین جار لەڕێگاى مێدیاوە هێرشیان کردە سەر یەکتری. لەگەڵ ئەوەشدا دواى سەردانى بارزانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ وەفدی دانووستانکارى یەکێتى لە سلێمانى، لاهور شێخ جەنگی لە جریوەیەکدا لەلاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی تویتەر ، کۆبوونەوەکەى  لەگەڵ مەسرورو بارزانى بە ئەرێنى وەسفکردبوو و لەو بەروارەیشەوە هیچ لێدوانێکى تریان لە دژى یەکتر نەداوە.


لەسەرووی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، ناوی بافڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەى جەلال تاڵەبانی دێت کە بۆ رێکخستنەوەى ریزەکانى یەکێتى و پەیوەندییەکانى لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان قسەى یەکلاکەرەوەى هەیە و بەو هۆیەیشەوە مەسرور بارزانى پێویستى بە پەیوەندییەکانى باش دەبێت لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی.

بارزانى چاکسازیی پێدەکرێت؟
گرنگترین مەلەفى رێککەوتن لەسەر کراو لەنێوان حزبەکانى بەشداربوو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان پرسی ئەنجامدانى چاکسازییە، لە کارنامەى کابینەکەیدا مەسرور بارزانى لە بڕگەیەکى هەڕەشە ئامێزدا وتى چاکسازیی بنەڕەتى ئەنجام دەدات و نابێت هیچ وەزیر و کاربەدەستێکى حکومیش بازرگانی بکات.

چاودێرانى سیاسى و رۆژنامەوان "ئەوانەى قسە لەسەر حکومەتەکەى مەسرور بارزانى دەکەن"، بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، هەیانە بەهێزیی کەسێتى مەسرور بارزانى بەهۆکارێکى گرنگ بۆ ئەنجامدانى چاکسازیی ناودەبات و گەشبینە بەئەنجامدانى، گروپی دووەمیش پێیوایە مەسرور بارزانى تواناى ئەنجامدانى چاکسازیی نییە، بێگومان وەڵامى ئەم پرسیار و بۆچوونانەیش پێویستی بەنزیکبوونەوەیە لە کۆتایی تەمەنى حکومەتەکەى مەسرور بارزانی.

گۆڕان تاکەى لەگەڵ بارزانى دەبێت؟
بزووتنەوەى گۆڕان یەکەم حزبی سیاسى بوو رێککەوتننامەى لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەشداری لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان واژۆ کرد، رێککەوتنەکە بەشێکى زۆر لە گۆڕانخوازان و سەرکردەکانى زوویر کرد و لەلایەکى دیکەیشەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەو هەنگاوەى گۆڕان و پارتى بە "بەپەلە" وەسفکرد.

لەبارەى بەشداریى گۆڕانەوە لە کابینەکەى بارزانى، هەندێک رایان وایە بەهۆى ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تواناى ئەنجامدانى چاکسازیی نییە، بۆیە "گۆڕان لە نیوەى رێگا دەکشێتەوە و ئەزموونى کابینەى هەشتەم لەگەڵ پارتى دووبارە دەکاتەوە". رای دیکەیش ئەوەیە حکومەت چاکسازیی دەکات و گۆڕانیش تەمەنى کابینەکە لەگەڵ مەسرور بارزانى تەواو دەکات.

بەغدا وەکو ماڵى دووەمی مەسرور بارزانی
کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و سیاسەتى ئابووری، هەرێمى کوردستانى خستووەتە ژێر قەرزێکى گەورەوە، لە کاتى خوێندنەوەى کارنامەى حکومەتەکەیدا مەسرور بارزانى رایگەیاند "حکومەتێکم وەرگرتووە 26 ملیار دۆلار قەرزارە".

یەکێک لەو هۆکارانەى قەرزی سەر حکومەتەکەى بارزانى ناهێڵیت و دەرفەتى چاکسازیی دەداتێ چارەسەرکردنى کێشەکانێتى لەگەڵ حکومەتى ناوەندی لە بەغدا کە ئەوەش کارێکى ئاسان نابێت.

هەفتەى رابردوو، مەسرور بارزانى و وەفدێکى هاوڕێى سەردانى بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە، رۆژى دووشەممەى رابردوودیش لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەیزرانى هەرێمى کوردستاندا، مەسرور بارزانى رایگەیاند وەفدێکى هەمەلایەن پێکدەهێنن و بەوردی کار لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن.

لە پرسی پەیوەندیدار بەم باسەدا مەسرور بارزانى دوو شتى پێویستە:
یەکەم: بەردەوامیی سەردانەکانى بۆ بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێدانى دڵنیایی بەوەى هەرێمى کوردستان دەیەوێت بەپێى دەستوور کێشەکانى لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.
دووەم: باشترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ نوێنەرایەتى کورد لە بەغدا و گوێگرتن لە رێگاچارەکانیان و کردنەوەى نوێنەرایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و ئامادەیی خۆى تیادا بەپێى کاتى دیاریکراو.

7 خاڵى داواکراو لە مەسرور بارزانى
لە نووسین و داواکارى حزبەکان و کەسایەتییەکاندا داواکارى زۆر لە مەسرور بارزانى کراون کە جێبەجێییان بکات بەم شێوەیە:

یەکەم: ئەنجامدانى چاکسازیی بنەڕەتى لە سەرجەم سێکتەرەکاندا.
دووەم: شەفافیەت لە نەوت.
سێیەم: رێکخستنەوەى مووچە و دانەوەى قەرزى فەرمانبەران.
چوارەم: ئەنجامدانى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابەشکردنى بەیەکسانى بەسەر سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانى کوردستان.
پێنجەم: جێبەجێکردنى یاسا بەسەر هەموو لایەکدا بێ جیاوازی.
شەشەم: پاراستنى سەروەریی خاکى هەرێمى کوردستان و باشترکردنى پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانى هەرێمایەتى.
حەوتەم: بەرنامەیەکى ستراتیژیی بۆ دروستکردنى ژێرخانى ئابوورى، چاکسازیی لە کەرتەکانى خوێندن و پەروەردە و تەندروستى.

بۆ بەکردارکردنى ئەو 7 خاڵە، چوار ساڵ کات هەیە و وەڵامى کۆتاییش لای مەسرور بارزانییە.















PM:07:12:24/07/2019