مەوداپرێس وردەکاریی دانانی پارێزگاری کەرکوک ئاشکرا دەکات

مەوداپرێس وردەکاریی دانانی پارێزگاری کەرکوک ئاشکرا دەکات
مەوداپرێس-

دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک چۆتە قۆناغی کردەنییەوە و هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەفدێکی هاوبەشیان پێک هێناوە و بڕیارە سبەی یەکەم گەڕی دانوستانەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکانی پارێزگاکە ئەنجام بدەن، ئەم راپۆرتە سیناریۆ جیاوازەکانی دانانی پارێزگارە کوردەکەی کەرکوک دەخاتە روو.

لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم و رووداوەکانی دوایی و هێرشی سوپا و حەشی شەعبی بۆ کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، کورد جگە لە پارێزگاری کەرکوک دەیان پۆستی تری ئیداریی لەو شارە لە دەست داوە، دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش لە ساڵی ڕابردوودا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر دانانەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک ڕێککەوتوون.

سەرەتا دانوستان بەرپرسانی یەکێتی و پارتی رایدەگەیەنن هەنگاوە سەرەتاییەکانیان بە گفتوگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک دەست پێ دەکەن و دەیانەوێت یەکەم میکانیزم ڕێککەوتن بێت لەسەر دانانی پارێزگار لە لایەن هەموو نەتەوەکانی کەرکوکەوە.

یاسین عیزه‌دین، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی بە مەوداپرێسی راگەیاند "یەکێتی و پارتی وەفدی هاوبەشیان پێک هێناوە و سبەینێ یەکەم گەڕی دانوستان لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان دەست پێ دەکات".

وتیشی "لەناو عەرەبەکان خەڵکانی شۆڤێنییان تێدایە، جگە لەوە هێزی تری وەک حەشدی شەعبی و هێزی تر هەن کە بە گەڕانەوەی کورد هاوسەنگی دەگەڕێتەوە و لە بەرژەوەندییان دەدرێت بۆیە ڕێگری درووست دەکەن، بەڵام ئێمە هیوادارین بگەینەر رێککەوتن لەگەڵیان".

دوای گفتوگۆیەکی زۆر، پارتی و یەکێتی لەسەر تەیب جەبار، شاعیر و ئەندازیار ڕێککەوتن کە ببێتە پارێزگاری کەرکوک، رەنگە عەرەب و تورکمان بارودۆخەکە بقۆزنەوە و لە بەرامبەر پۆستی پارێزگار داوای هەندێ پۆستی بەڕێوەبەرایەتی و شتی تر بکەن، بەلامانەوە ئاسایی دەبێت بە مەرجێک لە خزمەت خەڵکدا بن نەک نەتەوەیەکی دیاریکراو، بۆیە هیوادارین هەنگاوی یەکەم بە دانوستان بگەینە ڕێککەوتن بۆ دانانی پارێزگار، یاسین عیزەدین وای وت.

گەڕانەوە بۆ بەغدا بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک ڕەزامەندیی بەغداش پێویستە، بۆیە دەبێت یەکێتی و پارتی بەو وەفدەی پێکیان هێناوە سەردانی بەغداش بکەن.

شیروان جەمال، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بەوە دا، بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک ڕەزامەندیی حکومەتی عێراقیش پێویستە تا وەک پارێزگارێکی فەڕمی و دانپێدانراو بێت و هاوکات دەسەڵاتی ئەمنیی پارێزگاکەشی لە لایەن ئەنجووـەنی وەزیرانەوە بۆ بگوازرێتەوە.

وتیشی "ئەو وەفدە هاوبەشەی یەکێتی و پارتی سەردانی بەغدا دەکەن و لەو بارەیەوە گفتوگۆ دەکەن، جگە لەوەش باس لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک دەکرێت بە تایبەت ئەو ڕووە عەسکەرتارییەتەی شارەکە ماوەی دوو ساڵە پێوەی دەناڵێنێت".

زۆرینەی ئەنجوومەن لە ٤١ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لیستی برایەتی کە لە یەکێتی و پارتی پێک هاتوون ٢٦ کورسییان هەیە و زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێک دەهێنن، بۆیە ڕایدەگەیەنن ئەگەر بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان ڕێک نەکەوتن ئەوا بە زۆرینە لە ئەنجوومەن پارێزگار دادەنێن.

یاسین عیزەدین، بەرپرسەکەی یەکێتی لە کەرکوک، باسی لەوە کرد دانانی پارێزگار مافی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ کە کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بردووەتەوە.

راشیگەیاند: ئێمە وەک جاران جێگری پارێزگار دەدەین بە عەرەب و سەرۆکی ئەنجوومەنیش بە تورکمان، ئەگەر ئەوەش نەکرا ئێمە زۆرینەی ناو ئەنجوومەنین و دەبێت ئەوکاتە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنەکەی بباتە سەر و ئەندامەکانی بنێرێتە ئەنجوومەنەوە و بە زۆرینە و کەمینە پارێزگارەکە دابنێین.

دانانەوەی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک بە پێویست دەزاندرێت بە تایبەت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆر بڕیار دژی کورد لە کەرکوک دراوە.

شیروان جەمال جەختی لەوە کردەوە، پارتی هەموو هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوک دەدات تا دانانی پارێزگار تەنها هەر دانانی کەسێک نەبێت بەڵکوو بە هەموو دەسەڵاتێکەوە بێت.

ئاشکراشی دەکات لەو وەفدەی لەگەڵ یەکێتی پێکیان هێناوە لە سبەینێوە دەست بە گفتوگۆ و دانوستان دەکەن و هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەن.


PM:10:38:24/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 1116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌