مافه‌کانی ژن چیە له‌كاتی تەڵاقدانیدا

مافه‌کانی ژن چیە له‌كاتی تەڵاقدانیدا
مەوداپرێس-سازگار‌ ئەحمەد

پارێزەرێک باس لە مافەکانی ژن دەکات کاتێک تەڵاق دەدرێت دەڵێت بەپێی و شەرع و یاسا ژن چەندین مافی هەیە لە کاتی تەڵاقدانیدا.

رەوا محەمەد مامە، پارێزەر بۆ مەوداپرێس دەدوێت و ئاماژەی بەوە دەکات، ژن لەکاتی تەڵاقدانیدا چەند مافێکی هەیە کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

1- مافی ماره‌یی: ژن له‌كاتی تەڵاقدانیدا مافی وه‌رگرتنی هه‌موو ماره‌ییه‌كه‌ی هه‌یه‌، جگه‌ له‌هه‌ندێك حاڵه‌ت، وه‌ك له‌ته‌ڵاقی (خولع)یدا كه‌ژن ده‌ڵێت به‌پیاوه‌كه‌ی كه‌واز له‌هه‌موو مافه‌ شه‌رعی و یاساییه‌كانم ده‌هێنم به‌س ته‌ڵاقم بدات، ئه‌و كاته‌ش مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاقی ده‌دات به‌ته‌ڵاقێكی خولعی.

2- كه‌لو په‌لی ناوماڵ: ژن له‌كاتی ته‌ڵاقدانیدا مافی وه‌رگرتنی هه‌موو كه‌لوپه‌لی ناو ماڵه‌كه‌ی هه‌یه‌ چونكه‌ ماڵی هاوسه‌ری (بیت الزوجی) مافی ژنه‌.

3-دیاری و به‌خشیش "هه‌دیه‌": ژن مافی وه‌رگرتنی هه‌موو ئه‌و دیاریانه‌ی هه‌یه‌ كه‌مێرده‌كه‌ی پێی به‌خشیوه‌ له‌كاتی ژیانی هاوسه‌ری و ده‌ستگیرانیدا، چونكه‌ دیاری ناگه‌ڕێته‌وه‌.

4-مافی نیشته‌جێبوون: هه‌ر كاتێك پیاو ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاقدا ئه‌وا ژنه‌كه‌ ئه‌توانێ داوای مانه‌وه‌ بكات له‌خانووه‌كه‌دا بۆماوه‌ی (3) ساڵ به‌مه‌رجێك ئه‌و ژنه‌ خۆی شوقه‌ یان خانووی به‌ناوه‌وه‌ نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خانووی به‌ناوه‌وه‌ بوو ئه‌وا ئه‌و مافه‌ی نابێت.

5-قه‌ره‌بووی ته‌ڵاقی "ته‌عه‌سوفی": هه‌ركاتێك پیاوێك ژنه‌كه‌ی له‌حاڵه‌تی توڕه‌یدا ته‌ڵاقدا ئه‌وا ژنه‌كه‌ی ئه‌توانی داوای قه‌ره‌بوو له‌مێرده‌كه‌ی بكات، چونكه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و ته‌ڵاقه‌وه‌ زه‌ره‌ری به‌رده‌كه‌وێ.

6-خه‌رجی پێشوو: ژن له‌كاتی ته‌ڵاقدانیدا ئه‌توانێ داوای خه‌رجی پێشووی بكات به‌مه‌رجێ ئه‌و ژنه‌ مووچه‌ خۆر نه‌بێت، چونكه‌ به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (62) ژنێك ئه‌توانی داوای خه‌رجی بكات كه‌ده‌رامه‌تێكی نه‌بێت (مووچه‌ خۆر نه‌بێت)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو مووچه‌ خۆر بوو ئه‌وا ناتوانێ دوای بكات.

7- خه‌رجی سوڕی مانگانه‌ "عده": ژن له‌كاتی ته‌ڵاقدانیدا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌داوای خه‌رجی ماوه‌ی عده‌كه‌ی بكات، واته‌ ئه‌و ماوەیەی كه‌ له‌سووڕی مانگانه‌دایه‌ ده‌بێت خه‌رجیه‌كه‌ی دابین بكری له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌م مافانه‌ش ژن كۆمه‌ڵێك مافی تری شه‌رعی و یاسایی هه‌یه‌ وه‌ك كرێی به‌خێوكردنی منداڵ و چەندین مافی دیکە.


PM:05:50:25/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 6252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌