گێڕانەوەکان لەبارەى سیناریۆى داگیرکردنى "گردی زەرگەتە"

گێڕانەوەکان لەبارەى سیناریۆى داگیرکردنى
مەوداپرێس- رەنگین عارف

چیرۆک و سیناریۆکانی داگیرکردنى گردی زەرگەتەى مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەى گۆڕان بەردەوامیی هەیە و بەو هۆیەشەوە چەندین بۆچوونى جیاواز دەخرێنەڕوو.

رۆژى 17ى شوباتى 2011 و چەند مانگێک دواى هەڵبژاردنەکانى 25ى تەموزی 2009 کە تیایدا بزووتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى نەوشیروان مستەفا، سەرۆکى کۆچکردووی بزووتنەوەى گۆڕان کە تیایدا 25 کورسی لەکۆی 111 کورسی پەرلەمانى کوردستان بەدەستهێنا، بۆ یەکەمین جار لە بەردەرکی سەرای شارى سلێمانى خۆپیشاندان دژى سیاسەتەکانى کابینەى شەشەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد کە ئەوکات د.بەرهەم ساڵح، کاندیدی هاوبەشی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان سەرۆکایەتى دەکرد. 


17ى شوبات بۆچى بوو؟
زۆر نەبوو کابینەى شەشەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکهینرابوو، پەرلەمانى کوردستان یەکەم حزبی ئۆپۆزسیۆنى جدی بەخۆیەوە بینى بوو کە ئەویش بزووتنەوەى گۆڕان بوو.


داواکاریى سەرەکى خۆپیشاندانەکانى بەردەرکی سەرای سلێمانى و شار و شارۆچکەکانى دیکەى سنوورى زۆنی سەوز- نیلی بریتى بوون لە:
یەکەم، ئەنجامدانى چاکسازیی لە گشت بوارەکانى ژیانى سیاسى هەرێمى کوردستان.
دووەم، دابینکردنى خزمەتگوزارى بە باشترین شێوە.
سێیەم، هەروەها دابینکردنى زۆرترین رووبەرى ئازادییە سیاسی و مێدیاییەکان و کەمکردنەوەى رێژەى بێکارى و دەرفەتى یەکسان بۆ خەڵکى کوردستان.

خۆپیشاندانى مەدەنی و هێزی سەربازی

رۆژى یەکەمی خۆپیشاندانەکان بەئاڵۆزیی کۆتاییهات، لە دیارترین رووداوەکانیشی بریتى بوو لە هێرشکردنە سەر بارەگاى لقی چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان کە بەهۆی تەقەکردنى پاسەوانەکانى بارەگاکەوە شەهید و بریندار هەبوون.
 بارەگاى لقی چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکەوێتە سەر شاڕێی سالم، لە نزیک بارەگاکە هۆتێل سلێمانى پاڵاس، باخی گشتى هەیە، شوێنێکى قەرەباڵغە و رۆژى 17ى شوبات بووە چەقى ئاڵۆزیی و پێکدادانى خۆپیشاندەران و هێزیەکانى پۆلیس و پاسەوانەکانى بارەگاى لقی  چوارى پارتی.

لێرەوە ئیتر رووداوەکان زیاتر گەورە بوون، خۆپیشاندانەکان شار و شارۆچکەکانیان گرتەوە، ژمارەى شەهید و برینداران زیاتربوون، بارەگاکانى پارتى زیاتر چاوەکانى لەسەر بوون، کاردانەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان بەهێنان و جوڵاندنى هێزی زێڕەڤانى بۆ سنوورى سلێمانى زیاتر رووداوەکانى گەورە کرد.

هێزی زێڕەڤانى بەرەو سلێمانى
لە کاردانەوەى خۆپیشاندانەکان و چوونە بەردەم بارەگاکانى پارتى دیموکراتى کوردستان، پارتى بەشێک لە هێزەکانى زێڕەڤانى بۆ سنوورى شارى سلێمانى جوڵاند، تارق گەردی یەکێک لە بەرپرسەکانى وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندبوو "کە بە ئاگادارى بەرهەم ساڵح، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان هێزی زێڕەڤانى بەرەو سلێمانى جوڵێنراوە".

لە بەرانبەردا نووسینگەى رۆژنامەوانى بەرهەم ساڵح لە روونکردنەوەیەکدا نووسیبووی "لەڕێگاى گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانى، بەرهەم ساڵح هەواڵى جوڵاندنى هێزی زێڕەڤانى بۆ سلێمانى پێدراوە، هەر دەستبەجێ پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى و کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆ و دواتریش پەیوەندی لەگەڵ مام جەلال کردووە و لەهەرسێ پەیوەندییەکەیشیدا ناڕەزایەتى خۆی بەرانبەر بەجوڵاندنى هێزی زێڕەڤانى بۆ سلێمانى دەربڕیوە".


چیرۆکى رێگریکردن لە هێزى زێڕەڤانى لە سلێمانى
جوڵاندنى هێزى زێڕەڤانى بەرەو سنوورى شارى سلێمانى کە چاوەڕێی هێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەى گۆڕانى لێدەکرا، کاردانەوەى جیاوازی لێکەوتەوە، هەروەک بەپلەى یەکەم بۆ رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخی سلێمانى ئەرکەکە لە ئەستۆی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو.

ئێستا کە نۆ ساڵ بەسەر رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەى هێزی زێڕەگانى بۆ شارى سلێمانى تێپەڕ دەبێت بۆچوون و سیناریۆکانی وەستاندنى ئەو هێزەى پارتى جیاواز دەخرێنەڕوو.

یەکەم، هەفتەى رابردوو مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەى کارگێڕى مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا و لەنێوەڕۆکى پرۆژە پێشنیازکراوەکەیدا بۆ بەستنى کۆنگرەى حزبەکەى، تیشیکى خستە سەر هاتنى هێزی زێڕەڤانى پارتى بۆ سلێمانى و بەئاشکرا وتى کە ئەو یەکەم کەس بووە هەوڵى رێگریکردنى لە هاتنە ناوەى ئەو هێزەى پارتى بۆ نێو شارى سلێمانى داوە.


مەلا بەختیار  لە خاڵێکى پرۆژەکەیدا نووسیویەتى "کاتێک لە رووداوەکانى 17 شوباتیشدا، پارتى شەوێکیان لەپڕ هێزى بۆ سەر گۆڕان نارد، یەکەمین کەس، بەندە، لە کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسی، دژى بووم".

مەلا بەختیار ئەوەشی نووسیوە "تەنانەت گوتم: ئێستا ئامادەم خۆم بچمە لای کاک نەوشیروان، دەشمانزانى ئەو شەوە لە گردەکە نەماوە و چووەتە ماڵی دۆستێکى، پەیامیشمان بۆ کاک نەوشیروان نارد کە ناهێڵین پارتى بێتە سەریان".

دووەم، هاوکات لە یەک دوو رۆژى رابردوودا عەبدولڕەزاق شەریف، بەرپرسی پێشووی مێدیاى گۆڕان کە بەو دواییانە خانەى راپەڕاندن لە ریزەکانى بزووتنەکە کردییە دەرەوە لە بەشى هەشتەمی نووسینێکیدا بەناوی "ئیتر منیشی قسە ئەکەم" دەینووسێت ئاماژەى بەوەکردووە "لە کۆبوونەوەى یانەى کۆمەڵایەتى داوایان لە کاک کۆسرەت کرد رێگە بەداخڵبوونى هێزەکانى پارتى بۆ سلێمانى نەدات و بارودۆخەکە ئارام بکەنەوە، هەر ئەو رۆژە و دواى کۆبوونەوەکە، کاک کۆسرەت پەیوەندی بە مام جەلالەوە کرد و قەناعەتى پێکرد کە پەیوەندی بە کاک مەسعودەوە بکات و هێزەکانى پارتى بکشێنەوە".

سێیەم، زیاتر خۆى لە بۆچوونى بەشێکى زۆر لە سەرکردە و نووسینى گۆڕانخوازاندا دەبینێتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن پارتى خۆى لە هێرشکردن بۆ سەر مەکۆى سەرەکى بزووتنەوەکەیان پاشگەزبووەتەوە ئەویش بەهۆى ئەوەى زانیویەتى بۆى ناچێتە سەر، هاوکات هەندێکیان ئاماژە بەوەش دەکەن کە لە شەوی هاتنى هێزى زێڕەڤانى پارتى بۆ سلێمانى "نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ وەفدێکى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە عیراق و لەو رووداوە ئاگادارى کردوونەتەوە و ئەوانیش بەڵێنى ئەوەیان پێداوە کە جێى ناهێڵن تاکێشەکە چارەسەر نەکەن".


AM:11:47:27/07/2019