سلێمانی.. دژە تیرۆری عیراق و كوردستان خەریكی ئەم كارەن

سلێمانی.. دژە تیرۆری عیراق و كوردستان خەریكی ئەم كارەن
مەوداپرێس- رەنگین عارف

هەردوو سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی كوردستان و سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عیراق لە سلێمانی چەندین كۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن و بەپێی زانیارییەكی مەوداپرێس بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆمەڵێك پێشهاتە كەوا دەزگاكانیان و هەندێك سەركردەی عیراقی پێشبینی روودانی دەكەن. هاوكات لەنامە گۆِرینەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆكی رەوتی حیكمە باسی لە ئەگەری هەڵكردنی "رەشەبایەكی سیاسی" كراوە.

رۆژی 24ی تەمووزی 2019، تاڵب شەغاتی، سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عیراق بەسەردانێكی چەند رۆژە گەیشتە پارێزگای سلێمانی و لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیشیدا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری/زانیاریی كوردستان كۆبووەوە. هاوكات لەگەڵ ئەوانەیشدا چەندین كۆبوونەوە و دیداری دیكەی دوولایەنە و چالاكی مەیدانیی هاوبەشیان پێكەوە ئەنجامداوە.

مەترسی گەورە هەیە
چەند رۆژی رابردوو هەریەك لە عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە هۆشیاری ئەوەی خستبووەڕوو كە چەندین رووداوی سیاسی نەرێنی روو لە عیراق دەكەن و بەو هۆیەیشەوە هاوڵاتیانی عیراق رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە. حەكیم لە وەڵامی نامەیەكی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دا نووسیویەتی "دۆخی عیراق خراپە و رەشەبایەكی سیاسی كاولكەر بەڕێوەیە".

داعش و گەندەڵی: دوو مەترسیی یەكگرتوو
هەفتەی رابردوو بەشێك لە دەزگا ئەمنییەكانی عیراق و كوردستان چەند ئاماژەیەكی سەرهەڵدانەوە و خۆڕێكخستنەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان خستەڕوو، بەپێی زانیارییەكانی ئەو دەزگایانە داعش زیاتر لە ناوچە كێشەلەسەرەكان پیلان و پلانی خۆڕێكخستنەوەیان هەیە ئەویش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی بەهۆی رووداوەكانی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە دروستبووە، هەر لەنێوەندەشدا ئەوەی باسی لێوەکراوە هەڵهاتن و خۆشاردنەوەی کەسانی تێوەگلاو بە گەندەڵێوە لە چوارچێوەیەدا هەرێمی کوردستان نەبێتە دەرچەی پەڕینەوەی گەندەڵکاران و هەڵاتن لە یاسا وەک ئەوەی لەساڵانی پێشوو روویدا بە نمونە هەڵهاتنی تاریق هاشمی جێگری پێشوتری سەرۆک کۆماری عیراق

لەلایەكی دیكەوە هەریەك لە عەمار حەكیم، رەوتی سەدر و حەیدەر عەبادی بوونی گەندەڵی و نەبوونی هەوڵی جدی وەكو مەترسییەكی گەورە دەبینن و سەرقاڵی تاوتوێكردنی بوون بە ئۆپۆزسیۆنن.

لە نامەیەكدا كە ماڵپەڕی ئیلاف بەشێك لە ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە عادل عەبدولمەهدی بۆ عەمار حەكم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نووسیوە كە "خۆپیشاندان و ناڕەزایی توند دۆخەكە بەرەو تەقینەوە دەبات و مەترسییەكانی سەر عیراق گەورەتر دەكات".

سلێمانی و بەغدا پلانێك جێبەجێ دەكەن
بەپێی زانیارییەكانی مەوداپرێس كۆبوونەوەی تاڵب شەغاتی، سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عیراق لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاریی كوردستان پەیوەندی بەدانانی پلانی وردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی داعش هەیە و لەو رووەیشەوە دژە تیرۆری عیراق پێویستی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان هەیە.


PM:08:47:28/07/2019