پارتی خاوەنی سلێمانییە
عارف تەیفور: پارتی و گۆڕان دوو هێزی کاریگەرن لە کوردستان

پارتی خاوەنی سلێمانییە<br>
عارف تەیفور: پارتی و گۆڕان دوو هێزی کاریگەرن لە کوردستان
مەوداپرێس- کاروان رەسوڵ

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت هیوایان بەوە هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی كورسییەكانیان زیاتر بكەن، ئاماژە بەوەش دەكات پارتی خۆی بەخاوەنی سلێمانی دەزانێت نەك میوان بێت لەو شارەدا.

عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ مەوداپرێس وتی "هەوڵی ئەوە دەدەین کەوا لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی كورسییەكانمان زیادی بکەین." 

پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی؟
عارف تەیفور: پەیوەندییەکی باشمان هەیە و هاتووچۆیش لەنێوانمان هەیە.

لەسەر ئاستی رێكخستن و كاركردن، پارتی پلانی چییە هەیە بۆ بەخواداچوونەوە؟ 
عارف تەیفور: پلانمان هەیە کە زیاتر خۆمان رێکبخەین و هەڤاڵانمان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن بۆ پێشکەوتنی پارتیمان و پتەوکردنی رێزەکانمان.

دەوترێت پارتی خۆی بە میوان دەزانێت لە سنووری سلێمانی؟
عارف تەیفور: ئێمە سلێمانی بە هی پارتی دەزانین و سەرەتای پارتی دیموكراتی كوردستان کۆڵەکەی سەرەکی سلێمانی بووە و خۆشمان بە خاوەنی سلێمانی دەزانین.

كەواتە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی پارتی لەم پارێزگایە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
عارف تەیفور: هۆی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە دوورین لە دەسەڵات و ناتوانین لەم سنوورە خزمەتی خەڵک بکەین و بەپێر داواکانیانەوە بچین، لەهەمانکاتدا هەڤاڵانمان لەژێر فشارێکی زۆر توندی ئیرهابی فیکریدان بە هەموو جۆرێک دژایەتی دەکرێن لە دامودەزاگاکانی حکومەت و تا جێگە تایبەتەکانیش کاریان دەستناکەوێت، چونکە پارتین.

بۆچی رێژەی دانگدەرانی پارتی لەچاو مووچەخۆرەکانی کەمترە لە سنووری سلێمانی؟
عارف تەیفور: دەنگمان بەو شێوەیەی تۆ دەڵێی وانییە، چونکە دەنگەکانمان زۆر زیاترن لەو ژمارەیەی مووچە وەردەگرن.

پلانی کەمکردنەوەی بارەگاکانتان هەیە؟
عارف تەیفور: نەخێر نیازی کەمکردنەوەی بارەگاکانمان نییە، بەڵکو بەنیازین  ئەو بارەگایانەشی داخراون بیانکەینەوە.

سەبارەت بەو 45 كورسییەی لە پەرلەمانی كوردستان هەتانە، هێشتا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت پارتی تەزویری زۆری بۆ بەدەستهێنانی كردووە؟
عارف تەیفور: ئەوە دەنگی راستەقینەی خۆمانە و پارتیش تەزویر ناکات، چونکە باوەڕمان بەخۆمانە کە دەنگی باش دەهێنین.

بەو دواییانە پارتی "بارەگای بارزانی" دامەزراند و كردییەوە، هۆكاری چییە و بۆچی؟
عارف تەیفور: ئێمە ئامانجمان زیاتر خزمەتکردنی گەلەکەمانە، بارەگای بارزانیش دەزگایەکە لەڕێگایەوە دەتوانین زیاتر خزمەتی میللەت بکەین.

لەدوای هەڵبژاردنەكان لەماوەیەكی كەمدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بوونە هاوپەیمان لەكاتێكدا خولی پێشتر ململانێییەكی قوڵ لەنێوانتان هەبوو، بۆچی؟
عارف تەیفور: ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان دووهێزی کاریگەریین لەسەر ساحەی کوردستانی، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت هاوکاری ئەو بزووتنەوەیە بین بۆ ئەوەی بتوانین رۆڵی خۆی زیاتر ببینێت و هاوکارێکی باش بێت بۆ پارتیمان، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بە گەلەکەمان بکەین و ژیانێکی ئاسودەیان بۆ بەرپابکەین.

كابینەكەی بەڕێز مەسرور بارزانی لەڕووی كاركردن و خزمەتگوزارییەوە لە كابینەكانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جیاواز دەبێت یان تەواوكەری یەكترن؟
عارف تەیفور: ئەم کابینەیە درێژەپێدەری کابینەی پێشووترە بەشێوەیەکی تازەگەری  بۆ بنبڕکردنی گەندەڵییەکانی هەن.

لەكاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەندێك ساردی یان كەمتەرخەمی دەبینرا بەرانبەر پرۆژەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆچی بەو شێوەیە بوو؟
عارف تەیفور: شتی وانییە ئێمە بە نەفەسێکی درێژەوە چاوەڕێی یەکێتیمان کرد کە وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام خۆیان رێک نەدەکەوتن و درەنگ هاتنە پێشەوە.


PM:04:46:29/07/2019