رووداوەکەی سەماوە، گێڕانەوەیەکی تر

رووداوەکەی سەماوە، گێڕانەوەیەکی تر
مەوداپرێس_

لەسەر سوکایەتیکردنی بە ئاڵای کوردستان لە سەماوە، پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی بەرگریی عێراق لیژنە درووست دەکەن و لێپێچینەوە لەو ئەفسەرەش دەکرێت کە "بێڕێزییەکە"ی کردووە، هاوکات پارێزگاری سەماوەش داوای لێبووردن لە کوردستان و کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن.

دوای ئەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەچنە سەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سەماوە، ئەفسەرێکی عەرەب ئاڵایەک لە ملی یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکاندا دەبینێت و دەڵێت دەبێت ئاڵاکە لابەرێت، ئەوەش کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و پرسەکە گەیشتە پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی بەرگری و لە ئێستاشدا دوو لیژنە لێکۆڵینەوە دەکات و ڕێوشوێنی یاساییش بەرامبەر ئەو پرسە گیراوەتە بەر.

شیروان زرار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە مەوداپرێسی ڕاگەیاند "بە داخەوە تا ئێستا ئەو عەقڵییەتەی ئەنفالی پێ کراوە کۆتایی نەهاتووە و ناوە ناوە سەر هەڵ دەداتەوە، ئەوەی دوێنێش ڕووی دا لە سەماوە نموونەیەکی زیندوویی ئەو عەقڵییەتەیە".

وتیشی "کاک موسەنا پرسەکەی لە پەرلەمان وروژاند بەڵام پێشنیارەکە بۆ قسەکردن ڕەت کرایەوە، هەموو فراکسیۆنە کوردییەکانیش چوونە دەرەوەی پەرلەمان و نیسابمان شکاند، بۆیە بانگ کراینەوە گفتوگۆی زۆری لە بارەوە کرا، دواجار پەرلەمان لیژنەی تایبەتمەندی ڕاسپارد و داواش لە وەزارەتی بەرگری کرا لیژنە پێک بهێنێت".

دوابەدوای ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵەپەڕە کوردییەکاندا ناڕەزایەتیی زۆر بڵاو بووەوە و بە تایبەت دەربارەی ئەو کەسە کوردانەی لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەردەکەون و لە پۆست و بەرپرسیارێتیی عێراقدان و هیچ هەڵوێستێک پیشان نادەن، بەڵام دواتر زۆرینەیان ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو پرسە دا.

هاوژین عومەر، ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار کە لەو شوێنە ئامادە بووە ئاماژەی بەوە داوە ئەو کەسە هەرزەکارێکی عەرەب بووە و لەو ئاستەدا نەبووە ئەوان وەک ڕاوێژکار جوابی بدەنەوە ئەگینا لیوایەکیان لەگەڵ بووە و هەموو شتێکیان پێ دەکرا.
هەروەها سالار مەحمود، ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار باسی لەوە کردووە بە هیچ شێوەیەک نەیانهێشتووە سوکایەتیی بە ئاڵای کوردستان بکرێت و کێشەکەیان چارەسەر کردووە.

ئەم پرسە بە زوویی گەیشتە پەلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران و هەر بە زووییش پارێزگاری سەماوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوێکەوە داوای لێبووردنی کرد و ڕاشیگەیاند ئیجرائاتەکان بەرامبەر ئەو ئەفسەرە گیراونەتە بەر.
غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە مەودا پرێسی ڕاگەیاند "ئەو کێشەیەی لە سەماوە درووستبوو من بەدواداچوونم بۆ کرد، ئەو ڕاگەیەندراوەی پارێزگاری سەماوە بڵاوی کردەوە پێشتر بۆ منی نارد وتی بەو جۆرە داوای لێبووردن دەکەم منیش وتم ئەوە باشە".

وتیشی "رێکارەکان بەرامبەر ئەو ئەفسەرە گیراونەتە بەر، مەرج نییە ڕاستەوخۆ دەستگیر کرابێت، بەڵام لیژنە درووست بووە و لێکۆڵینەوە لەو پرسەدا دەکات".

سەرەڕای ناڕەزایەتییە زۆرەکان بەرامبەر ئەو کارە، بۆچوونێکیش هەیە و پێی وایە ئەم پرسە دابمرکێتەوە و کۆتا
یی پێ بهێندرێت باشترە، ئەوە ش لە پێناو ئەوەی هەندێ پرس هەیە لە لایەنە عەرەبەکانەوە نەوروژێدنرێن.

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە مەوداپرێسی وت "ئەم پرسە لێرەدا کپ بکرێتەوە باشترە، لەبەر ئەوەی دەزانین کێشەی زۆر لە نێوان هەرێم و بەغدا، بە تایبەت پرسی مووچە و بودجەی هەرێم، عەرەبەکان دەتوانن خۆپیشاندان بکەن و لەبەرامبەر ڕادەستنەکردنی نەوت بە بەغدا داوای بڕینی ئەو مووچەیە بکەن".

وتیشی "ئەوەشمان بیر نەچێت مامەڵەیەکی زۆر ناشیرین لە بازگەکانی هەرێم بەرامبەر عەرەبەکان دەکرێت، دەکرێت هەرکات بێت ئەمانە ببن بە پرس و هەرا درووست بکەن، بۆیە ئەو پرسە کۆتایی پێ بهێندرێت باشترە، جگە لەوەش زۆر گۆڕی بە کۆمەڵ ماون لەو شوێنە و خەڵکەکەی هاوکارمانن، نابێت کارێک بکەین هاوکاریمان نەکەن یان گۆڕەکان بشێوێنن".




PM:05:12:02/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌