شەنگال: پارتی لە پەرلەمانیش لەسەری بێدەنگ بوو

شەنگال: پارتی لە پەرلەمانیش لەسەری بێدەنگ بوو
مەوداپرێس- رەنگین عارف

پێنج ساڵ پێش ئێستا کاتژمێر 11ی سەرلەبەیانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شەنگالدا گرت و مەرگەساتی بەسەر دانیشتووانە ئێزدییەکەیدا هێنا، بەپێی زانیارییەکان کە لەبەردەست "مەودا پرێس"دایە زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە دوو کاتژمێر بەر لە گەیشتنی داعش بۆ شەنگال ئەو شارۆچکەیان جێهێشتووە، بەڵام تائێستا لێپێچینەوە لە کەس نەکراوە و داوای دادگاییکردنی تۆمەتبارانی بەدەستەودانی دەکرێت.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوەکانی ئێزدی، ئەوانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە و شەهید بوون 360000 کەسن.

 لە سەرەتای شەڕەکە 1293 منداڵ بێ سەرپەرشت بوون و لە 80 شوێنی قەزای شەنگال گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزراوەتەوە، 68 مەزاری ئایینییان تەقێندراونەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی ئاوارەی دەرەوەی عیراق بوونە بە 100000 کەس دەخەمڵێندرێ، ژمارەی رفێندراوەکان 6417 کچ 3548 کوڕ بوون، تائێستا لە 3509 کەس، 1192 پیاو و 1032 منداڵی کچ و 947 منداڵی کوڕ رزگارکراون، هێشتاش 2908 کەس رزگارنەکراون کە 1323 کوڕ و 1585 کچی ئێزدین.

سەعید محەمەد سەعید، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند "بە داخەوە تائێستا لێپێچینەوە لە هیچ تۆمەتبارێکی بەدەستەوەدانی شەنگال نەکراوە و پێویستە لایەن پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم لەو پرسەدا کەمتەرخەمی نەکات و کەمتەرخەمان سزا بدات تا ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.
وتیشی: "وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2015دا لیژنەی بۆ ئەو پرسە پێکهێنا، بەڵام دوا دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان و پەکخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو لیژنەیە هەڵوەشایەوە و تائێستاش هیچ لیژنە و هەنگاوی تر بە ئاراستەی لێپێچینەوە لە تۆمەتباران نەنراوە."

بەپێی زانیارییەکانی "مەودا پرێس" کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە وەریگرتووە، ئەو رۆژەی شەنگال دراوە بە دەستەوە نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی لێ بوو، بەڵام دوو کاتژمێر بەر لە گەیشتنی داعش بە شەنگال شارۆچکەکەیان جێهێشتووە بێ ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانەکەی لەو مەترسییەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.

قەزای شەنگال لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای موسڵە و 120 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورە و بە دووەم گەورەترین قەزای عیراق دادەنرێت، دانیشتوانەکەی زیاتر لە 400 هەزار کەس دەبێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند "ساڵی 2015 لیژنەیەک درووستکرا و بانگهێشتی هەندێ فەرماندەی سەربازی و پێشمەرگە و شایەتحاڵی ناو شەنگال کران، بەڵام لیژنەکە هەڵوەشایەوە و هیچ ئەنجامێکیش لە لێکۆڵینەوەکانەوە بەدەست نەهات و کەسیش دەستگیر نەکرا".

هەر بەپێی زانیارییەکانی "مەودا پرێس"، بەشێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی زێرەڤانی کە لە شەنگال بوون و هۆکاری بەدەستەوەانی بوون، نەک تەنها لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکراوە، بەڵکوو لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا پلەی ژمارەیەکیان بەرز کراوەتەوە.

رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015، ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای شەنگال لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و بەشداریی شەڕڤانانی یەبەشە و یەپەگە و گەریلاکانی هەپەگە دەستیپێکرد.

کۆنتڕۆڵکردنی قەزاکە دوو رۆژی خایەند و رۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 کۆتایی بە دەسەڵاتی چەکدارانی داعش هات.

ئەمڕۆ شەممەش، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 3ی ئابی بە رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان ناساند و لە پڕۆژە بڕیارێکیشدا حکومەتی هەرێمی راسپارد کار بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بدات.

شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، بە "مەودا پرێس"ی وت: "لەو چەند رۆژەی لەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان گفتوگۆ کرا، هیچ شتێک لەبارەی تۆمەتبارانی بەدەستەوەدانی شەنگال نەوترا، پێویستە لێپێچینەوەی جددی لە رووداوی بەدەستەوەدانی شەنگال بکرێت."

لەکاتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانیشدا، بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان رێکخست و داوای دادگاییکردنی ئەو کەسانەیان کرد کەمتەرخەم بوون لە بەدەستەوەدانی شەنگال.
نەوزاد وتیشی "پەرلەمانتارانی ئێمە پێشنیازیان کرد لێپێچینەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانی بەدەستەوەدانی شەنگال بخرێتە ناو پڕۆژە یاساکەوە، بەڵام بەداخەوە گوێی لێ نەگیرا و ئەو پڕۆژە بڕیارەی دەرچووە بەهیچ شێوەیەک باسی تۆمەتبار و بەدەستەوەدانی شەنگالی تێدا نییە و هۆکارەکانیش دیارن بۆچی دەشاردرێتەوە."


PM:02:06:03/08/2019