دوو ساڵە لیژنە چاکسازییەکەی بارزانی راپۆرتی نییە

دوو ساڵە لیژنە چاکسازییەکەی بارزانی راپۆرتی نییە
مەوداپرێس_ رەنگین عارف

سێ ساڵ و نیو بەسەر پێکهێنانی لیژنە چاکسازییەکەی مەسعود بارزانیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا ئەنجامی کاری ئەو لیژنەیە نادیارە و بەپێی وتەی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان لیژنەکە دوو ساڵ و نیوە هیچ دۆسییەیەکی نەجوڵاندووە، لەکاتێکدا وا بڕیار بوو لە ماوەی دوو ساڵی کاری لیژنەکەدا هەموو وردەکاری و ئەنجامێک رابگەیەندرێت.

مانگی شوباتی 2016 مەسعود بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، پڕۆژه‌ی چاکسازیی راگه‌یاند و لیژنه‌یه‌کی بۆ جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌که‌ درووستکرد، پڕۆژه‌که‌ له‌ نۆ ته‌وه‌ر پێکهاتبوو و گرنگترینیان بریتی بوون لە بواری نه‌وت و داهات و خه‌رجییه‌ گشتییه‌کان و زیادەڕۆیی و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و کەرتی تەندرووستی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ و نیو تائێستا ئەنجامی کاری لیژنەکە نادیارە.

خەڵەف ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند: ئەو لیژنەیە دوو ئاست بوو، ئاستێکی بۆ ناوخۆی پارتی و ئاستێکی بۆ دەرەوەی پارتی لە پرسی گەندەڵیدا بۆ ناو حکومەت".

وتیشی "لیژنەکە ئیرادەیەکی تەواوەتی بۆ چاکسازی نەبوو، چونکە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێم دەبێت لە ئاستی سەرەوەدا بێت، هەندێ کاری کرد، هەندێ بەرپرسی لە ئاستی خوارەوە دا بە دادگا و هەندێ کەیسی دا بە دەستەی دەستپاکی و هەندێکیش یەکلاییکرانەوە، بەڵام پۆلیس فەرمانی گرتنەکانی جێبەجێ نەکردووە، بەگشتی ئەو لیژنەیە ئەنجامێکی ئەوتۆی رانەگەیاندووە."
درووستکردنی ئەو لیژنەیە لە کاتێکدا بوو کە هەرێمی کوردستان بە هۆی کێشەکانییەوە لەگەڵ حکومەتی عیراقدا دووچاری قەیرانی دارایی بووبووەوە و بڕیار بوو لیژنەکە کارئاسانی بۆ سەر بودجەی گشتی درووست بکات.

"ئەو لیژنەیەش وەک هەر لیژنەیەکی تر کە لە هەرێمی کوردستان درووستدەکرێت کەس نازانێت چی لێهاتووە، نازانم بۆ ئاستە حزبییەکەی ماوە یان نا، بەڵام بۆ ئاستە حکومییەکە و پرسی گەندەڵی هیجی پێ نەکرا." خەڵەف ئەحمەد وای وت.

لیژنەکە لەگەڵ پێکهێنانیدا بڕیار بوو هەر شەش مانگ جارێک راپۆرتێک بڵاوبکاتەوە و لە ماوەی دوو ساڵیشدا تەواوی ئەو کار و دەرئەنجامانە بڵاوبکاتەوە کە پێی گەیشتووە، بەڵام دوای ساڵێک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە هیچ بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی تێدا نەبوو، لە دوای ئەوەشەوە دوو ساڵ و نیوە نە هیچ راپۆرتێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە نە هیچ کەیسێکی تریشی داوە بە لایەنی پەیوەندیدار.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رایاگەیاند "لیژنەکە کاتی خۆی هەندێ فایلیان دا بە ئێمە کە نزیکەی 50 فایل دەبوون بەتایبەت لە کەرتی تەندرووستی هەندێکیشی هی وەزارەتی پێشمەرگە بوون".

وتیشی "لە مانگی یەکی 2017ـەوە هیچ کەیسێکی تر رادەستی ئێمە نەکرا و تەسلیمی حکومەت کرا و هیچ کۆبوونەوەیەکیش نەکراوە."
بەپێی زانیارییەکانی "مەودا پرێس"، ئەو لیژنەیەی مەسعود بارزانی پێکیهێنا هەڵوەشاوەتەوە و ماوەی دوو ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند "ئەو لیژنەیە چەندان کەیسی گەندەڵی ئاشکراکرد و فایلەکانی رەوانەی دەستەی دەستپاکی دادگاکان کرا و هەندێکیان یەکلاییکرانەوە و هەندێکیان ئێستاش دادگا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات".

وتیشی "ئەم کابینە نوێیە و پرسی چاکسازی کە بەڕێز مەسرور بارزانی گرنگی پێدەدات چاکسازیی کردووە بە پاکێجێکی گەورە و هەموو پرسە چاکسازییەکان تێکەڵ دەکرێن و کاریان لەسەر دەکرێت."

لایەنە بەشدارەکانی ئەم کابینە نوێیەی حکومەت هەم لە کارنامە و هەم لە ئاستی حزبیشدا بڕیاریان داوە کابینەیەک بێت چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بکاتە سەرمەشقی کارەکانی خۆی.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو لیژنەیەش، عەتا شێخ حەسەن وتی "ئێستا حکومەت پێکهاتووە لەگەڵ کارنامەکەیدا کە پرسی چاکسازی کۆڵەکەی سەرەکییەتی، ئەو لیژنەیەش تەفعیل دەکرێتەوە."


PM:12:07:05/08/2019