لەسەر نەوت و بوودجە عەبادی و عەمار حەکیم دژی کورد دەوەستنەوە

لەسەر نەوت و بوودجە عەبادی و عەمار حەکیم دژی کورد دەوەستنەوە
مەوداپرێس _کاروان رەسوڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت لە پەرلەمانی عیراق هەوڵێک هەیە بۆ رێگریکردن لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی هەرێم تائێستا نەوتی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکردووە.

  شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە مەوداپرێسی راگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عیراق لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان کە پەیوەندیدارە بە نەوت و غاز و بوودجە و ئەو شوێنانەی لە ماددەی 140 هاتووە ".

شیروان میرزا ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵ هەیە بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران و رای هەردوو فراکسیۆنی نەسریحەیدەر عەبادی و حیکمەی عەمار حەکیم خراپە و دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن".

وتیشی "گرنگە تا مانگی 10 ی 2019  هەولێر و بەغدا رێکبکەون، چونکە پەرلەمانی عیراق لەو بەروارەدا گفتوگۆی لەسەر پڕۆژە یاسای بووجەی 2020 دەکات ئەگەر رێکنەکەون جێی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم ناکرێتەوە". 

روونیشیکردەوە "حکومەتی هەرێم تائێستا ئەو بڕە نەوتەی رادەستی حکومەتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ نەکردوە کە پێشتر لەسەری رێکەوتبوون".

باسی لەوەشکرد "لەسەر مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستان فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆکن، بەڵام لەسەر نەوت و داهاتی هەرێم ناکۆکن".



PM:01:52:07/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌