بازیان، شێرپەنجە هەڕەشەی مەرگ دەکات

بازیان، شێرپەنجە هەڕەشەی مەرگ دەکات
مەوداپرێس_ کاروان رەسوڵ

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت دانانی پشکێک لە داهاتی کارگەکانی بۆ هاوڵاتیانی سنووری بازیان لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن جێگیر کراوە و بڕیارێک نییە لە پەرلەمانەوە ناچاریان بکات  رێژەیەک لە داهاتەکەیان بدەنە ئیدارەی ناوچەکە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیانیش ئاماژە بەوەدەکات کارگەکان دەبێت خزمەت گوزاری بۆ ناوچەکە دابین بکەن و ژینگەکەی پاک رابگرن.

چەند ساڵێکە بڕێک داهات بە شێوازی پارەی کاش یان لە رێگەی هەژمارێکی بانکیەوە وەردەگیردرا ساڵێک درا بەشارەوانی چەند پڕۆژەیەکی پێکرا بۆیە هۆی توڕەبوونی خەڵک لەبەر خراپی پڕۆژەکان، ساڵێک بەشێوازی بەش بەشێنەو پێویستی بۆ فەرمانگەکان خەرجکرا.

لە یاداشتێکدا کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەرزکراواتەوە بۆ نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان/ سلێمانی، وێنەیەکی دەست مەوداپرێس کەوتووە تێدا چەند داواکارییەک لە بواراکانی ژینگە و تەندروستی و خزماتگوزاری و هەلی کارودانانی سندوقێک بەناوى (سندوقى پەرەپێدانى بازیان) بۆ پڕۆژەى  دەکەن لە کارگە و کۆمپانیاکانی بازیان.

نەوزاد نوری، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بە مەوداپرێسی راگەیاند "کارگە و کۆمپانیەکانی بازیان کە کاری وەبەرهێنان دەکەن دەبێت خزمەت گوزاری بۆ ناوچەکە دابین بکەن و پابەندی رێنماییە  ژینگەیەکانبن".

ئاماژەی بەوەشکرد "فەرمانگە پەیوەندی دارەکانی سەرو خۆم وەک پێویست نییە و لە ئاست داواکارییەکانماندا نیین و هانامان بۆ پەرلەمان بردوە و لیژنەیەکیشیان سەردانی مەیدانی ناوچەکەیان کردوە".

ناحیەى بازیان جیاواز لە ناحیەیەکی تر بەهۆى  کەڵەکە بوونى زیاتر لە 200 کارگە و کۆمپانیای گەورە و ناوەند و بچووک لە ناوچەیەکى بچووکى وەک بازیان، گوڕینى ناوچەکە لە گەشتیارى و کشتوکاڵیەوە بۆ پیشەسازى، زۆرى سکاڵاى خەڵک لەم کارگانە و بێ ئیش و دانەمەزراندنى خاوەن بڕوانامەکان و پیسبوونى ژینگەى ناوچەکە قسەى دەمى هاوڵاتیانى ئەم شارۆچکەیەیە.

لەو یاداشتەدا کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەرزکراواتەوە بۆ نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان/ سلێمانی هاتووە (رێگری بکرێت لە گۆڕینى رەگەزى زەوییەکان لە کشتوکاڵەوە بۆ پیشەسازى، بێجگە لەو زەوییانەى لە دەستەى وەبەرهێنان بۆیان دیاریکراوە رێگە نەدرێت هیچ مامەڵەیەکى کڕین و فرۆشتنى تر بکەن لە گەڵ هاوڵاتیان. سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان ناچاربکرێن کە ساڵانە ڕووبەرێکى دیاریکراو کە لانیکەم لە دۆنمێک کەمتر نەبێت سەوز بکەن لە دەرەوەى کارگەکەیان و ئەرکى چاندن و ئاودان و خزمەتکردنى بگرنە ئەستۆ).

ئارام مەردان، دانیشتووی ناحیەی بازیان سەبارەت بە گۆڕینی ناوچەکە لە کشتوکاڵیەوە بۆ پیشەسازی بە مەوداپرێسی راگەیاند " گۆڕینی ناوچەکە لە کشتوکاڵیەوە بۆ پیشەسازی هاوڵاتیانی ناوچەکە لێ زەرەرمەند بوون و باجەکەی دەدەن".

ئەو هاوڵاتیە باسی لەوەشکرد "هیوادارم بە یاسا رێگری لەپیسبوونی ژینگەی ناوچکەمان بکرێت و گرنگی  زیاتر بە سەوزکردنی بدرێت و قەرەبووی ئەو کەسانەش بکرێتەوە کە بە هۆی کارگەکانەوە زەرەرمەندبوون".

هەر لە یاداشتەکەی خەڵکی بازیاندا هاتووە (ساڵانە ڕێژەیەک لە داهاتى کۆمپانیاکان کە لایەنى کەم لە 5% کەمتر نەبێت، لە سندوقێک دابنرێت بەناوى (سندوقى پەرەپێدانى بازیان) بۆ پڕۆژەى خزمەتگوزارى بەکاربهێندرێت. پابەندکردنى کارگە و کۆمپانیاکان بە رەخساندنى هەلى کار بۆ دانیشتوانى سنوورەکە).

 رێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەوداپرێسی وت "دانانی پشکێک لە داهاتی کارگەکانی سنووری بازیان لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومون جێگیر کراوە و بڕیارێک نییە لە پەرلەمانەوە ناچاریان بکات بە رێژەیەک لە داهاتەکەیان بدەنە ئیدارەی ناوچەکە".

وتیشی "دەمانەوێت لە پەرلەمانەوە بڕیارێک دەرچێت سەبارەت بە ناحیەی بازیان رێژەی  2% ی قازانجی کارگەکان بدرێت بە ناوچکە ئێمە داوای  رێژەی 5% مان کردوە بەڵام ئەو رێژەیە نادرێت".

باسی لەوەشکرد "لەو داهاتەی لە کارگەکان وەردەگرێت بەشێکی بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بێت و بەشێکیشی بۆ رەخساندنی هەلی کار بێت بۆ گەنجان".

جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنه‌ى کاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان پێشتر بە مەوداپرێسی راگەیاندبوو "لەگەل داواکاری خەڵکی بازیانین و سەردانی مەیدانی ناوچەکەمان کردوە، داوامان لێکردوون لە رێگەی ناحیەی بازیانەوە داواکاری هاوڵاتیان بگەیننە دەستمان".

ئاماژەی بەوەشکردبوو "دەمانەویت هاوشێوەی یاسای پەتڕۆ دۆلار لەسەرداهاتی کارگەکانی ناوچەکە یاسایەک بۆ بازیان دەربکەین".  

بازیان شارێکی ژینگە وێران، دەور تەندراو بە نەخۆشی شێرپەنجە، کاتێک رێژەی شێرپەنجە بەئاسایی وەردەگیردرێت بۆ هەزار هاوڵاتی یەک هاوڵاتی بێت، بەپێ ئاماری نافەرمی کە دەست مەوداپرێس کەوتووە  دانیشتوانی بازیان نزیکەی 60 هەزار کەسە و لەو ژمارەیەش تەنها 110 هاوڵاتی تۆمارکراوە لەئێستادا  لە نەخۆشخانەی هیوا کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، ئەمەش ئامارێکی ترسناکە.

دەقی یاداشتی بەشێک لە هاوڵاتیانی ناحیەی بازیان بۆ/ نوسینگەى پەرلەمانى کوردستان/ سلێمانى:

بۆ/ نوسینگەى پەرلەمانى کوردستان/ سلێمانى
 بابەت/ داواکارى 

دواى ئەوەى ناوچەى بازیان لەسروشتێکى کشتوکاڵیەوە گۆڕدا بۆ ناوچەیەکى پیشەسازى و چەندین کارگە و کۆمپانیا کارى وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا دەکەن بەشێکیان پیشەسازى قورس و گەورەن، بەپێى ئامار و بەدواداچوونى لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دۆخى تەندروستى و ژینگەیی بەرەو ئاقارێکى مەترسیدار هەنگاوى ناوە و ڕێژەى نەخۆشی شێرپەنجە ڕۆژ بەڕۆژ لەبەرزبوونەوەدایە، هاوکات فراوانبوونى پیشەسازییەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ لەزیادبووندایە بێ بیرکردنەوە و گوێدانە ژیانى ئەو 60 هەزار هاوڵاتیەى کە لە سنوورەکەدا دەژین، وە کارگەکان هیچ هاوئاهەنگیەکى ڕێکخراو و لەگەڵ ئیدارەى ناوچەکە و هاوڵاتیان ناکەن لە بوارى ژینگە و تەندروستى و دەستى کار و خزمەتکردنى ناوچەکە. بۆیە وەک هەنگاویکى خێرا بۆ ڕێگریکردن لە خراپتر بوونى دۆخەکە و ڕێکخستنى هاوئاهەنگى نێوان ئیدارەى ناوچەکە و هاوڵاتیان لەگەڵ کۆمپانیاکان تا ئەو کاتەى یاساى وەبەرهێنان پاراستن و چاکردنى ژینگە هەموار دەکرێتەوە داواکارین لە نوسینگەى سلێمانى پەرلەمانى کوردستان پرۆژە بڕیارێک پێشکەش بە سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بکات بەمەبەستى بڕیاردان لەسەرى لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە کە ئەم داواکاریانە لەخۆ بگرێت: 

یەکەم: لە بوارى ژینگە
سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان ناچاربکرێن کە ساڵانە ڕووبەرێکى دیاریکراو کە لانیکەم لە دۆنمێک کەمتر نەبێت سەوز بکەن لە دەرەوەى کارگەکەیان و ئەرکى چاندن و ئاودان وخزمەتکردنى بگرنە ئەستۆ. ناچارکردنی کارگەکان بە گرتنەبەرى رێگە و شێوازى زانستى تازە و سەردەمیانە بۆ پاراستنى ژینگە و چارەسەرکردنى پاشەرۆکانیان. حکومەت ئەرکى هێنانى کۆمپانیایەکى نێودەوڵەتى پسپۆر لە بوارى ژینگە و تەندروستى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لە سەر دۆخى ژینگەیی و ئاستى پیسبوونى ژینگەى ناوچەکە بگرێتە ئەستۆ. کردنەوەى بنکەیەکى فەرمانگەى ژینگە لەسنورەکەدا بۆ چاودێریکردنى بەردەوامى بارودۆخى ژینگەى ناوچەکە و دابینکردنى سەرجەم ئامێر و ئامرەزەکان.


 دووەم: تەندروستى
بەشێوەیەکى ڕێکخراو ئەوانەى کە نەخۆشى شێرپەنجە و درێژخایەنەیان هەیە لەکاتى چارەسەرکردنیان هاوکارى بکرێن. کردنەوەى نەخۆشخانەیەکى تەندروستى پێشکەوتوو لەسنورەکەدا.  


سێیەم:خزمەتگوزارى و هەلى کار:
 1ـساڵانە ڕێژەیەک لە داهاتى کۆمپانیاکان کە لایەنى کەم لە 5% کەمتر نەبێت، لە سندوقێک دابنرێت بەناوى (سندوقى پەرەپێدانى بازیان) بۆ پڕۆژەى خزمەتگوزارى بەکاربهێندرێت. 
2ـ پابەندکردنى کارگە و کۆمپانیاکان بە رەخساندنى هەلى کار بۆ دانیشتوانى سنوورەکە. 
3ـ دروستکردن و چاککردنەوەى ڕێگەو بانەکان بەتایبەت ئەوانى هاتوچۆى کارگەکانى لەسەرە بخرێتە ئەستۆى کارگەکان، لە شوێنى یەکتربڕەکان ناچاربکرێن بەدروستکردنى ئەندەرباس بۆ بارهەڵگرەکانیان تاڕێگرى بکرێت لە دروستبوونى کارەساتى هاتوچۆ. 

چوارەم: زەوییە کشتوکاڵیەکان 
1ـ رێگری بکرێت لە گۆڕینى رەگەزى زەوییەکان لە کشتوکاڵەوە بۆ پیشەسازى، بێجگە لەو زەوییانەى لە دەستەى وەبەرهێنان بۆیان دیاریکراوە رێگە نەدرێت هیچ مامەڵەیەکى کڕین و فرۆشتنى تر بکەن لە گەڵ هاوڵاتیان.

ناحیەى بازیان سەربە پارێزگاى  سلێمانیە دەکەوێتە رۆژئاوایی ئەو شارەوە، شوێنێکى ستراتیژی لە نیوان دو شاردا لە رۆژهەڵاتەوە سلێمانى  بە دورى 30 کیلۆمەترو لە رۆژئاوادا کەرکوک. زۆرکات بە حەوزى بازیان دەناسرێت و پێنج شارەوانى و شارۆچکە لە خۆی دەگرێت ئەوانیش ( ئەڵڵایی و بازیان و تەیناڵ و بەردەقارەمان و گۆپاڵە) لە (58) گوند پێک دیت و نزیکەى (40 ) گوندیان ئاوەدانە وە ژمارەى دانیشتوانەکەى نزیکەى (60) هەزار کەسە و  (7) هەزار خێزانە، لە ناحیەى بازیان (14) شوێنى دێرین هەیە یەکێکیان دەروازەى بازیانە بە دەربەندی بازیان ناسراوە. بە بۆچونى گەڕیدە کەریم زەند ناوى بازیان لە ( باسیان ) یان  (باس) وە هاتوە هۆزێکى کورد بوون دانیشتوى ناوچەى بازیان بوون پاشان وشەى باسیان وردە وردە گۆڕدرا بۆ بازیان ، بۆچوونى تریش هەیە کە لە (با...زیان ) یان لە (بەرزیان) وە هاتبێت .

بازیان خاوەنى زەوییەکى بەپیتە روبەرەکەى (368) کیلۆمەتر دووجایە وەکەدەکاتە ( 147.147 ) دۆنمە لە ئێستاشدا زۆربەى  روبەرەکەی بە خانوی پلاستیکی داپۆشراوەو شوێنێکى گونجاوە بۆ ئەم جۆرە کشتوکاڵە. 


PM:12:09:08/08/2019