"ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ر وه‌زیری دارایی عیراق درووستكراوه‌ فشارێكی سیاسییه‌"

مه‌وداپرێس-

په‌رله‌مانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند ئه‌و فشاره‌ی بۆ سه‌ر وه‌زیری دارایی عێراق درووستكراوه‌، فشارێكی سیاسییه‌. 

دانا جه‌زا، په‌رله‌مانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند "ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانیمان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق كرد و هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك مافی ده‌ستووری و یاسایی هه‌یه‌، ئێستا هه‌وڵێك له‌ ئارادایه‌ بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر وه‌زیری دارایی عیراق به‌ هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی خه‌رج كردووه‌".

دانا جه‌زا وتیشی "له‌ مادده‌ی 10ی یاسای بودجه‌دا، له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه‌، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی عیراق بكات، وه‌ له‌ بڕگه‌ی سێیه‌میشدا هاتووه‌: ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ئه‌و مه‌رجه‌ نه‌بێت ئه‌وا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر عێراق ده‌كه‌وێت، پاره‌ له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕدرێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی راده‌ست نه‌كردووه‌، بڕی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌وێت بڕاوه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی 10 ترلیۆن دینار بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا 6 ترلیۆن دینار له‌ ساڵێكدا ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان و 4 ترلیۆن دینار له‌ بری زیانی عیراق ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌وڵه‌كانیان دژی وه‌زیری دارایی ده‌ستپێكردووه‌، ئامانجیانه‌ زیان به‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی بگه‌یه‌نن و تا ئاستی رووخاندنی حكوومه‌ته‌كه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه‌".

دانا جه‌زا باسی له‌وه‌شكرد "هه‌رێمی كوردستان له‌ 2014ه‌وه‌ تا 2018 ماف و شایسته‌ی دارایی خۆی له‌ به‌غدا پێ نه‌دراوه‌، به‌غدا پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی نه‌داوه‌، پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت خه‌رج نه‌كراوه‌، كه‌ ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی سیادی پشكی هه‌رێم بدرێت، مادده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و پابه‌ندی حكومه‌تی عێراقن به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان".


PM:02:00:08/08/2019