پاسەوانی پەرلەمانتاران کەم دەکرێتەوە و بە گرێبەست دایاندەنێن

پاسەوانی پەرلەمانتاران کەم دەکرێتەوە و بە گرێبەست دایاندەنێن
مەوداپرێس- رەنگین عارف

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە پاسەوانی پەرلەمانتاران لە سێ کەسەوە بۆ دوان کەم بکاتەوە و دامەزراندنەکەش بەشێوەی گرێبەست بێت نەک هەمیشەیی، بڕِیارەکەش نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و یاسای پاسەوانی پەرلەمانتارانی بۆ هەموار بکەنەوە.

بەپێی یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2012، پەرلەمانتاران سێ پاسەوانیان بۆ دادەمەزرێنرێت و لە کۆتاییشدا پاسەوانێکی لەگەڵ دەمێنێتەوە و دوانەکەی تریش دەچنە سەر میلاکی یەکەی پاسەوانی و لەوێوە دابەش دەکرانەوە بەسەر ئەو شوێنانەی حکومەت پێویستی پێیان بووە، بەڵام ئەو بڕِیارە نوێیەی حکومەت پاسەوانەکانی لە سیانەوە کردووە بە دوان و دوای کۆتاییهاتنی خولەکەش گرێبەستەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە.

گۆڕان: بڕیارێکی باشە
گۆران عومەر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند "سەرەتا وتیان سێ پاسەوان بە گرێبەست دادەمەزرێنین، یەکێکیان ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت ئاساییە بۆ ئەوەی نزیکی پەرلەمانتارێک بێت وەک کەسوکار بەتایبەت بۆ پەرلەمانتارە ژنەکان، بەڵام دواتر ئەوەیان رەتکردەوە و دوو پاسەوان بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن".
وتیشی "ئەوە بڕِیارێکی زۆرباشە و پێویست ناکات پاسەوانی پەرلەمانتاران دوای تەواوکردنی خولەکە بچنەوە سەر کەرتی گشتی و بارقورسی درووست بکەن."

بەپێی بەدواداچوونێکی "مەودا پرێس" ئەگەر بۆ هەر خولێکی پەرلەمان و بۆ هەر پەرلەمانێک سێ پاسەوان دانرا بێت، ئەوا لە چوار خولی رابردوودا کە ژمارەی پەرلەمانتاران ١١١ پەرلەمانتار بووە ١٣٣٢ پاسەوان چوونەتە سەر میلاکی گشتیی حکومەت، ئەوە لەکاتێکدا تا ساڵی ٢٠١٢ پاسەوانی پەرلەمانتاران رێکنەخرابوو، بەڵام مەوداپرێس ئەوەی ئاشکرا کردووە جگە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکان کە 15 بۆ 20 پاسەوانی خۆیان لەگەڵدا بووە، تەواوی پەرلەمانتارەکانی تر سێ پاسەوانیان بۆ دامەزرێندراوە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتیشی "ئەو پاسەوانانە ناکرێت وەک پاسەوان سەیر بکرێن کە پەرلەمانتار دەپارێزن، بەڵکوو شۆفێرێکە و هاوکات ئەوەی تریش پەرلەمانتار بۆ راییکردنی ئیشوکارەکان پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی کارەکانی زووتر رایی بکات."

لەئێستادا حکومەت بڕیارەکەی ناردووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دەبێت سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.

پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکات
هیوا نەسرەدین، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند، بڕیارەکە هاتووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بڕیارە سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
وتیشی "بڕیارەکە نەچووەتە جێبەجێکردنەوە چونکە یاسایەک هەیە و باسی سێ پاسەوان دەکات بە دامەزراندنی هەمیشەیی، بەڵام ئەگەر لەڕووی بارقورسی بۆ سەر کەرتی گشتی سەیری بکەیت بڕیارەکە بەو شێوەیە باشە کە دوو پاسەوان بن و گرێبەست بن."

ئەو بڕیارەی حکومەت لەکاتێکدا بوو کە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نووسراوێکیان بۆ دامەزراندنی پاسەوانەکانیان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

نەسرەدین وتیشی "ئەو بڕیارانەی ئەم کابینە نوێیە دەیدات بەڕاستی بەشێکی بەرچاویان پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاساکان هەیە."

بەپێی ئامارە راگەیاندراوەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦٠ هەزار پاسەوان بوونیان هەیە و ئەوەش بارقورسییەکی زۆری بۆ بودجەی گشتی درووستکردووە.

رووپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند "ئەو بڕِیارە کێشە لەگەڵ یاسای پاسەوانانی پەرلەمانتاران درووستدەکات، بۆیە سەرەتا هەر هەنگاوێک بنرێت دەبێت بیر لە یاساکە بکرێتەوە، چونکە یاسا هەیە و حکومەت ناتوانێت بەسەر یاساکەدا باز بدات و بڕِیار دەربکات پێچەوانەی یاسا بێت".

ئەو پاسەوانانەی پەرلەمانتاران بۆ پەرلەمانی کوردستانی دادەمەزرێن پێویستە بڕوانامەیان هەبێت و تەمەنیشیان لە 18 بۆ 38 ساڵ بێت.

"ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت دەبێت پەرلەمان یاساکە هەموار بکاتەوە، ئەوەش دەبێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەموارکردنەوەکە بخاتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە." ڕووپاک ئەحمەد وای وت.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کارنامەى حکومەتەکەيدا رایگەیاند، شەڕ دژی گەندەڵی رادەگەیەنێت و ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەى کەمکردنەوەى خەرجی گشتیدایە.

بەپێی زانیارییەکانى مەوداپرێس ژمارەیەکى زۆرى پەرلەمانتاران لەگەڵ کەمکردنەوەى پاسەوانەکانیان نین، بەو هۆیەیشەوە چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری کەمکردنەوە و دانەمەزراندنى هەمیشەیی پاسەوانانى پەرلەمانتاران ببێتە یەکەم شەڕی یاسایی نێوان مەسرور بارزانى و پەرلەمانى کوردستان.


PM:02:17:08/08/2019