هەرێم یاسای بەسەربازگرتنی زۆرەملێ ڕەت دەکاتەوە

هەرێم یاسای بەسەربازگرتنی زۆرەملێ ڕەت دەکاتەوە
مەوداپرێس_

پڕۆژەیاسایەک لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کراوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بەسەربازگرتنی زۆرەملێ، پڕۆژەکە لە گفتوگۆی لیژنە تایبەتمەندەکەی دایە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ڕەتی دەکەنەوە لە هەرێم هیچ هەوڵێکی لەو شێوەیە هەبێت.

بە پێی وردەکاریی پڕۆژەیاساکە، ئەوانەی بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندییان هەیە، 16 مانگ خزمەتی سەربازی دەکەن، ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی ئامادەیین، 12 مانگ خزمەتی سەربازی دەکەن، هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش ماوەی 9 مانگ خزمەتی سەربازی دەکەن و ئەوانەی بڕوانامەی ماجستێر و دکتۆراشیان هەیە، لە خزمەتی سەربازی دەبەخشرێن.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە مەوداپرێسی ڕاگەیاند "پڕۆژەیاساکە لە لایەن حکومەتەوە هاتووەتە لای لیژنەکەی ئێمە و یەک جاریش گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام جیاوازی درووست کردووە و گفتوگۆکان لەسەر ئەو یاسایە کاتی دەوێت".

وتیشی "لایەنی باشی ئەو بڕیارە ئەگەر بکرێت ئەوەیە هێزەکانی عێراق لەو پەرتەوازەییەی ئێستاوە دەکرێت بە نیشتیمانی بکرێن و لەژێر یەک فەرماندا بن، بەڵام دیسان ئەوەش لەو هەموو سەرچاوەی بڕیارەی لە عێراق هەیە تووشی کێشە دەبێتەوە کە جێبەجێ بکرێت، بۆیە دەکرێت بڵێین پڕۆژەیاساکە ئاستەنگی زۆری لە بەردەمدایە".

سەبارەت بە پابەندبوونی هەرێم لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق، هەرکی وتی "هەرێم نیمچە سەروەرییەکی دانپێدانراوی هەیە، حکومەت و سەرچاوەی یاسادانانی خۆی هەیە، ئەگەر هەرێم خۆی بیەوێت و لە پەرلەمانی کوردستان یاساکە تەبەنی بکات پابەند دەبێت، بەڵام هەرێم خۆی نەیەوێت پەسەندکردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق پەیوەندیی بە هەرێمەوە نابێت".

پێشتر و لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا لە عێراق یاسای بەسەربازگرتنی زۆرەملێ کارا بووە.
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هیچ پێشنیار و هەوڵێک لە وەزارەتی پێشمەرەگەوە بە مەبەسەتی سەربازگرتنی زۆرەملێ بوونی نییە".

قارەمان کەمال بە مەوداپرێسی وت "هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی زۆرە و پێشمەرگەیەکی زۆری هەیە، جگە لەوەش ئێستا وەزارەت سەرقاڵی چاکسازییە و هیچ هەوڵێک و پڕۆژەیەک نییە سەربازگرتنی زۆرەملێ درووست بکرێت".
لە پڕۆژەیاساکەی عێراقدا ئەوەش هاتووە کە دەتواندرێت کەسێک سەربازییەکەی نەکات پارە بدات و ئەوەش وەک داهاتێکی تر بۆ عێراق لێک دراوەتەوە، هەروەها ئەوەش هاتووە دەکرێت بەسەربازگرتنەکە تەنها لە بواری شەڕدا نەبێت و بۆ پرسی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانیش سوودی لێ وەربگیرێت.

نزار مەلا عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە مەوداپرێسی ڕاگەیاند " هیچ پڕۆژەیاسایەک و تەنانەت پێشنیارێکی لەو جۆرەش لە هیچ لایەنێک و پەرلەمانی کوردستانەوە سەبارەت بە دەرکردنی یاسای بەسەربازگرتنی زۆرەملێ لە ئارادا نییە".

بەڵام لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا چەند جارێک گفتوگۆ لەو بارەیەوە کراوە و پەرلەمانتارێکی ئەو خولەش بەسەربازگرتنی زۆرەملێ بۆ هەرێم بە پێویست دەزانێت.
بەهار عەبدولڕەحمان، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگە لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە مەوداپرێسی وت "لە خولی پێشوو چەند جارێک گفتوگۆ لەسەر بەسەربازگرتنی زۆرەملێ کرا، بەڵام تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆدا مایەوە و نەچووە قاڵبی پڕۆژەیاسا تا بدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بخرێتە بەرنامەی کارەوە".

وتیشی "بەسەربازگرتنی زۆرەملێ بۆ هەرێم گرنگە چونکە دەبێت هۆی ڕێکخستن و بە نیشتیمانیکدنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەوە نامێنێت هەر حزبە و هێزێکی تایبەت بە خۆی هەبێت و ئەو هێزانەش هەمیشە مەترسی لەسەر کوردستان و ئەزموونەکەی درووست بکەن".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و بە چاودێری ئەمەریکا لە هەوڵی جێبەجێکردنی چاکسازییەکی ٣٥ خاڵیدایە لەناو هێزەکانی پێشـەرگەدا.

پەرلەمانتارەکەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە "بڕیاری ژمارە ١٩ی خولی ڕابردوو کە تایبەت بوو بە پێشمەرگە هەوڵێک بوو بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوە و بە دامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".


PM:07:15:11/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌