سەرسام دەبیت
ئینتەرنێت لە کێوی عەرەفە

سەرسام دەبیت<br>
ئینتەرنێت لە کێوی عەرەفە
مەوداپرێس ـ 

خزم و کەسوکارمان بەشدارییان کردووە لە حەجی ئەمساڵ، وەک جاران نیگەرانی حاڵیان نین، چونکە دەتوانن هەموو کاتژمێرێک چەند وێنەیەک بڵاوبکەنەوە، نەخێر، دەشتوانن راستەوخۆ قسە بکەن و مەراسیمەکان بگوازنەوە ئەوەندەی رێپێدراوە (لایڤ)، بەڵام سەبارەت بە ئینتەرنێت لە حەج و بڕی بەکارهێنان وچۆنیەتی بەکارهێنان زانیاریمان نییە.

میدیای عەرەبیی بۆ حەجی ئەمساڵ تیشکی خستووەتە سەر ئاستی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە حەج، بەگوێرەی میدیای عەرەبیی، ئەمساڵ بەکارهێنانی ئینتەرنێت ریکۆردی شکاندووە. 

سایتی سکاى نیوز عەرەبییەی ئیماراتیی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانى سعودیە دوێنێ یەکشەممە رایانگەیاندووە، قەبارەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن حاجیانەوە لە شاری مەککەی پیرۆز، بە ڕێژەی ٣٤% بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرز بووەتەوە.

زانیارییەکە لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی سعودیە بڵاوکراوەتەوە و روونیکردووەتەوە، قەبارەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەگوێرەى زانیارییەکان لە رۆژی عەرەفە ١٧١٨ تێرابایت بووە (تێرابایت یەکەی زانیاریی و هەڵگرتنە لە کۆمپیوتەردا، یەک تێرابایت یەکسانە بە ١٠٢٤ گێگابایت)، کە بەرامبەرە بە تەماشاکردنی گرتەی ڤیدیۆیی بە کوالێتی (١٠٨٠ pHD) بۆ ماوەى زیاتر لە ٧٠٤ هەزار کاتژمێر، بەگوێرەى زانیارییەک کە ئاژانسى هەواڵی سعودیە "واس" بڵاویکردووەتەوە، کە ئاژانسى هەواڵی رەسمیی حکومەتی ریازە.

ئامارە بڵاوکراوە رەسمییەکانی عەرەبستانی سعودیە کە لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی سعودیە بڵاوکراونەتەوە تەئکیدی لەوەکردووەتەوە، بەگوێرەى قەبارەی بەکارهاتووی ئنتەرنێت، هەر بەشداربوویەک ٣٤٤ مێگابایتی بەردەکەوێت، ئەمەش سنوری بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەسەر ئاستی جیهان تێدەپەڕێنێت کە تا ئێستا گەیشتوەتە ١٨٠ مێگابایت بۆ هەر بەشداربوویەک بە رێژەی ٩١%.

دەستەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی سعودیە ئاماژەی بەوەشکردووە کە  زیاتر خزمەتگوزارییەکانی یوتیوب، سناپ چات، فەیسیوک، واتساپ و ئینستگرام بەکارهێنراون. 

ئامارەکان دەریانخستووە تێکڕای خێراییەکانی دابەزاندنی ئینتەرنێتی گەڕۆک گەیشتووەتە (٤٤.٩١ مێگابایت/ چرکە) واتە بەرێژەی (٧٢.٤٧%) بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە، هاوکات تێکڕای داونلۆدکردنی ئینتەرنێتی گەڕۆک (١٥.٧٣ مێگابایت/چرکە) بووە، واتە بەڕێژەی (٥٥.٧٤) بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە.

دەستەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی سعودیە ئەوەشى خستوەتەڕوو کە ژمارەی تەلەفۆنکردنە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن پەیوەندی، وە ژمارە تەلەفۆنکردنە نێودەوڵەتییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیۆن پەیوەندی. 






AM:11:56:12/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌