کەلتورە سەیرەکان لە جەژندا

کەلتورە سەیرەکان لە جەژندا
مەوداپرێس ـ 

ئەگەرچى کەلتوری موسوڵمانان لە وڵاتە عەرەبیی و ئیسلامیەکاندا لە بەڕێکردنی جەژنی قورباندا هاوشێوەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک گەل و وڵات هەن کەلتوری جەژنی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، لێرەدا سەیرترین ئەو کەلتورانەتان بۆ دەخەینەڕوو کە سەرنج رادەکێشن.

جۆش و خرۆشى قوربان

خەڵک لە هەردوو وڵاتی مۆریتانیا و سەنگال، وەک دوو وڵاتی دراوسێ، شانازی دەکەن بە سەربڕین و قوربانییکردنەوە، ئەوان بایەخ بە ئاژەڵی گەورە و شاخداری شاخدرێژ دەکەن بۆ قوربانییکردن، بەجۆرێک ئاژەڵەکە رەنگی سپی بێت، بەوەش خاوەن قوربانییەکە دەبێتە خاوەن پێگە و ناوبانگ لەناو کەسوکارەکەیدا، لەکاتێکدا کەسانی تر کاوڕی بچوک دەکڕن و بەدرێژایی سال خزمەتی دەکەن و بایەخی پێدەدەن و شەونخونی دەکەن بۆ قەڵەوکردنی و لە ماڵدا دەیبەستەوە تا رۆژی جەژن، چونکە باوەڕێکیان باوە لایان، کە بەستنەوەی قوربانیی لە ماڵدا خێزان لە ئیرەیی دەپارێزێت، لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەفتانە حەمامێک بەو ئاژەڵە دەکەن و بە سابون دەیشۆن، هەندێک پێش سەربڕین، بۆن لە ئاژەڵی قوربانییەکە دەدەن
.

خواردن بۆ مردوو

لە فەڵەستین، دانیشتوانى ئەم وڵاتە لە جەژنی قورباندا سەردانى گۆڕی مردووەکانیان دەکەن و خواردنیان لەسەر گۆڕەکانیان بۆ دادەنێن، پارچە گۆشت لەسەر لێواری گۆڕەکانیان بەجێدەهێڵن بۆیان، هەروەها لەگەڵ خواردندا، شیرینیشیان بۆ بەجێدەهێڵن لەسەر گۆڕەکانیان و پاشان نوێژیان لەسەر دەخوێنن. 

حەسیر لە بەحرەین

بەحرەین وڵاتێکی عەرەبییە، هاوشێوەی وڵاتانی تر کەلتورێکی تایبەت بەخۆی هەیە، سەرەڕای کەلتوری ئیسلامیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبیی و ئیسلامییدا، ئەو کەلتورەش بریتیە لەو کەلتورە ناسراوەی بەحرەین کە تیایدا منداڵان ئاهەنگ دەگێڕن بۆ ئەوەی ئاژەڵی قوربانییەکە دەخرێتە دەریاوە و سرودێکی ناوچەیی دەوترێت. لە بەحرەین حەسیرێکی لە پەلکی خورما دروست دەکەن و گەنم و جۆی لەسەر دەچێنن، هەڵیدەواسن بە دیواری ماڵدا تا گەورە و بەرز دەبێت، پاشان دەیخەنە دەریاوە لە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە. 

رفاندنی کاوڕ

لە چین یارییەک هەیە بەناوی رفاندنی کاوڕ، گرنگترین رووخساری ئاهەنگی موسوڵمانانی چینە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، ئامادەبووانی ئاهەنگەکە بە دواى یەکدا و بە سواری ئەسپ بەخێرایی زۆر کاوڕێک دەڕفێنن، ئەو کەسەی لە کردەکەدا کەمترین کاتی ببات، بە سەرکەوتوو دادەنرێت. پاش سەرکەوتن پیاوانی خێزانەکە لە دەوری کۆدەبنەوە و دوعا و ئایەتی قورئانی بەسەردا دەخوێنن بۆ ماوەی پێنج خولەک، پاشان گەورەی خێزانەکە سەری دەبڕێت.


AM:12:21:13/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌