شه‌هیدبوونی وه‌دات حسێن سێ ساڵی تێپه‌ڕاند

شه‌هیدبوونی وه‌دات حسێن سێ ساڵی تێپه‌ڕاند
مه‌وداپرێس-سازگار ئه‌حمه‌د

ئه‌مڕۆ 13ی ئابی 2019 سێ ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر شه‌هیدبوونی رۆژنامه‌نوس وه‌دات حسێن، که‌ له‌ رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا به‌شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ وه‌دات حسێن له‌لایه‌ن ده‌ستێکی نادیاره‌وه‌ تیرۆر کرا.

وه‌دات حسێن ناسراوه‌ به‌ "وه‌دات دهۆکی"، له‌ساڵی 1988 له‌ گوندی ئه‌له‌کانی سه‌ر به‌شارۆچکه‌ی گه‌ڤه‌ری پارێزگای جوله‌مێرگی باکوری کوردستان له‌دایکبووه‌ له‌ساڵی 1990 بنه‌ماڵه‌که‌ی هاتونه‌ته‌ شاری دهۆک نیشته‌جێبوون، وه‌دات گه‌نجێکی بوێر و وڵات پارێز بووه‌ به‌شداری چه‌ندین چالاکی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی کردووه‌.

وه‌دات له‌ساڵی 2016 وه‌ک په‌یامنێری ئاژانسی رۆژنیوز له‌ شاری دهۆک ده‌ستبه‌کار ده‌بێت، ئه‌مه‌ش فشاری ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی ئه‌و شاره‌ له‌سه‌ر وه‌دات زیاتر ده‌کات و چه‌ندین جار ده‌ستگیر ده‌کرێت، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌کارکردن، له‌دوای دوومانگ ده‌ستبه‌کاربوونی له‌ ئاژانسی رۆژنیوز به‌یانی رۆژی 13ی ئابی 2016  له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ وه‌دات ده‌رفێنرێت، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ به‌ برینداری ده‌دۆزرێته‌وه‌ دوای گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تاوه‌کو ئێستا هیچ به‌ره‌وپێشچونێک له‌ که‌یسی تیرۆرکردنی وه‌دات حسێن نه‌بووه‌ سۆران حسێن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری ئاژانسی رۆژنیوز به‌مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "وه‌دات یه‌که‌م که‌س نیه‌ تاوه‌کو ئێستا که‌یسه‌که‌ی یه‌کلا نه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو چه‌ندین رۆژنامه‌وانی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ که‌یسه‌کانیان یه‌کلا نه‌کراوه‌ته‌وه"‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان بیه‌وێت به‌چه‌نده‌ها کاتژمێر ده‌توانێت که‌یسه‌که‌ یه‌کلا بکاته‌وه، چونکه‌ چه‌نده‌ها که‌یسی کوشتن هه‌بوو به‌ چه‌ند کاتژمێرێک به‌ کامێرا و ڤیدیۆ ئاشکرا کراوه‌، به‌ڵام بۆ که‌یسه‌که‌ی وه‌دات کارێکی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌کراوه‌".

سۆران حسێن وتیشی "هیچ ئۆمێدێکمان به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نیه‌، به‌ڵام وه‌ک رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگای ئاژانسی رۆژنیوز و هه‌موو ئازادیخوازان که‌یسی وه‌دات به‌ کراوه‌یی ده‌هێڵینه‌وه‌، تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی دادگه‌ری دادپه‌روه‌رانه‌ دێته‌ سه‌ر حکوم له‌ باشوری کوردستان".

سۆران حسێن، هیواداره‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ داهاتوودا کار بۆ ئه‌وه‌ بکات، چیتر رۆژنامه‌نوسان تیرۆر نه‌کرێن و مافه‌کانیان پێشل نه‌کرێت له‌ هه‌موو بواره‌کاندا.‌

 

 



PM:03:19:13/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌