مەسرور بارزانی هۆشداری دەداتە وەزیرێكی گۆڕان

مەسرور بارزانی هۆشداری دەداتە وەزیرێكی گۆڕان
 مەوداپرێس-هێمن مامەند


لەسەر پرسی گەڕاندنەوەی مووچەی ژمارەیەك لە كەمئەندامان كێشە دەكەوێتە نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كوێستان عەبدوڵڵا، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پشكی گۆڕان و لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هۆشداریی دراوە بەو وەزیرە كە چیتر بڕیارەكانی وەزارتەكەی نەكاتە دەستكەوتی كەسی و حزبی.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا میدیاكانی گۆڕان باسیان لەوە كرد كە مووچەی 13 هەزار كەمئەندام بە هۆی تیمی گۆڕان لە حكومەت گەڕێنراوەتەوە و بە دوایدا ڕوونكردنەوەیەكی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەت هات، كە تیایدا باسی لەوە كرد ئەو بڕیارە لە حكومەتەوە دەركراوە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین بەرۆژنامەی ئاژانسی راگەیاندووە "سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئاگاداری وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیی كردووەتەوە، كە نابێت ئەو كارەی ڕابردووی دووبارە بكاتەوە و كار و چالاكیی وەزارەتەكەی بە دەستكەوتی حزبی بناسێنێت״.

وتیشی: ״ڕەخنەی ئەوە لە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی گیراوە كە دەبوو ئارام بگرێت تا ئەنجامی وردبینیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر گەڕانەوەی مووچەی هەركەسێك دەدرێت، كە 12 جۆری كەمئەندام هەیە״.

موسڵیح عومەر، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم، بەرۆژنامەی ناوباروی راگەیاندووە ״بڕیاری كۆتایی لەسەر خەرجكردن و گەڕاندنەوەی مووچەی كەمئەندامان نەدراوە، چونكە وەزارەتی دارایی پێویستی بە كات هەیە بۆ وردبینییەكی تەواو لە مووچەی كەمئەنداماندا و پاش وردبینی دوا بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی مووچەی كەمئەندامان دەدرێت".

هاوكات سامان حسێن، سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان، رایگەیاندووە  " ڕاگەیاندنی بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی كەمئەندامان لە لایەن وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتییەوە پەلەی تێدا كرا و تا ئێستا نازانین كەی و مووچەی چەند مانگی كەمئەندامان خەرج دەكرێت، چونكە هیچ نووسراوێكی فەرمی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و كاروباری كۆمەڵایەتی لەم بارەوە دەرنەچووە".



AM:11:10:21/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 27528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌