کۆمپانیا حزبی و شەخسییەکان بازاڕی دەرمانیان قۆرخ كردووە


کۆمپانیا حزبی و شەخسییەکان بازاڕی دەرمانیان قۆرخ كردووە
مەوداپرێس- رەنگین عارف

سێ خولە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم پێشنیازی دامەزراندنی دەزگایەکی نیشتیمانییان کردووە بۆ هێنانی دەرمان لەژێر چاودێری پەرلەمان و وەزارەتی تەندروستیدا، بەڵام وەک باس دەکرێت کۆمپانیا شەخسی و حزبییەکانی دەرمان رێگرن لە دروستکردنی دەزگایەکی لەو شێوەیە.

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست مەوداپرێس کە لە سەرچاوە پەیوەندیدارەکانەوە وەریگرتوون، لە هەرێمی کوردستان 217 کۆمپانیای هێنانی دەرمان بوونیان هەیە و بەشێکیان لە لایەن بەرپرسانی هەرێم و حزبەکانیانەوە خاوەندارێتی دەکرێن، ئەوەش وای کردووە دامەزراندنی دەزگایەک یان کۆمپانیایەکی نیشتیمانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێنانی دەرمان قورس ببێت و ئەو بەرپرسانە و حزبەکانیشیان رێگریی بۆ دروستدەکەن.

شوکریە ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، بە مەودا پرێسی راگەیاند، لە خولی ئەواندا گفتوگۆی چڕوپڕیان لەو بارەیەوە کردووە و لەگەڵ وەزیری تەندرووستیشدا قسەیان کردووە، بەڵام دواجار ئەو دەزگایە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی "کۆمپانیایەکی زۆر هەیە هی بەرپرس و حزبەکانە، ئەوانە رێگری گەورەن لەبەردەم دروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی بۆ هێنانی دەرمان و چاودێریکردنی کوالێتی و نرخەکانیان، بۆیە ئەو پرسە پێویستی بە بڕیاری سیاسیی بە پاڵپشتی هێزە سیاسییەکان هەیە."

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو دەزگایە هەر درووست دەکرێت، بەڵام لە ئاییندەیەکی نزیکدایە یان دوور ئەوەیان نازاندرێت.

پرسی دەرمان، کوالێتی و نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان قسەوباسی زۆری لەسەرە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە 19ی ئابی 2018 تا 19ی ئابی 2019 زیاتر لە 25 تۆن دەرمانی خراپ و بەسەرچوو لەناو براوە.

جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان، بە مەوداپرێسی راگەیاند، پرسێکی جدی و گرنگ کە لە لیژنەکەیان گفتوگۆیان لەسەرکردووە و بۆیان گرنگە پرسی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نیشتیمانییە بۆ هێنانی دەرمان و چاودێریکردنی و لەو بارەیەشەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی گفتوگۆیان کردووە.

وتیشی "گەشبینین کە لەم خولەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو دەزگایە دابمەزرێت و هەموو پرسەکانی هێنانی دەرمان، نرخ و کوالێتی لەژێر چاودێریی پەرلەمان و حکومەتدا لە دەزگایەکی نیشتیمانیدا یەک بخرێن."

لەئێستادا حکومەتی عێراقیش سەرقاڵی دروستکردنی کۆمپانیایەکی نیشتیمانییە بۆ هێنان و کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان، بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە هەرێمی كوردستان دەتوانێت تا دروستکردنی دەزگا نیشتیمانییەکەی خۆی سوود لەو کۆمپانیا نیشتیمانییە عیراق وەربگرێت بۆ هێنانی دەرمان.

لە مانگی ئابی 2016 وەزارەتی تەندروستی داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی لەو شێوەیە و هەروەها لە مانگی 6ی 2017شدا هەمان داوا پێشکەش کراوەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو دەزگایە دانەمەزرێنراوە.

بەپێی زانیارییەکانی مەوداپرێس کە لە سەرچاوەی ئاگاداری بواری کۆمپانیاکانی دەرمان و وەزارەتی تەندرووستییەوە بەدەستی گەیشتووە، کۆمپانیا شەخسی و حزبییەکانی دەرمان زۆرن، ئەگەرچی هیچ کام لە کۆمپانیاکان راستەوخۆ بەناوی بەرپرسانەوە نین، بەڵام لە پشتیانەوە هی ئەوانن و ئەوەش رێگری لە دروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی دەکات.

بەپێی رەشنووسی دامەزراندنی دەزگاکە، یەک کۆمپانیای نیشتیمانی سەرپەرشتی تەواوی هێنانی دەرمان بۆ هەرێم دەکات و 20 کۆمپانیای دیکەش وەک هاوکاری ئەو کۆمپانیا نیشتیمانییە دەهێڵدرێنەوە.

د.محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەوداپرێسی راگەیاند "لە کارنامەی درێژمەودای وەزارەتی تەندروستیدا دامەزراندنی دەزگایەکی لەو شێوەیە لە کارە گرنگەکانە، کە نەک تەنها دەرمان، بەڵکو خواردنیش دەگرێتەوە و ئەوەش هەر تەنها پەیوەست نییە بە وەزارەتی تەندروستییەوە، بەڵکو زۆر لایەنی تریش دەگرێتەوە".

وتیشی "گەشبینین کە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی کابینەی نۆدا ئەو دەزگایە دابمەزرێت و بە تەواوی دەرمان و خۆراک و هێنانیان، نرخەکانیان، کوالێتیان بە نیشتیمانی بکرێن و لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیراندا بن."





PM:05:42:25/08/2019