کۆچەری: کراسەکەی بەریشم بۆ پاراستنی کوردستان دەفرۆشم

کۆچەری: کراسەکەی بەریشم بۆ پاراستنی کوردستان دەفرۆشم
چاوپێکەوتنى: نەرمین عوسمان

نووسینەوەی بەسەرهاتەکانی فەیمە کۆچەری ئاسان و ئاسایی نییە، ناتوانم ماف بدەم بەو ژیانە پڕ لە ئازار و سەروەریی و توانا و ئازایەتی و چاونەترسی و بەسەرهاتە سەرسوڕهێنەرانە، پێویستم بە وشەی تازە هەیە تابتوانم پێناسەی باری دەروونی و ویژدانی بکەم، نەشمتوانی بگەڕێم بەدوای کاتە ونەکان و بیرکردنەوە پڕ لە ئازارەکانی و بچمە ناو بێدەنگییەوە کە خۆی شەپۆلێکی شاراوەیە، دەبێ فیلمسازێکی بەتوانا ئەو ژیانە بۆ بینەر نمایش بکات و هەندێ لێوەی نزیکبێتەوە.

ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ ژنێکە لە قەدەغەکراوەکان نەترساوە، ئەوەندەی باوەڕ بەتوانای خۆی هەیە لە کەم کەسدا بەدیم کردووە، خاتوونێکە لە یاریكردن بەئاگر ناترسێ، دەتوانم بڵێم خۆی گڕێکی نەکوژاوەیە و دەبێ جیهانی زوڵم لێی بترسێ، پاڵەوانێکە سەرمەستی شکاندنی لووت بەرز و زۆردارەکانە، مانای دووبارە نازانێ، بەردەوام سەرقاڵی داکۆکیکردنە لە پێشمەرگە و نەدار و لێقەوماوان.

كۆچەری نابێ تەنیا بەسەرهاتەکانی بنووسرێتەوە، دەبێ پەیکەرێکی بۆ داتاشرێ، نموونەی ژنی کوردی ئازا و خۆڕاگر و ژیان سەخت بێ، ئەگەر غەدری زەمانە نەبێ لە ژن، فەیمە دەبوو سەرکردەیەکی سەربازیی مەزن بێ.

سیحری ئەو خاتوونە وەک کەروێشکەی گوڵەگەنمەکانی گەرمیان ختووکەی هەستەکانمی دەدا، لەئاستیدا خۆم بەلاواز دەبینی، لەگەڵ ئەوەشدا سۆمای چاوی و سەیرکردنە بەهێزەکەی وەک مانگی هیلال لەنێوان هەوری رەشی شەوەزەنگی ئاسمانی سموود دەردەکەوت و منی بۆلای قسەو گوتارەکانی رادەکێشا، لەناو گەرمی ژیانیدا حەشاری دەدام و ناوە ناویش ونی دەکردم، وتەکانی هەرچەندە رەقیەکی تیابوو، بەڵام رازاوە بوون بە داکۆکی و نەترسان و ئازایەتی، وەک قەسیدەیەکی درێژی خورافی منی دەگێڕا لەناو داستانەکان و بەسەرهاتەکانی رۆژانی ژیانی و خەمەکانی ئەنفال و خۆشی پاڵەوانی داستانەکە بوو.

دەیبردمەوە شارە خامۆشە رەشپۆشەکان و کۆڵانە چۆڵەکانی دوای ئەنفال کە جگە لە بۆنی خوێن هەستم بەهیچیتر نەدەکرد، جارێکیتر قۆڵی دەگرتم و دەیگەڕاندم بەناو شاخ و تولە رێگاکانی و دۆڵ و چەمی پڕ چەقەڵ و بەناو بەردە رەقە تەمەن هەزار ساڵەکاندا، لەو کاتە منیش دەگەڕام بەدوای دیوارێکدا چیرۆکەکەی فەیمە و ئازاری پەنجا (50) ساڵەی لەسەر بنووسمەوە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە وەک چاخی بەردین تۆماری بکەم بۆ نەوەکانی داهاتوو و دەگەڕامەوە بۆ لای خۆی و لەنێوان جلە شڕەکانی ئەوسا و رەشەکانی ئێستایدا شارێکی وێران و پڕ لە چەقەڵ و گورگ و رێگر و غەریبیم دەبینی، لەگەڵ ئەمانەشدا بەردەوام بەسەرسامییەوە گوێم بۆ قسەکانی  قوڵاغ کردبوو.

گفتوگۆکەم لەگەڵ فەیمە کۆچەری لە ماڵەکەی لە گەرمیانی پیرۆز ئەنجامداوە، ماڵێک لە دوورەوە لە بارەگایەکی یەکێتی دەچوو، دوو ئاڵای سەوزی یەکێتی بەسەربانە قوڕە شڕەکەیەوە دەشەکایەوە، لە نزیکەوە لە چۆڵەوانییەک دەچوو خانویەک شایستەی سەروەری و هیلاکی ئەو خاتوونە نەبوو، لەگەڵ ئەو هەموو کەم و کوڕییەشدا دڵیخۆش بوو، چونکە نزیک مانگا و گا و گۆلک و مریشک و جوجەڵەکانی بوو، وەک خۆی وتی" ئاوەدانین بۆم".

بەخۆی و گۆچانە دارەکەیەوە دەرگا ژەنگاوییەکەی لێکردینەوە، بەگەرمی گەرمیانییەکانەوە پێشوازی لێکردین، نەیدەزانی لەکوێ دامان بنێ بەهۆی گەرما و نەبوونی کارەباوە، خەریکی دۆکردن بوو بۆ دۆینە و دەیوت "هەموو بەیانییەک دۆینە لەگەڵ تۆزێ رۆنی کوردی قرچاو دەخۆم".


کەڵەگا و هەستی نەتەوەیی 
هەرکە گەیشتین پیاوێکی خەڵکی سموود هاتبوو داوای کەڵەگاكەی خاتوو فەیمەی دەکرد بۆ ئەوەی مانگاکەی لێکەڵبکات، فەیمەخانیش بەدەنگی بەرز دەیوت وەڵڵا مانگای باوکیشم بێ لێیکەڵنادەم و گاکەم لاوازناکەم دامناوە بۆ ئەوەی سەری ببڕم بۆ پێشمەرگە خۆ بەلاوازی دەرخواردیان نادەم، هاواری دەکرد "عەلی پێبێژە بابڕوا خۆی هیلاک نەکا نابێ"، زوو زووش دەیوت پێشمەرگە دونیا و دینمە هەرچی هەمە بۆ ئەوانە.

دوای تۆزێ دانیشتن وتی "دەچم خۆم دەگۆڕم ئەم جلانەم هی ئیشە و لەوەتەی ئەنفال روویداوە جلی رەشم دانەکەندووە".

فەیمە کۆچەری وەک خۆی وتەنی تەمەنی (50 و پانزە ساڵە) لە ژاڵەی رەوەت (رەبات) لە ناوچەی سەنگاو لەدایکبووە، کچی حەمەمینی رەواتییە لەدایکی خۆی 3 برا (کەریم و عەلی و قادر)ی هەیە، تائێستا رەگەزنامەی عیراقی نییە، لە بنەماڵەیەکی کۆڵنەدەر و ئازا و چاونەترسدا ژیاوە، هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە بووەتە جەلالی (باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان) دواتریش چووەتە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، لەمیانەی گێڕانەوەدا وتی "بۆیە رقم ها لە نەوشیروان، چونکە کۆمەڵەی هەڵوەشاندەوە و دواتریش گۆڕانی دروستکرد".

سەرەتای کۆچەری
گێڕایەوە وتی "من کچێک بووم تازە هاڵدەچووم دەسەڵاتدارانی ناوچەکەمان هاتنە سەرمان بۆ زەوییەکانمان، سەرەتا دەمانویست تووشی شەڕ نەبین و چوومە بەردەمیان قورئانم برد بەرەو پیرییان و پێمووتن وازمان لێبێنن، بەڵام سودی نەبوو، پێی وتم براكەت دەكوژم و ماڵەكەشتان دەسوتێنم، منیشم پێموت (دێڵی حیز گەماڵ کوژ ناخاتۆ) ئیتر بڕیارماندا بەرەنگاریان ببینەوە و شەڕمان کرد ئەوان جاشی رەبایەکەشیان هێنابوو (15) کەس بوون و پەلاماریان داین و کەوتینە تەقە لەیەکتری، ئەوان یەکێکیان لێکوشتین و ئێمەش یەکێکمان لێکوشتن و گەمارۆیان دابووین، منیش (باری)یەکم پێبوو خانووەکانیشمان بەیەکەوە لکابوون بەو بارییە و بەبازووی خۆم حەوت دیوارم کون کرد و خۆم و کەریمی برامم رزگارکرد و دامانە شاخ و براکانی تریشمان (قادر و عەلی)مان دۆزینەوە و 5 ساڵ لە شاخەکانی سەنگاو و کڕبجنە و ژاڵە و رەوات و ئەو ناوچانە دەڕۆیشتین و دەهاتین، من تفەنگێک و دەمانچە و خەنجەرێکم پێبوو و تائێستا واڕاهاتووم بۆ خۆپاراستن ئەو چەکانەم لاوە نەبێ ناخەوم، دوای ئەو 5 ساڵە بەهۆی پێشمەرگەکانەوە (مستەفا چاوڕەش و ئەنوەر دۆڵانی و سیروانی کوێخا نەجم و .. هتد) مەسلەحەتیان کردین لەبەرانبەر دوو کچ. پرسیم لەو ماوەیەی کە لەو شاخانە بووی چۆن دەژیای؟ وتی: لەناو پێشمەرگە و تەنزیمات بووم. (ناوە ناویش هاواری دەکرد عەلی بەو پیاوە بڵێ بابڕوا گای من مانگای کەس کەڵ ناکا) ئاگاشی لە هەموو وردەکارییەکان بوو بەمی دەوت لاچۆ لەبەر هەتاو بەوی دەوت دانیشە بۆهای وەپێوە.

ئەنفال و سەرگوزشتە پڕ ئازارەکانی فەیمە
کەوتە باسکردنی ئەنفال و سەرگوزشتە تاڵەکانی ئەو سەردەمە، گێڕایەوە وتی: جەیش  و جاش هاتنە ناوچەکەمان و کەوتنە گرتنی خەڵکەکان و (قادر و عەلی) برام و 8 برازا و خێزانەکانیان بردن و سواری زیلەکانیان کردن وقادر و عەلی داوای جنسییەكانیان لێکردم و نەمدانێ و جاشەکان بەدوامدا رایانکرد بمگرن وەک گولەی تفەنگ بۆی دەرچووم خۆم لەناو تەنورێکی نان حەشاردا و ساجێکم خستە سەر تەندورەکە، تاشەو درەنگ لەناویدا مامەوە و پاتەکەم هەمووی بە ژیلەمۆی ناو تەنورەکە کەهێشتا تیای مابوو سوتان.

ئیتر جارێکی تر دام لە شاخ و کۆچێکی ترم دەستپێکرد، خۆم و قاترێک (جۆرێکە لە وڵاخ) و چەکێکم پێبوو (6) مانگ بەو قاترە هاتوچۆم دەکرد و شتم پێدەگواستەوە و عومەر یونس زۆر هاوکارم بوو، (51) لە کەسوکارم ئەنفال کراون، دوای نزیکەی 8 مانگ لە ئەنفال ئاسایشی بەعس گرتیانم و بردیانمە ئیستیخبارات و خەڵک پێیزانی، بەهانامەوە هاتن، شێخ عەتا تاڵەبانی بوو بە کەفیلم و حەمە کەیفە هات و وتی: ئەمە ژنێکی شێتە بۆ گرتوتانە بەمنیشی وت بڕۆ لەبەردەمیان خۆت هەڵکە و میز بکە بەقسەم کرد دوایی کە ئەمەیان بینی باوەڕیان بەقسەکەی حەمە کەیفە کرد و بەریاندام، بەڵام بەو تۆزە گیرانە زۆریان ئازاردام بەپلایس گۆشتی قاچیان دەگرتم.
کە پرسیاری مێژووەکانم لێدەکرد هەموو ساڵ و مانگ و هاوین و زستان بوو، وتیشی: ژنی نەخوێندەوار ئەوانە چوزانێ، لێم پرسی ئەی کەریمی برات چی بەسەر هات؟ گێڕایەوە وتی: لەدوای ئەنفال کەریم لە کار و چالاکی حیزبیدا بوو لە مەسۆیی سەرچەم لە کونە شێر، لەگەڵ حوسەی ئەوڕەحمانی شیوعی و مامۆستا ئەنوەری دختۆر (دکتۆر)، هەرسێکیان بەیەکەوە شەهیدکران و دوای شەهیدکردنیشیان تەرمەکانیان سوتاندبوو و لەدوایدا بکوژە سیخوڕەکەشمان دۆزیەوە و خۆشی دوای ماوەیەک کوژرایەوە.

بەسەرهاتەکەی فەیمە و مام ساڵحی گۆڕەسپی 
خاتوو فەیمە گێڕایەوە وتی "من و ژنێک ویستمان بچین بۆ ناو پێشمەرگە، تفەنگی خۆشم پێبوو، مام ساڵح پێشمەرگە بوو (پیاوێکی قسەخۆشە) پێی دەڵێ "ئەوە چۆن دەشێ کەر و نێرەکەر بەیەکەوە بن؟"، وتی "منیش یەک فیشەکمنا بەنزیک قاچی مام ساڵحەوە ئەویش هاواری کرد و وتی "وای بابە وەڵا تۆ نێرەکەری بڕۆن خەمم نییە".

سوتاندنی خەلە و خەرمان
پرسیاری ئەو سەرگوزشتەیەم لێکرد و بۆیگێڕاینەوە وتی "ماوەیەک دوای ئەنفال جاشەکان هاتبوون و تۆوی ئەرزەکانی ئێمەیان کردبوو، خۆشم دوو پارچەی بچووکم دابوو بەدوو ماڵی هەژار بڕیارم دابوو نەهێڵم جاشەکان لێی بخۆن، کاتی خەلە و خەرمان بەو دوو ماڵەم وت بڕۆن خەلەی خۆتان کۆبکەنەوە، ئیتر خۆشم شەڕواڵێکی نایلۆنم بەسەر جلەکانمەوە لەبەرکرد و تفەنگێکم بەدەستمەوە گرت و پشیلەیەکم هێنا و ئاگرم لە کلکی بەردا و فرێمدایە ناو خەلەی جاشەکان پشیلە لەتاو خۆی بەناویا ڕایدەکرد و گڕی بەردایە هەمووی و خۆشم چوومە سەر شاخی بیرئەرکەواز و بە تەپڵی تەقەم كرد (واتە سێ تەقەم کرد) نیشانەی سەرکەوتن و دیسانەوە قاچاغ بووم (کۆچەر هەر کۆچەحاڵی)، بۆیەشە پێم یەژن فەیمە کۆچەری.

گێڕایەوە وتی "3 ساڵ دوای ئەنفال، فازڵ موختار سەری کۆڵانی ماڵەکەمانی گرتبوو زانیم کۆمەڵێ جاش و بەعسی داوەتکردووە، منیش هەندێ مەرگەمووشم خستە ناو ماست و ناردم بۆیان و نەمهێشت بزانن منم ناردومە، نەیانخواردبوو تۆزێکیان دەرخواردی پشیلەیەک دابوو پشیلەکەی کوشتبوو کە زانیان ئیتر دەگەڕان بۆ ئەو کەسەی کە ماستەکەی بۆ ناردوون و نەیاندۆزییەوە، وتیشی "زۆر دەگەڕام بۆ ئەوەی زانیاری کۆبکەمەوە و بیگەیەنمە لای پێشمەرگە، قوماشم دەکڕی و بەماڵانم دەفرۆشتەوە، جاری واهەبوو بەئەنقەست لەسەر نرخەکەی نەدەگونجام بۆ ئەوەی پێم بمێنێ، ناوە ناویش خۆم دەگەیاندە لای پێشمەرگە و جارێکیشیان مام جەلال لە یاخسەمەر دەمانچەیەکی دامێ ئەویش پێش ئەنفال بوو، ماوەیەک ناویان نابووم (فەیمە دەمانچە).

فەیمە بەردەوام بوو وتی "لەو کۆبوونەوەیەی کە کاک نەوشیروان بڕیاری راپەڕینی دا من و کۆمەڵێک ژن بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بووین، کاتێ راپەڕین بوو بەشدارییەکی سەرسەختانەمان کرد و ماڵ بەماڵی جاش و بەعسییەکانم پیشانی پێشمەرگە دەدا، چوومە سەر رەبییەیەک لەگەڵ پێشمەرگە و دوای سەرکەوتن دوو مەنجەڵی زنجیردارم لەگەڵ خۆم بەڕاکێشان هێنا بۆ ئاو کۆکردنەوە، تائێستاش مەنجەڵەکان ماون".

31ی ئاب لای فەیمە كۆچەری
لە 31ی ئاب لەگەڵ خەڵکەکە رامکرد، لەسەر سنووری ئێران شەهابی حاجی ئەحمەد، بەرپرسی كۆمیتەی رێكخستنی سموود پێیووتم "دەبێ بگەڕێیتەوە، لە تۆ ئازاترمان نییە بگەڕێوە بۆ گەرمیان"، ئەوکاتیش چەند جار ویستیان بمگرن ئیتر مشتومڕیان بووە لەنێوان خۆیان و وتوویانە بەخوا غەوسی بەغدا دەرەقەتی نایە وازی لێبهێنن، راستە وازیان لێهێنام، بەڵام رێگری چالاکیم بوون". 

فەیمە لە شەڕی داعشدا
لەکاتی شەڕی داعشیش لەناو پێشمەرگە بووم و هەوڵم دەدا خواردنیان بۆ پەیدابکەم و هاوکاربم، هەموو کاتی شەڕ لەنێوان پێشمەرگە بووم تەنها دوو شەو گەڕاومەتەوە بۆ ماڵەوە.

لە مەكە و حەجیش بەزمی نایەوە
گێڕایەوە و وتی "هەرکاتێ دوژمنێکم بینیبێ خۆم بۆ نەگیراوە کارێک نەکەم دژیان و بەزەردەخەنەیەکەوە، وتی "لە حەج بووم چەند مانگێک پێش رووخانی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ، لەگەڵ ئێمەش ژن و مێردێک لە حەج بوون لەناو چادرەکان دەژیان و دەمناسین، هەرچەندە ئەو ژن و مێردە دوو کوڕیان سەدام بەدەستدرێژی شەهیدی کردبوون کەچی لە حەج قورئانیان بەرزدەکردەوە و دوعایان بۆ سەدام دەکرد وتی: وەڵڵا چەرخێکم پێبوو خۆم بۆ نەگیرا چووم ئاگرم بەردایە چادرەکەیان و دوایش قورئانم لەناو کەعبە بەرزکردەوە دەمووت "خوایە سەید رەئیس بتۆپێنی" و پێیان دەوتم" وامەڵێ باتوش نەبی" منیش وتم "ناترسم و مردنێک قەرزارم ئیتر لەچی بترسم".

ناوە ناویش دەیوت: بهێڵن ئەو سەرخڕەی مام (مەبەستی لە بافڵ تاڵەبانی) بوو کاربکات هەموومان خڕەكاتۆ (هەموومان کۆدەکاتەوە).

هەرچەندە گلەیی لە کاک مەحمود سەنگاوی هەبوو، بەڵام بەپشتیوانی خۆی و عەشیرەتەکەی دەزانی، گلەیی زۆری هەبوو لەوەی خەڵکیان پشتگوێ خستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا تاسەر ئێسقان یەکێتییە.

لەسەر داوای خۆی ئەمانە بڵاودەکەمەوە وتی "لەهیچ مەترسە چیت پێدەڵێم ئەوە بنووسە"، قسەکانی حەق و رەقن بوێرانە قسەکانی خۆی دەکات هەرچی لە دڵیایەتی لەسەر دەمییەتی. لەکۆتایشدا وتی "ئەوە بۆ دادگایی موستەشارەکان ناکەن؟ کە بوونەتە هۆکاری ئەو هەموو ئەنفال و شەهیدکردنە تاکەی بە بەرچاومانەوە بگەڕێن یان دەڵێن هەندێکیان مەعاشیشیان هەیە".

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی "بژێوی ژیانی خۆم پەیدا دەکەم بە شیری مانگاكان و هێلکەی مریشکەکان و هەندێ جار بەرهەمی گەنم و جۆ". وتیشی "ئەو هەموو کەسوکارەم و ژیانی خۆم لەپێناو ئەم خاکە داناوە هیچم ناوێ کراسەکەی بەریشم دەفرۆشم بەس توخوا خاکتان بپارێزن و ئاگاتان لە پێشمەرگە بێت".





PM:04:32:31/08/2019