رووداوی (31 ئاب) لە بیرەوەرییەكانی ئەیاد عەلاوی دا

رووداوی (31 ئاب) لە بیرەوەرییەكانی ئەیاد عەلاوی دا
مه‌وداپرێس-بارام سوبحی 

لەڕێگەی ئەفسەرێكی عێراقیەوە هەواڵمان پێگەیشت كە سوپای عێراق هێرش دەكاتە سەر هەولێر، منیش هەواڵەكەم گەیاندە پادشای ئوردن‌و داواملێكرد ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی ئاسایش لە رووداوەكە ئاگادار بكاتەوە. ئێمە تەنها حیزبی عێراقی بووین كە ئیدانەی رووداوی (31/ئاب)مان نەكرد. ئەیاد عەلاوی لە بیرەوەرییەكانیدا وادەڵێت.

ئەیاد عەلاوی سەرۆكی پارتی ویفاق‌و یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، لە ساڵی (2018) بەشی یەكەمی بیرەوەرییەكانی بەناونیشانی (بین النیران: محگات فی مسیرە ایاد علاوی) لە دەزگای ئەلمەدا بڵاوكردەوە. لە لاپەڕە (231 - 236) باسی رووداوی (31/ئاب/1996) دەكات. ئەم بابەتە دەقی وەرگێڕانی ئەو لاپەڕانەیە، ناوەكانیش وەكو چۆن لە دەقەكەدا هاتوون، بەو شێوەیە نووسراونەتەوە. دەقی بابەتەكە لە رۆژگارە زۆر سەختەكانی ساڵی (1996)دا، نامەیەكی نهێنی‌و پەلەمان لە برایەكەوە پێگەیشت كە ئەفسەر بوو لە پرۆسەكانی گاردی كۆماری تایبەت، ناوە حەرەكییەكەی نەقیب عەممار بوو.

ئاماژەی بەوەدابوو سێ‌ فیرقەی گاردی كۆماری هێرش دەكەنە سەر هەولێر‌و لەئێستادا ئامادەكاری بۆ دەكەن. محەمەد ئیحسان نامە جفرەكراوەكەی وەگرت، چونكە ئەو كۆمپیوتەرە ناوەندییەی كە لە لەندەن لەلامان بوو، ئەو سەرپەرشتی دەكردو بەشێكی گرنگ لە زانیارییەكانی پێدەگەیشت، لە بەڕێوەبردنی ئەو ژورەدا مەنسوری براشمان یارمەتی دەدا.. لە لەندەنەوە پەیامێكی بۆ ناردم بۆ عەممان، دەستبەجێ‌ لەگەڵ وەرگرتن‌و خوێندنەوەی، داوای دیدارێكی بەپەلەی شاحسێنم كرد رەحمەتی خودای لێ‌ بێت. بەر لە چونم بۆ دیدارەكەی جەلالەتی پادشا، هەوڵماندا زانیاری زیاتر دەست بخەین، بەڵام ئەوەش ئەستەم بوو، هەوڵی جوڵاندنی هەموو هێڵەكانمان دا‌و پرسیارمان لێكردن چی روودەدات، تێگەیشتین كە ئاگاداركردنەوەیەكی توند هەیەو كەرتە سەربازییەكان ئامادەن بۆ جموجۆڵ بەرەو كوردستان. مەترسی‌و لێكدانەوەكانی ئێمە گەورەو فراوان بوون‌و ئەگەری جۆراوجۆر هەبوون، یەكەمیان ئەگەر هێرشەكە رویبدایە، كەسایەتی‌و لقی هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان پایەماڵ دەكران، هەروەها بەو پێیەی هێڵی پانی (36) بەزێنراوە، ئێمە دەترساین شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان هەڵبگیرسێت. ئەگەری ئەوەشمان دانا لە بزاڤی كوردی بدرێت‌و چیتر كوردستان توانای میوانداریكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی نەمێنێت، بەڵام لە هەمانكاتدا زانیاری ئەوەمان پێگەیشت كە رۆڵی سوپای عێراق رێگرتنە لە داڕوخانی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەرەنگاری هێزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە دەبوویەوە. زانیاری بڕواپێكراومان لابوو كە لەوانەیە شەڕ لەنێوان ئێران‌و عێراقدا لە كوردستان روبدات، دیارە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەڕوی سیاسی‌و جوگرافیەوە زۆر لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێرانەوە نزیكترە. چومە لای شاحسێن‌و بەستە كاغەزەكەم پێدا كە لە نەقیب عەممارمان وەرگرتبوو، پێگەی عەممارم بۆ شرۆڤە كرد، دوای ئەوەی هەواڵم پێدا كە عەممار ناوی حەرەكی ئەفسەرەكەیە، ناوەكەیم نەدركاندو ئەویش داوای نەكرد –خودا لێی خۆش بێت-. شا لێی پرسیم چی دەبینی؟ دوای ئەوەی وردەكاری شەڕی كوردی – كوردیم بۆ باسكرد، پێموت ئێران هاتۆتە سەر هێڵ، لەبەردەم مەسعود بارزانیدا هیچ بژاردەیەكی دیكە نییە جگەلە پشت بەستن بە سوپای عێراق، چونكە ویلایەتە یەكگرتوەكان ناتوانێت بۆ راگرتنی كۆمەكی ئێرانی لەدژی بارزانی دەستوەردان بكات. بەدرێژی قسەمان كرد‌و پێشنیارم بۆ كرد ویلایەتە یەكگرتوەكان‌و ئەو دەوڵەتانەی ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایش ئاگادار بكاتەوە ململانێیەكی چاوەڕوانكراو لە كوردستان روودەدات، لەوانەیە لە كوردستان‌و لە ناوچەكەشدا ببێتە هۆی تاوسەندنێكی توند. دوای تەواوبونی كۆبونەوەكەم لەگەڵ شاحسێن، هەموو كۆمەڵەو رێكخستنەكانمان لە كوردستان خستە دۆخی ئاگاداركردنەوەیەكی توندەوە، داوام لێكردن هەر كۆمپیوتەرو تۆمارێك كە بگەڕێتەوە بۆ رێكخستن لەلای خۆیان نەیهێڵنەوەو شاری هەولێر بەجێبهێڵن‌و روبكەنە گوندەكان‌و ناوچە شاخاوییەكان. هەندێك لە برایان رێنماییەكانی ئێمەیان وەرنەگرت، لەپێشی هەمویانەوە پاڵەوان شێخ خەڵەف جیاد زەوبەعی كە لەگەڵ تاقمێك لە ئەفسەران لە هەولێر مانەوە، سەرباری پێداگرییەكانی ئێمە كە پێویستە بەخێرایی هەولێر بەجێبهێڵن، بەڵام بەقسەیان نەكردین.

سوپای عێراق لە (30/ئاب/1996) گەیشتە ناو هەولێر، هەموو ئەو كەسە ئۆپۆزسیۆنانە لەناوبران كە لەوێ‌ بوون‌و كەوتنە دەستی ئەو هێزە ئەمنیانەی كە لەگەڵ سوپادا هاتبوونە ناو هەولێرەوە –ئەندامانی ئەو دەزگایە نەوەكو سوپا كەسەكانیان لەناوبرد-. لە پارتی ویفاق، خەڵەف جیاد زەوبەعی‌و چوار برای دیكەمان لەدەستدا، كۆمەڵێكی گەورەی برایانیشمان هەولێریان بەرەو زاخۆو سەڵاحەدین‌و چیاكان بەجێهێشت، دەستبەجێ‌ داوام لە محەمەد ئیحسان كرد بە خۆپارێزییەوە بچێت بۆ كوردستان، هەمان داواشم لە محەمەد خورشید كرد كە بەرپرسی هێڵێكی دیكە بوو جیا لە هێڵەكەی محەمەد ئیحسان، لەگەڵ نەقیب جیهادو موقەدەم سەبری عەبدولستاریش قسەم كرد كە لە پایەكانی ویفاق بوون لە رێكخستنەكانی كوردستان، ئێمە لەڕێگەی كۆمپیوتەرو تەلەفۆن لە نوسینگەكەمان لە ناوچەی رێنزپارك لە لەندەن، چاودێری روداوەكانمان دەكرد. دوو رۆژ یان زیاتر بوو بەسەر چونە ناوەوەی سوپا بۆ هەولێر تێپەڕیبوو، من‌و سەڵاح شێخلی‌و تەحسین مەعللەو نوری بەدران‌و محەمەد عەلی غەنی‌و تۆفیق یاسری كۆبوینەوە، ماسیۆ تۆلەر كە هەڵسوڕێنەری كارەكانی ئەمەریكا بوو لە نوسینگەكەمان بوو لەگەڵ هاوتاكەی لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەڕێز رۆبەرت وڵسن، هەردوولاشیان ئەفسەری هەواڵگرییان لەگەڵدا بوو، دیاربوو ئەوان لە دۆخێكدا بوون كە لە لەدەستدانی قیبلەنماكەیانەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەیاندەزانی چۆن داڕوخانەكە رابگرن‌و نەخشەرێگایەك دابنێن بۆ ئەوەی كە دەكرێ‌‌و پێویستە رووبدات، ئەوان تەواو پەشۆكابوون، لەكاتێكدا لەگەڵ ئەوان قسەم دەكرد لە ژوری تەنیشتمانەوە خاتوو هەنا موراد هات‌و پێیوتم مەسعود بارزانی لەسەر تەلەفۆنەو دەیەوێت قسەت لەگەڵدا بكات، كتوپڕ بوو، تەلەفۆنەكەم وەرگرت‌و برا باوكی مەسرور لەسەر هێڵ بوو، دەستبەجێ‌ داوام لە د.سەڵاح شێخلی كرد وتوێژەكەم لەگەڵ برا مەسعود بۆ ئینگلیزو ئەمەریكییەكان وەربگێڕێت.

برا مەسعود دەستی پێكردو وتی: تۆ یەكەم كەسی كە پەیوەندیت پێوە دەكەم، من لەژێر فشاری سەربازی ئێران‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا بووم، چارم نەبوو جگەلە رێگەپێدانێكی دیاریكراو بە سوپای عێراقی تاوەكو بەرەنگاری هەژمونی ئێرانی پشتیوانیكەر لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ببنەوە، داواكارم لەم بابەتە تێبگەی". لەوەڵامدا بە برا باوكی مەسرورم وت "بەڵێ‌ برا، بەڵام پێویستە لەسەرت یەكەمجار ئۆپۆزسیۆن بپارێزی".

قسەكەی بڕیم‌و وتی: ویفاق لە ئەستۆی من". پێموت: تەنها ویفاق نا، بەڵكو هەموو ئۆپۆزسیۆن". لەوەڵامدا وتی: بەڵێ‌ كار لەسەر ئەوە دەكەم‌و هەموویان برای منن".

 پێموت باوكی مەسرور پێویست ناكات وەكو سەركەوتوویەك رەفتار بكەیت، پێویستە لەسەرت جەلال تاڵەبانی كە ئێستا لەسەر سنوری ئێرانە، وەفدێكی باڵا بنێریتە لای بۆ وتوێژكردن‌و دڵنیاكردنەوەی، ئێمە خاپوركردنی بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن قبوڵ ناكەین. برا مەسعود جەختیكردەوە كە لە پێگەی تواناو تۆڵەكردنەوە یان وەكو سەركەوتوویەك رەفتارناكات، هەمو رێكارێكیش دەگرێتەبەر كە بچێتە ئەم ئاراستەیەوە، پشتیوانیەكی بەهێزیش لە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی دەكات. بابەتی سێیەم كە پێموت ئەوە بوو: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەشۆكاوەو هەر دەبێ‌ ئەم دۆخە بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكان رون بكەیتەوە كە چۆنەو چی رویداوە".

قسەكەی بڕیم‌و پرسی: چی دەخوازیت؟ لە وەڵامدا وتم: چاوت بە بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بكەوێت، لە توركیا لە بنكەی ئەنجەرلیكی نزیك لە سنوری عێراق توركیا". وتی: من ئامادەم، بەڵام دەبێت كەسێكم بۆ بنێرن پلەی هەبێت‌و توانای بڕیاردانیشی هەبێت".

قسەكەیم بڕی‌و وتم "چی دەڵێی لەبارەی رۆبەرت باڵترۆ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە بەرپرسی دۆسیەی عێراقیشە، ئایا سودبەخش دەبێت، بەدەنگێكی بەرز وتی: بەڵێ‌. پێموت: ئێوارە تەلەفۆنت بۆ دەكەمەوەوەو پشت بە خودا دەبەستین. لەكۆتایدا وتم: ئۆپۆزسیۆن‌و جەلال تاڵەبانی نابێت زیانیان پێبگات. وەڵامیدامەوە: هەروا دەبێ‌. د.سەڵاح ئەوەی مەسعود وتی بۆ ئەمەریكی‌و ئینگلیزەكانی وەرگێڕا. دوای تەواوبونی قسەكانم لێیان پرسیم: تۆ دڵنیای لەوەی ئەو كەسەی قسەی لەگەڵ كردیت مەسعود بوو؟ وەڵاممدانەوە: ئەگەر بێتو مەسعود بارزانی لە ژورەكەی تەنیشت ژورەكەی سەدام حسێن لە كۆشكی كۆماری دابنیشێت، من دوودڵ نابم لە قسەكردن لەگەڵی بۆ كاركردن لە دژی سەدام، ئیدی یان قایل دەبێت‌و دژی سەدام كاردەكات یان رەتیدەكاتەوە، دڵنیام لەوەی قسەكانیش بە سەدام ناگەیەنێت، ئەو (مەسعود) جەنگاوەرو نەوەی خێزانێكی بەڕێزەو بە تەنها دەمێنمنەوە كە هەرگیز سەركۆنەی مەسعود ناكەم".

میوانەكانمان بە پڕتاو رۆیشتن تاوەكو حكومەتەكانیان ئاگادار بكەنەوە، دوای چەند كاتژمێرێك ئاگاداریان كردم هەركاتێك مەسعود ئامادەبوو، باڵترۆ ئامادەیە گەشت بكات بۆ ئینجەرلیك، كاتێك تەلەفۆنم لەگەڵ مەسعود كرد هەواڵم پێدا پێویستە لە ماوەی سێ‌ رۆژدا لەگەڵ ئەمەریكییەكان كۆبببێتەوە، ئەویش پەسەندی كردو كۆبونەوەكەش كرا. زۆرێك لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەیاننامەیان لە دژی مەسعود بارزانی دەركرد، بەڵام ئێمە لە ویفاق بە بنجبڕی رەتمانكردەوە، كاتێك هەندێك لە سەركردەكانی ویفاق مكوڕ بوون لەسەر دەركردنی بەیانێك لە دژی مەسعود، لە دژی وەستامەوە‌و رەهەندی زۆرو ئاڵۆزم بۆ رونكردنەوە كە بووەتە هۆی ئەوەی لە هەولێر روویدا، ئاگادارمكردن ئەو كارەیان دەبێتە هۆی پاشەكشەكردنی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن. هەڵوێستەكەمان دروست بوو، چونكە سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە عێراق سەرەوژێر بوویەوە، لەلایەكەوە شەڕی ناوخۆیی كوردەكان هات، لەلایەكی دیكەوە سوپای عێراقی چوە ناو هەولێرەوە، ئەمەش بووە هۆی پەرتبوونی ئۆپۆزسیۆن، لەلای سێیەمیشەوە لیژنەی سەربازی زەبرێكی گورچكبڕی بەركەوت كە ئامادەكرابوو بۆ گۆڕین لەڕێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە، من بەشی هەماهەنگكاربووم‌و لە لیژنەكەش بووم.



PM:09:59:01/09/2019