مەنسور بارزانی بەهۆی مەترسی و هەڕەشەی كوشتنیەوە كوردستان جێدەهێڵێت

مەنسور بارزانی بەهۆی مەترسی و هەڕەشەی كوشتنیەوە كوردستان جێدەهێڵێت
مەوداپرێس- هێمن مامەند

نەقیبێكی زێرەڤانی كە لە عەشیرەتی بارزانییه ماوەی دوو ساڵە كوردستانی جێهێشتووە و دەڵێت لەبەرئەوەی گەندەڵی چەند بەرپرسێكی ئاشكرا كردووە، بیانووی ئەوەیان پێگرتم كە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ و هێرۆخان و دكتۆر یوسف محەمەد وێنەی گرتووە، بۆیە چەند جارێك دەستگیریان كردووو تادواجار بۆ ئەوەی نەیكوژن كوردستانی جێهێشتووە.

مەنسور نوری مزوری، كە پێشتر لە ریزەكانی  زێرەڤانی لە فەوجی خانزاد نەقیب بووە بە مەوداپرێسی راگەیاند "بەهۆكاری گرتنی چەند وێنەیەك و بڵاوكردنەوەیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەگەڵ هێرۆخان و كوڕەكانی مام جەلال و كۆسرەت رەسوڵ و دكتۆر یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان، چەند بەرپرسێكی پارتی هەڕەشەیان لێكردم و زانیاریم هەبوو كە دەیانەوێت بەفەرمانی سەرووی خۆیان شتێكم لێ بەسەربێنن، بۆیە لە ساڵی 2017 بەناچاری كوردستانم جێهێشت".

مەنسور ئاماژەی بەوەشكرد " ئەم وێنەگرتنانەم هیچ مەبەستێكی لەپشتەوە نەبوو تەنیا بۆ یادگاری بوو، بەڵام چونكە لەسەر دزینی چەك و گەندەڵی  سكاڵام  لەسەر چەند بەرپرسێكی سەربازیی كردبوو لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەك كاردانەوەیەك ئەم وێنانەی منیان قۆستەوە و منیان رووبەڕووی پاراستنی پارتی كردەوە و چەندین جار زیندانی كرام و سەرجەم وێنەكانیشیان لێ سڕیمەوە و تادواجار زانیاریم پێگەیشت كە دەیانەوێت بەڵایەكم بەسەر بێنن، بۆیە كوردستانم جێهێشت".

مەنسور كە وەك خۆی دەڵێت ئێستا لە یەكێك لە وڵاتەكانی ئەوروپا كرێكاری دەكات وتی "زۆر بیری كوردستان و كەسوكارەكەم دەكەم، بەڵام من كە پلەكەم نەقیب بوو لە وەزارەتی پێشمەرگە هەڵاتووم، بەم جۆرەش من بەپێی یاسای سەربازیی 5 تا 10 زیندانی دەكرێم، بۆیە ناتوانم بگەرێێمەوە كوردستان."

وتیشی "ترسێكی تر ترسی عەشایەرییە، لەبەرئەوەی من خەڵكی مێرگەسوورم و بنەماڵەی بارزانی لەوێ باڵادەستن، لەلایەن چەند كەسێكی دیاری عەشیرەتەكانەوە ئاگاداركراومەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك نەگەڕێمەوە، چونكە دەمكوژن".


 
 



PM:12:40:04/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 23392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌