ئه‌مریکا هێزێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازیی ره‌وانه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌ ده‌کات

ئه‌مریکا هێزێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازیی ره‌وانه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌ ده‌کات
مه‌وداپرێس-

به‌رپرسێكی ناوخۆیی له‌ پارێزگای ئه‌نبار رایگه‌یاند كاروانێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كه‌ 108 بارهه‌ڵگری گه‌وره‌ی چه‌ك و پێداویستی جه‌نگیی جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ ئوردنه‌وه‌ به‌ره‌و بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار به‌ڕێكه‌وت.

میدیا عیراقییه‌كان له‌و سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ که‌ ئاماژه‌یان به‌ ناوی نه‌كردووه‌، رایانگه‌یاندووه‌ "كۆمپانیایێكی ئه‌منی به‌ ناوی "مملكە الگاووس" یاوه‌ری كاروانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و له‌ ئاسمانیشه‌وه‌ فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ چڕی پارێزگارییان لێ ده‌كرد".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "ئامانجی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و پێداویستییه‌ سه‌ربازیانه‌ له‌ ئوردنه‌وه‌ به‌ره‌و بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار روون نییه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكردووه‌، "ئه‌و فه‌رمانده‌ ئه‌منییانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كانی رۆژئاوای ئه‌نبار ده‌كه‌ن، هیچ زانیاریێكیان له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كاروانه‌ سه‌ربازییه‌ و هه‌نگاوه‌كانی نییه‌ و هیچیش له‌باره‌ی ئامانجی ئه‌مه‌ریكا له‌ ره‌وانه‌كردنی ئه‌و هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌وه‌ نازانن".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، به‌رده‌وام گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناو خاكی عیراق ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و باڵی سیاسی ئه‌و هێزانه‌ش له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌ یاساكردنی ده‌رخستنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق چڕ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ن رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌.



PM:08:09:05/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 5504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌