دواین زانیاری له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ی سێوان قادر و منداڵه‌کانی
چه‌ندین به‌ڵگه‌ ئاشکرا ده‌کرێت

دواین زانیاری له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ی سێوان قادر و منداڵه‌کانی <br> چه‌ندین به‌ڵگه‌ ئاشکرا ده‌کرێت
مه‌وداپرێس-سازگار ئه‌حمه‌د

بڕیاره‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو چه‌ند خانمه‌ راگه‌یاندنکارێک که‌مپینێک رابگه‌یه‌نن به‌ دروشمی "ببینه‌ و بێده‌نگ مه‌به‌" له‌م که‌مپینه‌دا که‌سوکاری سێوان و سۆران عومه‌ر، سه‌رۆکی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاماده‌ ده‌بن.

سه‌باره‌ت به‌و که‌مپینه‌ په‌رچه‌م عه‌تا قه‌ره‌داغی، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ رێکخه‌رانی که‌مپینه‌که‌ به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "ئه‌وه‌ی له‌و که‌مپینه‌دا راده‌گه‌یه‌نرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ندێک گرته‌ ڤیدیۆی کاتی سوتاندنی سێوان و منداڵه‌کانی بۆ میدیاکان ئاشکرا ده‌که‌ین".

ناوبراو وتیشی "ئامانج له‌و که‌مپینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌ڵامی ئه‌و قسانه‌ بده‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن سێوان خۆی سوتاندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی راگه‌یاندن و رێکخراوه‌کانی ژنان و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌ڵوێستیان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌".

هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت شه‌فیق نوری، مامی سێوان قادر به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی نیگه‌ران کردووه‌ ئازادکردنی ئه‌و ژنه‌یه‌ که‌ تۆمه‌تباری دووه‌مه‌ له‌ که‌یسی سێوان قادر و منداڵه‌کانیدا، هه‌رچه‌نده‌ دووباره‌ دۆسیه‌ی ئه‌و ژنه‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ کرایه‌وه‌ له‌ دادگای سلێمانی سێ دادوه‌ر بڕیاریان له‌سه‌ردا یه‌کێکیان وتی با بگیرێته‌وه‌ و دوو دادوه‌ره‌که‌ی دیکه‌ش وتیان با نه‌گیرێته‌وه‌ بۆیه‌ ژنه‌که‌ ئازاد کرایه‌وه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "دۆسیه‌ی ئه‌و ژنه‌ نێردراوه‌ته‌ دادگای هه‌ولێر تاوه‌کو ئێستا بڕیاری پێداچوونه‌وه‌که‌ نه‌دراوه‌ بۆ دۆسیه‌که‌، هه‌روه‌ها مێرده‌که‌ی سێوان که‌ تاوه‌کو ئێستا ده‌ستگیرکراوه‌ دۆسیه‌که‌ له‌لایه‌ن پارێزه‌ره‌کانه‌وه‌ راگیراوه‌ تاوه‌کو دۆسیه‌ی ژنه‌که‌ یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌".

مامی سێوان وتیشی "ئێمه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی سێوان و منداڵه‌کانی له‌لایه‌ن مێرده‌که‌یه‌وه‌ سوتێنراون و به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیمان هه‌یه‌، دادگا ده‌بێت خۆی بڕیار بدات له‌سه‌ر هه‌ردوو تاوانبار که‌ به‌ مادده‌ی 406 له‌ سزادانی عیراقی تاوانبارن".

شه‌فیق نوری راشیگه‌یاند "که‌سوکاری سێوان هه‌رگیز به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری رازی نابن، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خستووه‌ته‌ گومانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی خاو کار له‌سه‌ر که‌یسی سوتانی سێوان قادر و سێ منداڵه‌که‌ی ده‌کرێت".

مامی سێوان ده‌شڵێت "ئه‌و ژنه‌ی که‌ تۆمه‌تباره‌ له‌ که‌یسی سێواندا دوو سکاڵای له‌سه‌ره‌ سکاڵای باری که‌سێتی که‌ دایک و باوکی سێوان سکاڵایان تۆمار کردووه‌، هه‌روه‌ها سکاڵای سێوان خۆشی، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و ژنه‌ بچێته‌ دادگای ته‌میز ئه‌گه‌ر هیچی له‌سه‌ر نه‌بوو ئه‌و کاته‌ ئازاد بکرێت، به‌ڵام ئازادکردنی ئه‌و ژنه‌ له‌ دادگای لێکۆلێینه‌وه‌ ئێمه‌ی نیگه‌ران کردووه‌".

شه‌فیق نوری سه‌باره‌ت به‌ که‌مپینه‌که‌ باسی له‌وه‌کرد "پێمان باشه‌ ئه‌و که‌مپینه‌ بکرێت له‌ 3 کاتژمێردا ئه‌و تۆمارانه‌ نیشان بدرێت که‌ تاوه‌کو ئێستا نیشان نه‌دراون".

له‌ کۆتایدا مامی سێوان وتی "داواکارم دادگا هه‌موو هه‌وڵێک بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین کات ئه‌و که‌یسه‌ یه‌کلابێته‌وه‌".




PM:05:31:08/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 11956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌