بۆڵتن و هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد

بۆڵتن و هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد

مەوداپرێس ـ 

جۆن بۆڵتن باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کە میدیای کوردی بە دۆستی كوردی ناساندوه‌ رۆژی 9/4/2018 ده‌ستبه‌كار بوو، لە کۆتایی حوزەیرانى ساڵی٢٠١٧ دا لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، جۆن بۆڵتن پشتگیریی ریفراندۆمی کوردستانی کرد و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی بوو. 

ئەو تەئکیدی دەکردەوە لەوەى کە واشنتۆن پێویستی بە ستراتیجییەتێک هەیە بۆ قۆناخی دوای داعش. دەیوت: عێراق بەم شێوازەی ئێستایەوە بە هاوپەیمانی ئەمریکا دانانرێت، بۆیە داوادەکات کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بێنێت بۆ حکومەتی عێراق.

لەبارەی کوردستانیش جۆن بۆڵتن دەیوت: کوردە عێراقییەکان بە حوکمی دیفاکتۆ (ئەمری واقیع)، خەریکە سەربەخۆیی وەردەگرن و ئەوان نزیکن لەوەی سەربەخۆییەکەی خۆیان بەگوێرەی یاسا رابگەیەنن. جەختی لەوەش دەکردەوە کە کورد دژی داعش شەڕ دەکەن بەمەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی گەورەتر.

جۆن بۆڵتن تەئکیدی لەوەشکردبوەوە کە : دەبێت سیاسەتی دژ بە ریفراندۆمی کوردستان پێچەوانە بکرێتەوە، پەکەکەیش رۆڵی بەرزیان نواند دژ بە داعش، توانیان جینۆسایدی یەزیدییەکان لە شەنگاڵ رابگرن. 

سەرەتاى ساڵى ٢٠١٩

جۆن بۆڵتن وتی: هەڵوێستی ترەمپ ئەوەیە بەبێ پاراستنی كورد لە سوریا ناكشێینەوە

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند هێزەكانی وڵاتەكەی تا ئەو كاتەی داعش لەناو نەچێت‌و بەتەواوی دڵنیا نەبن لەپاراستنی هاوپەیمانە كوردەكەیان ناكشێنەوە. ئەو لێدوانە تورکیای نیگەران کرد، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا لە وەڵامدا وتی:" پروپاگەندەی کردنە ئامانجی کوردەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە" وەک وەڵامێک بۆ بۆڵتن سەبارەت بە پاراستنی کورد لە هێرشی تورکیا.

سەردانی تورکیای سەرەتاى ٢٠١٩

جۆن بۆڵتن لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ بەرپرسانی توركیا گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی بۆی دەربكەوێت مەبەستەكانی توركیا چییە، وتی"بەڵام هەڵوێستی سەرۆك ترەمپ ئەوەیە كە توركیا كوردەكان ناكوژێت و ئەمەریكا بەبێ ڕێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە سەربازانی لە سوریا ناكشێنێتەوە". 

لەلایەکی ترەوە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بۆ میدیای کوردیی وتی: پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا باشتر دەبێت ،جۆن بۆڵتن دەیوت کورد مافی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەیە. 

دواى سەردانەکەی بۆڵتن بۆ تورکیا، میدیای تورکیی لەزاری ئیبراهیم كاڵن بڵاویکردەوە کە وتویەتی:" ئێمه‌ دوو  دۆسیه‌مان له‌باره‌ى كورد به‌ بۆڵتن داوه‌، یه‌كێكیان تایبه‌ته‌ به‌كوردانى سووریا و عێراق، ئه‌ویتر تایبه‌ته‌ به‌ په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌‌".

لەو سەردانەدا ئەردۆغان ئامادە نەبوو لەگەڵی کۆببێتەوە، بۆیە بۆڵتن ئەنکەرەی جێهێشت، ئەوەش میدیای وروژاند و بڵاویانکردەوە کە رۆیشتنەکەی پەیوەندی بەكوردەوە هەبووە. 

جۆن بۆڵتن لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارەت بە کەیسى کورد وتبووی: پرسی پاراستنی كورد له‌گه‌ڵ رووسیا تاوتوێ ده‌كه‌ین".

هاوکات زەردەشت بابان راوێژکاری پارتی کۆماریخوازەکانى ئەمەریکا پێشتر بۆ میدیای کوردیی هەرێمی کوردستان وتبووی:" لەگەڵ دەستبەکاربوونی پۆمپیۆ لە پۆستی وەزیری دەروەی ئەمەریکادا گۆڕانکاریی ئەمەریکا بە ئاراستەی کورد دەبینرێت، جۆن بۆڵتنیش هەروەها پشتیگریی کورد دەکات.. ئەمەریکاش لەگەڵ ئەوەدایە کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".

دوێنێ ترەمپ بۆڵتن لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشى ئەمریکا دوورخستەوە، ئەوەش بوو بە بابەتێکی جێ مشتومڕ و لە میدیای کوردیشدا جێگەی گرت وەک دوورخستنەوەی دۆستێکی کورد. 




PM:12:08:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 2696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌