شەڕی بەرپرسانی گۆڕان دەگوازرێتەوە بۆ فەیسبووک

شەڕی بەرپرسانی گۆڕان دەگوازرێتەوە بۆ فەیسبووک
مەوداپرێس-  کاروان رەسوڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان کە هاوکات سەرۆکی لیژنه‌ى ده‌ستپاکى و کاروباری پەرلەمان و سکاڵایه لە نووسراوێکدا کە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی بەرزکردووەتەوە داوای زانیاری دەکات لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر خەرجکردنی بڕی 20 ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری سلێمانی و بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیەش لەوەڵامی ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕاندا لیستی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو  بیست ملیار دیناری فەرمانگەکەی بڵاودەکاتەوە.

شیرین ئەمین، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و لە لاپەڕەی تایبەتی خۆشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردبووەوە داوای کردووە "داواکارین نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بکرێت سەبارەت بە ناردنی زانیاری دەربارەی چۆنیەتی خەرجکردنی بڕی 20 ملیار دینار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی".

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و لاوانی سلێمانی لە نووسینێکدا لە واڵی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە و وەڵامی شیرین ئەمین، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە بەشێوەی خشتە چۆنێتی خەرجکردنی ئەو 20 ملیار دینارەی روونکردۆتەوە کە پێشتر داوای زانیاری خەرجکردنی کردبوو لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و لاوانی سلێمانی کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە نیگەرانە لەو کارەی ئەندام پەرلەمانێکی بزووتنەوەکەی پێشتریش بە مەوداپرێسی وتبوو  "ئەو کارە خۆنمیاشکردنە و لەو پرسە بێمنەتە".

دەقی روونکردنەوەکەی بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و لاوانی سلێمانی:
بۆ ڕای گشتی و
سەرجەم ئەو کەسانەی پرسەکەیان لا گرنگ و بایەخدارە..

لیستی چۆنیەتی خەرجکردنی منحەی بیست ملیار دیناری سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەخەینەڕوو...
شایانی باسە، تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە کارەکانی ئێمەو سەرجەم ئەو پرۆژانەوە هەیە کە لەو مەودای خزمەتی ئێمەدا ئەنجامدراون ( 52015 تا ئێستە) ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەرپرسە بەرامبەر بە هەر دینارێک کە لەو منحەیە سەرفکرابێت و بەدەر لەوەش هەر دەزگاو بەرپرسێک لە ماوەکانی پێشوترا بەرپرسە بەپێی ئاست و کاریگەری بڕیارەکەی....
ئێمە لە سەرەتای کارکردنمانەوە لەم دەزگایە تا ئێستا، هاوکاری دەزگاکانی چاودێری بوین و هەرواش ئەبین چونکە ئەو بیرکردنەوە ڕەفتارە هەم لەگەڵ موراڵی خۆماندا ئەگونجێت و هەم یاساش پشتیوانی لێئەکات و ئەیسەپێنێ...
سوپاس بۆ گشت ئەو کەسانەی لە مڵکی گشتی ئەپرسنەوە و نایانەوێ لە ڕێگای میدیاکانەوە خۆڵ بکرێتە چاوی خەڵکەوە...
سوپاس بۆ سەرجەم ئەو دەزگایانەی کاتێک دەگەنە کرۆکی حەقیقەت ، ئیتر ڕاستیەکان وەک خۆی دەگەیەنن و سڵ لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەنەوە...
تێبینی: لە ڕۆژانی داهاتودا لیستی خەرجی و چالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانیش بڵاودەکەینەوە.


PM:07:03:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 1312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌