له‌ عیراق سه‌رژمێری ده‌کرێت و کورد مه‌رجی هه‌یه‌

له‌ عیراق سه‌رژمێری ده‌کرێت و کورد مه‌رجی هه‌یه‌
مه‌وداپرێس-سازگار ئه‌حمه‌د

بڕیاره‌ له‌ ساڵی 2020 سه‌رژمێری له‌ عیراق ئه‌نجام بدرێت مه‌رجی کوردیش بۆ حکومه‌تی عیراق ئه‌وه‌یه‌ سه‌رژمێریه‌که‌ به‌پێی مادده‌ی 140 له‌ پارێزگای که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ئه‌نجام بدرێت. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ جه‌مال محه‌مه‌د شکور، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "سه‌رژمێری گرنگه‌ بۆ هه‌موو عیراق و هه‌موو بواره‌کانی ژیان به‌ تایبه‌ت ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ عیراق سه‌رژمێری نه‌کراوه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی "به‌پێی ده‌ستوور و یاسا ئێمه‌ هه‌ندێک کێشه‌مان هه‌یه‌ له‌ سه‌رژمێری کردنی پارێزگای که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و ناوچانه‌ به‌پێی مادده‌ی 140 مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت".

جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد "مه‌رجی نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌‌غدا بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌ عیراق بریتیه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌پێی مادده‌ی 140 سه‌رژمێری بۆ که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بکرێت، چونکه‌ عه‌ره‌بێکی زۆر هاتۆته‌ شاری که‌رکوک و کورده‌کانی ئه‌وێ ده‌رکراون، هه‌روه‌ها له‌ دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر چه‌ندین گۆڕانکاری له‌ که‌رکوکدا کراوه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ به‌ مه‌رج وه‌ربگیرێت".

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "تاوه‌کو ئێستا هیچ مه‌رجێک دیاری نه‌کراوه‌ به‌ سه‌رژمێری کردنه‌که‌، کاتێک مه‌رجه‌کان دیاریکرا ئێمه‌ش به‌پێی ده‌ستوور و یاسای عیراقی ره‌زامه‌ندی نیشان ده‌ده‌ین". 



PM:09:49:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌