کادرێکی پێشکەوتووی یەکێتی چیرۆکی جێھێشتنی رۆژنامەنووسانی یەکێتی بۆ کەناڵەکانی دیکە ئاشکرا دەکات

کادرێکی پێشکەوتووی یەکێتی چیرۆکی جێھێشتنی رۆژنامەنووسانی یەکێتی بۆ کەناڵەکانی دیکە ئاشکرا دەکات
مەوداپرێس-

فەرهەنگ گۆمەشینی، کادری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەنوسینێدا باس لە چیرۆکی جێهێشتنی بەشێک لە رۆژنامەنووسان دەکات کە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانیان جێهێشتووە کە میدیایەکی فەرمی یەکێتییە.

ئەمەش دەقی نوسینەکەیەتی..

ویستم ھیچ نەڵێم،

بەس ناشێ لەیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، ھەندێ قەتماخە ھەڵنەدرێنەوە!

رۆژێک لە بەغدا بەرێکەوت رەوانشاد مامی کۆچکردوو سەیری تیڤیەکان دەکات، بێگومان ھەمیشە دەیویست لە کەناڵە نایەکێتیەکان خەبەرو باس وەربگرێ نەوەکا ئەوانەی خۆمان (گەیەنەری واقعی حاڵ نەبن)
لە پڕ دەبینێ بێژەرێکی گەلی کوردستان لە کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆن ھەواڵە گەرمەکان دەخوێنێتەوە کە دژی سیستم و حکومەت و دەسەلات و خودی یەکێتیە،
دەپرسێ:

ئەم برادەرە لای خۆمان بێژەر نەبوو؟

دەڵێن وابوو قوربان بەس چی بکەین رۆیشت و بە جێی ھێشتین.

دەڵێ من قبووڵم نیە چۆن دەبێ کادری راگەیاندن لە کەناڵەکەی خۆی بتۆرێت و بروات، مەگەر ھۆکاری تایبەت نەبێ؟

وەلحاڵ ھەوڵ دەدەن قەناعەت بە مامجەلال بکەن کە گەنجەو خەتای ئێمە نیەو کۆنترۆڵ ناکرێ.

تائێرە ھەموو شت ئاساییە، وەلی دوای چەند ھەفتەیەک دیسانەوە کادرێکی تری راگەیاندن و دووان و سیان دەبینێ لەملاو ئەولا، ئیدی تووڕە بوو و داوای لێکۆڵینەوەی کرد. دەرەنجامی لێکۆڵینەوە لێرە باس ناکرێ، بەڵام سەری دێڕ ئەوەیە بەعزێک برادەر تا بۆیان کرا ویستیان پەردەپۆشی کەم و کوورتی و ناھاوسەنگی و نادادپەروەریەکان بپۆشن و مام بە ھەڵەدا ببەن و قەناعەتی پێ بکەن کە لە راگەیاندنی یەکێتی شامی شەریفەو خەڵک خۆی ناحەوێتەوەو رازی نیە پێمان.

دەی غەدرتان لە مام جەلال و یەکێتی و راگەیاندنە نازدارەکەی کرد، غەدرتان لە مێژووی پر سەروەری و ماندوو بوون و شەونخونی سەدان کادری بوێری راگەیاندنی یەکێتی کرد، غەدرتان لە مێژووی راگەیاندنی یەکێتی و قۆناخە سەختەکانی کرد و (باشتان کرد با جاش ) و لێھاتووتان کرد بە ڵا و بەڵاو لێنەھاتووی دنیاتان کرد بە لێھاتوو و پرۆفیشناڵی راگەیاندن، زەڕەیەک رووناکی و رۆشناییتان نەھێشتەوە بۆ تواناو لێوەشاوەیی گەنجانی نێو راگەیاندن و ھەر رۆژەو بە بیانوویەک دەستە و گرووپ دەردەکران و مووچە براو دەکران!جکە لە تۆمەتی جۆراو جۆریش.

مرڤ سەری دەسوڕمێ و تووشی گومان و تێڕامانی قوڵ دەبێ، کاتێک دەبینێ ھەمان کادرو راگەیاندکارانی حزبەکەم لە شوێن و ماڵی دووەمیان نموونەی لێوەشاوەیی و داھێنان و تازەگەرین . 
بۆ؟

وەڵامەکەی ئەو ھەموو ناراستی و درۆ گەورانە بوون کە بە داخەوە بە مامجەلال دەووتران و دەگەیەنران، تاوای لێھات ئێستا کەناڵی دایک ( گەلی کوردستان) بە کۆمەڵێک پێوەرو ھەلسەنگاندنی بابەتیانە لە ریزی دواوی میدیای کوردیە.

فەرھەنگ گۆمەشینی


PM:11:18:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 9780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌