دەبێ پلە بەرزكردنەوە رابگیرێ
مەلا بەختیار: كۆنگرەی تەوافقی ناشتنی شكۆی یەكێتییە

دەبێ پلە بەرزكردنەوە رابگیرێ<br>
مەلا بەختیار: كۆنگرەی تەوافقی ناشتنی شكۆی یەكێتییە
مەوداپرێس- كاروان رەسوڵ

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت دەبێت دوای دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە پلە بەرزكردنەوە رابگیرێ، ئەوەش دەڵێت كۆنگرەی تەوافقی ناشتنی شكۆی یەكێتییە.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ (مەوداپرێس) ئاماژە بەوە دەكات "دوای بڕیاری كۆنگرە، دەبێ پلە بەرزكردنەوە رابگیرێ، كۆنفرانسی مەڵبەند و كۆمیتەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە سازبكرێ".

سەبارەت بە دەنگۆ و هەوڵی ئاراستە جیاوازەكانی نێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان روونیدەكاتەوە و پێشنیازی ئەوە دەكات كە "با راپرسییەك لە ریزەكانی یەكێتی بكرێ لەسەر كۆنگرەی تەوافوقی، ئەگەر لە نیوەی زیاتری ئەندامانی یەكێتی پەسەندیان كرد، ناچارییە و با كۆنگرەی تەوافوقی سازبدرێ، ئەگەرنا، كۆنگرەی تەوافقی ناشتنی شكۆی یەكێتییە".

مەوداپرێس: ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رۆژی 7ی 12ی بۆ رۆژی بەستنی كۆنگرە دیاریكرد، ئەركەكانی دوای ئەو بڕیاردانە چین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو؟
مەلا بەختیار: دوای بڕیاری كۆنگرە، دەبێ پلە بەرزكردنەوە رابگیرێ، كۆنفرانسی مەڵبەند و كۆمیتەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە سازبكرێ. كەشێكی ئارام و ئازاد بۆ دیالۆگی پێش و لەكاتی كۆنگرەدا ئامادە بكرێ.

مەوداپرێس: باس لە سازكردنی كۆنگرەیەكی تەوافقی دەكرێت، كۆنگرەی تەوافقی بەمانای چییە و زیاتر سیماكانی چین؟
مەلا بەختیار: با راپرسییەك لە ریزەكانی یەكێتی بكرێ لەسەر كۆنگرەی تەوافقی، ئەگەر لە نیوەی زیاتری ئەندامانی یەكێتی پەسەندیان كرد، ناچارییە و با كۆنگرەی تەوافقی سازبدرێ، ئەگەرنا، كۆنگرەی تەوافقی ناشتنی شكۆی یەكێتییە.

مەوداپرێس: بۆچوونێك هەیە سەبارەت بە مانەوەی بەشێكی زۆر لەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كە ئێستا هەن، ئەمە بۆچی و ئێوە دژی ئەمەن یان وەكو دەرچەیەك دەیبینن؟
مەلا بەختیار: مانەوە و گۆڕینی بەشێك یان زیاتر و كەمتری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، دەبێ بخرێتە ناو كۆنگرە نەك پێش كۆنگرە. ئەوانەی متمانە وەردەگرن، گوڵی هەڤاڵێتی منیان لەئێستاوە پێشكەش بێ.

مەوداپرێس: سەبارەت بەو پێشنیازەی هەیە بۆ جێگیركردنی سیستمی هاوسەرۆكی یاخود دانانی سێ كەس وەكو دەستەی بەڕێوەبردنی  یەكێتی، ئێوە چۆن لێی دەڕوانن و بۆچوونتان لەسەری چییە؟
مەلا بەختیار: پرۆژە و پێشنیاز پێش كۆنگرە تەندروستە، بەڵام نەك بۆ سەپاندن، بەڵكو بۆ مشت و ماڵكردن لەناو كۆنگرەدا.

مەوداپرێس: ماوەیەكی زۆرە لە دەرەوەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی كار و چالاكییەكانت ئەنجام دەدەی، هەست دەكەی لەو ماوەیەدا چی دیكەی هەڵە بڕیاری لێدراوە كە ئەگەر جەنابت لەوێ بووایەی رێگریت لێ دەكرد؟
مەلا بەختیار: هەڵەكانم پێ ریز ناكرێن، پێشموانییە لە كۆبوونەوەكانیش بوومایە زۆربەی ئەو بڕیارانەم پێ رابگیرایە، با كۆنگرەش هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكان بكات.

مەوداپرێس: كۆنگرە بەچارەسەر دەزانی بۆ كێشەكانی ئێستای یەكێتی؟
مەلا بەختیار: خۆم بە سیاسەتمەدارێكی ریاڵی دەزانم نەك خەیاڵی، بە لە (50%) كەمتریش گۆڕانكاری رازیم، ئامادەی لێكتێگەیشتنم نەك تەوافق..!



PM:12:42:15/09/2019