هاوکاری ئەمریکا بۆ کورد لەمیدیای ئێران ـ تورکیادا

هاوکاری ئەمریکا بۆ کورد لەمیدیای ئێران ـ تورکیادا
مەوداپرێس ـ 

هاوکات لەگەڵ مشتومڕەکانی‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی‌ ئەمریکا و تورکیا و لێدوانەکانی‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە دۆستایەتی نێوان تورکیا و واشنتۆن، میدیای تورکیی و هەروەها ئێرانی‌ باس لە هاوکاری سەربازی بەرچاوی ئەمریکا بۆ هێزە کوردیەکانی‌ خۆرئاوای‌ کوردستان دەکەن.

دوای‌ میدیای تورکیی، میدیای ئێرانی‌ بڵاویکردەوە کە کاروانێکی هاوکاری سەربازی ئەمریکیی کە بریتی بووە لە ٢٠٠ بارهەڵگر، یارمەتی لۆجستیکی ئەمریکایان گواستوەتەوە بۆ هێزەکانی‌ سوریای دیموکرات هەسەدە.

بەگوێرەی‌ ئاژانسی‌ هەواڵی میهری ئێرانیی کە ئاژانسێکی هەواڵی نیمچە رەسمییە، ئەو کاروانە بارهەڵگرەی ئەمریکا بۆ هێزەکانی‌ کورد لە سوریا، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتووەتە خۆرئاوای‌ کوردستان و بەرەو ناوچەکانی‌ ژێر دەسەڵاتی هەسەدە رۆیشتوون.

بەگوێرەی‌ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میهر، کە زانیاریی لە سەرچاوە خۆجەییەکانەوە دەستکەوتووە، کاروانی سەربازی بریتی بووە لە ٢٠٠ لۆری کە یارمەتی لۆجستیکی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعشی بۆ هەسەدە گواستووەتەوە، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو کوردستانی سووریا رۆیشتوون و ئەو یارمەتییەیان گەیاندووەتە ناوچەکانی‌ ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی‌ سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە.

ئەو ئاژانسە ئێرانییە نوسیویەتی: ناردنی کاروانە سەربازییەکان هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی هەوڵەکانی ئەمریکا و تورکیا بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا، ئەو زیادبوونەش کە لەناردنی هاوکارییەکاندا روویداوە، بووەتە هۆی رەخنەی زۆر لەلایەن تورکیاوە، شەوی رابردووش درێژەی هەبووە و لۆرییەکانی ئەمریکا بە مەبەستی بەهێز کردنەوەی بنەمای سەربازی سوپای سووریای دیموکرات لە شەڕ دژی شانە نوستووەکانی داعش یارمەتییە لۆجستیکییەکانی خۆیانیان بەرەو ناوچەی قامیشلۆ گواستووەتەوە.

هەمان بابەت ماوەیەکە له‌ میدیای توركییدا وروژێنراوە، کە هاوكاتە له‌گه‌ڵ مشتومڕه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام. 

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئاژانسی‌ هه‌واڵی ئه‌نادۆڵی توركیی، كه‌ میدیای ره‌سمی ده‌وڵه‌ته‌ بڵاویكرده‌وه‌، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی ئه‌ركی هاوبه‌ش (CJTFOIR) كه‌ به‌ڕبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا دژبه‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دروستكراوه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویته‌ردا دیمه‌نی ئه‌و مه‌شقه‌ هاوبه‌شه‌ی بڵاوكردووەتەوە كه‌ له‌گه‌ڵ چەکدارانی هه‌سه‌ده‌ ئه‌نجامیانداوه‌.

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی ئه‌ركی هاوبه‌ش له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ''كاندیدانی كۆماندۆ له‌ سێی ئابدا ژوورێك خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌. كاندیدانی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی ئه‌ركی هاوبه‌ش CJTFOIR وه‌ك به‌شێك له‌ مه‌شقی وەرزی هاوین‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه وشکانییەكاندا، مه‌شقیان كرد".

به‌گوێره‌ی‌ میدیای توركیی، ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی كه‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی ئه‌ركی هاوبه‌شی ئه‌مریكا بڵاویكرووه‌ته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌، ئه‌و دیمه‌ن و په‌یامه‌ له‌و‌ هه‌ژمارانه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییدا بڵاوكراونەتەوە‌ كه‌ سه‌ر به‌ چەکدارانی  یه‌په‌گه‌ن.

ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵ له‌ هه‌واڵه‌كانی سێی ئه‌یلوولدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو كه‌ ئه‌مریكا و یه‌په‌گه‌ له ‌میانی چه‌ند مانگی رابردوودا، مه‌شقیان به‌ ٧٠٠ چه‌كدار كردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان عه‌ره‌ب بوون.

روونیكردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و مه‌شق و راهێنانه‌ی پێشتر له‌ عه‌ین عیسا و گرێ سپی له‌ نزیك سنووری توركیا ئه‌نجام ده‌دراون، دوای ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی ناوچه‌ی ئارام له ‌نێوان ئه‌مریكا و توركیادا، گواسترانه‌وه‌ بۆ كه‌مپه‌كانی باشوور و خۆرهه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌.

نزیكه‌ی ٧٠٠ چه‌كدار كه‌ له‌ لایه‌ن راوێژكارانی ئه‌مریكا‌وه‌ له‌ ناحیەی شەدادی سه‌ربه‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، باكووری شاری رەققە ناوه‌ندی پارێزگای ره‌ققه،‌ هەروەها ناوچەی بەنداوی تەبقە مه‌شقیان پێكراوە و له‌ مانگه‌كانی وەرزی هاویندا په‌یوه‌ندییان به‌ ریزەكانی یه‌په‌گه‌وه‌ كردووە.

به‌گوێره‌ی‌ میدیای توركیی، "ئه‌و ٧٠٠ كه‌سه‌ كه‌ زۆربه‌یان به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن له‌سه‌ر ئایدۆلۆجی یه‌په‌گه‌/په‌كه‌كه‌ مه‌شقیان پێكراوه‌".

به‌پێی زانیارییەکانی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ناوه‌ندی ئه‌مریكا (CENTCOM)، له‌و مه‌شقه‌دا به‌شداربووان راهێنانیان پێ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆ، دۆزینه‌وه‌ و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستكرد و بابه‌ته‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.

میدیای توركیی وه‌بیری هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش پشتیوانی سه‌ربازیی لە چەکدارانی سەر بەیه‌په‌گه‌/په‌كه‌كه‌ ده‌كات هێشتا له‌ سووریادا، ١٨ بنكه‌ و خاڵی سه‌ربازیی هه‌یه‌ و نزیكه‌ی دوو هه‌زار سه‌ربازی له‌و وڵاته‌دایه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی ئه‌نادۆڵی توركیی، له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پشتیوانی لۆجستیی و مه‌شق و راهێنان به‌ یه‌په‌گه‌/ ئه‌و هێزه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ كۆنترۆڵی یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی سووریا.

هه‌ر له‌ رۆژانی رابردوودا میدیای توركیی بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا له‌ عێراقه‌وه‌ نزیكه‌ی ٥٥ بارهه‌ڵگر سندوقی داخراو و ئۆتۆمبێل و ئامێری بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی سووریا ره‌وانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی‌ یه‌په‌گه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێن. 



PM:07:15:15/09/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌