ئێڤار ئیبراهیم: ئەو كراسانەی كڕیومە نرخەكەی تەنیا 5هەزار دینار بووە

ئێڤار ئیبراهیم:  ئەو كراسانەی كڕیومە نرخەكەی تەنیا 5هەزار دینار بووە
مەوداپرێس-هێمن مامەند

لەسەر پرسی كراس كڕینەكەی مانگانەی ، ئێڤار ئیبراهیم روونكردنەوەیەكی  بۆڕای گشتی بڵاو كردەوە.

دوای ئەوەی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فیس بووك رەخنەیەكی زۆری لێگیرا لەبارەی ئەوەی لەبەرنامەیەكدا وت بووی "ئەو كاتەی پەرلەمانتار بووم مانگانە 30 كراسم كڕیووە" .ئێڤار ئیبراهیم پەرلەمانتاری  خولی رابردووی بزووتنەوەی گۆڕان ، لەئەكاونتی خۆی لەتۆڕی  كۆمەڵایەتی فیس بووك  ڕوونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردۆتەوەو دەڵێت "ئەو كراسانەی كەمن كڕیوومەو دەیكڕم تەنیا بەپێنج هەزار دینارە"

ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیەتی :

دوێنێ‌ شەو  لەبەرنامەی (ئێوارە نێت لەكەناڵی ئێن ئارتی 2 )  بەشداریم كرد، خاتوو هەودا پێشكەشكاری بەرنامەكە  لەیەكێك لەپرسیارەكان باسی جل و بەرگی كرد، منیش بەڕاشكاوانەو بەڕاستگۆیی وتم "ئەوكاتەی پەرلەمانتار بووم هیچ رۆژێك بەجلی دووبارە نەچوومەتە پەرلەمان " بەڵام بەداخەوە چەند لایەنێكی سیاسی هەڵمەتێكی هەڵمەتێكی راگەیاندیان لەسۆسیال میدیا لەدژم دەست پێكردووە، گوایە مانگانە من 30 كراسم كڕیووە ، ئەگەر هەر كراسێك بە100  دۆلار بێت ئەوە دەكاتە مانگانە من بای 3000 هەزار دۆلار بەس كراسم كڕیووە.
دەمەوێت  ڕاستیەك بڵێم و ئەوانەشی كەلێمەوە نزیكن  ئەو شایەدیەم بۆدەدەن، من وەكو هەر  ئافرەتێكی تر بەسروشتی  حەزم لەرێك پۆشییە ، بەڵام هەرگیز رۆژێك جلی گران بەهام نەپۆشیووە، وەئەو كراسانەی كەمن دەیكڕم و كڕیومە لەبازاڕی میللی (تەیراوەو كوران) ی شاری هەولێر بووە كەرۆژانە كراسی كوردی بەپێنج هەزار دینار لەسەر عەرەبانە هەراج دەكرێت، واتە ئەگەر من  مانگانە 30كراسیشم كڕی بێت دەكاتە تەنیا 150 هەزار دینار ، لەكاتێكدا پەرلەمانتاری وامان هەبوو مانگانە قاتێكی ئیتاڵی  و جانتایەكی ئیتاڵی بەپێنج هەزار دۆلار كڕیووە.
جارێكی تر دەیڵێمەوە  حكومەت و خەڵكی كوردستانیش شایەدن كەئەو چوار ساڵەی من پەرلەمانتاربووم بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچەی پەرلەمانتاری تەنیا دووملیۆن دینار  بووە،كەبەشی تەنانەت هاتووچۆو كاروباری رۆژانەشی نەكردوومە ، وەمن بەشانازیەوە نە  كۆمپانیای نەوتم هەیە نە هوتێلی پێنج ئەستێرەو نەشەریكی هیچ بەرپرسێكم ، بۆیە ئەم هەڵمەتی پروپاگەندانە نامترسێنێت و بەردەوام دەبم  لەوتنی راستیەكان.
ئێڤار ئیبراهیم، پەرلەمانتاری خولی رابردووی بزووتنەوەی گۆڕان
17_9_2019


AM:10:42:17/09/2019