هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن

هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن
مەوداپرێس ـ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا یەکەم هەڕەشەی سەبارەت بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن کرد دوای‌ لوتکەی رووسیا ـ ئێران ـ تورکیا لە ئەنکەرە کە تەوەری سەرەکیی بریتی بوو لە چارەسەری کێشەی ئیدلب، بەگوێرەی‌ میدیای تورکیی. 

هاوکات میدیای رووسیی باس لەوە دەکات کە کێشەی زۆر رووبەڕووی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووەتەوە. 

سەرچاوەکانی‌ هەواڵی تورکیا بڵاویانکردەوە، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی كاره‌كانی‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام لە باکووری سووریا بە کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر تا دوو هه‌فته‌ی دیكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌نجامێكی نه‌بێت، ئێمه‌ پلانی ئۆپه‌راسیۆنی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندنی باڵا كه‌ له‌ ناوه‌ندی كولتووریی بێشه‌ته‌په‌ به‌ڕێوه‌چوو، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و چه‌ند پەیامێکی گرنگی دا.

بەگوێرەی‌ ئاژانسی‌ هەواڵی ئەنادۆڵی رەسمیی تورکیی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وه‌بیریهێناوەته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی پێنجه‌مین لووتكه‌ی سێقۆڵییان له‌سه‌ر پلاتفۆڕمی ئاستانا له‌ ئه‌نکه‌ره‌ ئه‌نجامداوه‌ و وتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵی و سێقۆڵییه‌كانی لووتكه‌ی ئه‌نکه‌ره‌دا، له‌باره‌ی چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌ی مرۆیی و سیاسیی سووریاوه‌ بڕیاری گرنگمان دا. یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانی لووتكه‌كه‌ په‌سه‌ندكردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ده‌ستووره‌ كه‌ قۆناغی سیاسی تاوده‌دات. ته‌واوی ناڕێكییه‌كانی پێكهێنانی ئه‌و كۆمیته‌یه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان، ئه‌وه‌بوو كه‌ هاوڕابووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لانیكه‌م به‌شێك له‌ دۆخی پڕ كێشه‌ی ئیدلب ئارام بكرێته‌وه‌".

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک كۆماری توركیا کە هێزە کوردییەکانی خۆرئاوای‌ کوردستان بە "تیرۆرست" وەسف دەکات، رایگەیاند کە نیگه‌رانییه‌كانیان له‌باره‌ی ئه‌و لەبارەی‌ هێزە کوردییەکانەوە  کە یەک لەسەر چواری خاكی سووریا و رۆژهه‌ڵاتی فوراتی داگیركردووه‌ به‌پێی پێویست گه‌یاندووه‌ به‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر.

وتوشیەتی:"ئه‌م دۆخه‌ به‌تایبه‌تی به‌ئەنجام گه‌یشتنی كاره‌كانمانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارامه‌وه‌ سه‌ختتر كرد. وه‌ك له‌كاتی لووتكه‌كه‌ و دواتریش باسمكردووه‌، ئه‌گه‌ر تا دووهه‌فته‌ی دیكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌نجامێكی نه‌بێت، ئێمه‌ پلانی ئۆپه‌راسیۆنی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. چاوه‌ڕوانی پشتگیرییه‌كی زۆر به‌هێزتر له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌كه‌ین له‌باره‌ی ئیدلیب و له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات. ئیدی قسه‌ ئێمه‌ تێر ناكات. به‌قسه‌ نابێت، چاوه‌ڕوانی كردارین".

ئاژانسی‌ هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیی نوسیویەتی: ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاندووە کە سێ ملیۆن و 600 هه‌زار په‌نابه‌ریان له‌ توركیا له‌خۆگرتووه‌. 

وتی: "له‌ جیهاندا ئه‌مه‌ نموونه‌ی نییه‌. هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ رۆژئاواش وه‌ك ئه‌مه‌ بكات. ئه‌گه‌ر نه‌توانین له‌ ئیدلب به‌خێرایی ئارامی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، به‌ڕوونی ده‌یڵێین كه‌ ناتوانین بارگرارنیی چوار ملیۆن دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌ڵبگرین. به‌ پاككردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات و ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی تیایدا، ده‌توانین لێره‌دا دوو بۆ سێ ملیۆن په‌نابه‌ری سووری كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌مان یان ئه‌ورووپا ده‌ژین نیشته‌جێ بكه‌ین".

سه‌رۆک كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ هێنده‌ی توركیا له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئه‌ورووپاشه‌وه‌ هه‌یه‌ و وتی: "راستگۆیی ئه‌و پشتگیری و هاوكارییه‌ی له‌م هه‌وڵانه‌دا پێشكه‌ش بە توركیا ده‌كرێت، ده‌بێته‌ هۆی چاره‌سه‌ر یان قووڵتربوونه‌وه‌ی ئه‌م كێشانه‌. ئێمه‌ هه‌رگیز له‌پاڵ هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی سنووره‌كانی خۆماندا، ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵی راستگۆیانه‌ نه‌بووین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی كێشه‌كانی سووریا و یه‌كپارچه‌یی خاك و یه‌كێتیی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە میدیای رووسیی ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی‌ تەمەنی سەد ساڵەی دامەزراندنی تورکیا کردووە، تەئکیدی لەوەکردووەتەوە کە دەسەڵاتی ئەردۆغان رووبەڕووی زیاتر لە کێشەیەک بووەتەوە. 


PM:11:27:18/09/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌