سلێمانی لە بەغدا..
نهێنی پشت سەردانە نهێنیەکەی

سلێمانی لە بەغدا.. <br>
نهێنی پشت سەردانە نهێنیەکەی
مەوداپرێس ـ 

بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوە هەواڵیەکانى عیراق، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیی هاوکات لەگەڵ مشتومڕی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەم هەفتەیەدا بەنهێنی سەردانی بەغدای پایتەختی عیراقی کردووە و چاوی کەوتووە بە فەرماندەی ئەو هێزە چەکدارانەى کە سەر بە لایەنگری ئێران هەژمار دەکرێن.

سایتی عەرەبییە بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەى ئەو هەواڵانەى کە دەستاودەست دەکرێن، قاسم سلێمانی لەگەڵ سەرکردەکانى هاوپەیمانی بیناء بە میوانداریی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی سەعبی کۆبوەتەوە هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدریش ئامادە بووە لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی دەستەی دەستەی حەشدی شەعبی. 

بەگوێرەى سایتی عەرەبییە، سەرچاوەکانی هەواڵی عیراق تەئکیدیان لەوەکردووەتەوە کە قاسم سلێمانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا داواى لە سەرکردەی گروچە میلیشیاییەکان کردوە کە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عیراق بکەنە ئامانج. 

لەلایەکی ترەوە، رەخنە و نارەزایی بەرچاو لە عیراق سەریهەڵداوە سەبارەت بە زیادبوونی گروپە میلیشیاییەکان کە لەسەر ئیران هەژمار دەکرێن، عەدنان زەرفی پەرلەمانتاری عیراق دەڵێت: گروپە میلیشیاییەکانی بەرگری ئیسلامیی نایاسایین، لەکاتێکدا عیراق وڵاتێکی داگیرکراو نییە تا گروپی میلیشیایی لەو جۆرە پێکبهێنرێت. 

پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عیراق سەبارەت بە هێرشی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ لە عەرەبستانی سعودیە کە گوایا لە عیراقەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە، وتی: عیراق پابەندە بە دەستورە و رێگری دەکات لەوەى کە خاکەکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێ و دۆت و براکانی بەکاربهێنرێت، حکومەتیش بەغداش بەتوندی رووبەڕووی هەر لایەنێک دەبێتەوە کە بیەوێت دەستوری عیراق پێشێل بکات، هاوکات لیژنەیەک لە لایەنە عیراقییە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بۆ بەدواداچونی زانیاریی و پێشهاتەکان. 

هاوکات بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق لە سەبارەت بە ئاڵۆزیەکانى ناوچەکە قسەی کرد و تەئکیدی لەوەکردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ عیراق رووبەڕووی بووەتەوە، هەرگیز هیچ وڵاتێکی تر رووبەڕووی نەبووەتەوە، وتی: بۆیە پێویستە بەرپرسیار بین و بەگوێرەى توانا ئەو تەحەدییانە بۆ دەرفەتی گەورە بگۆڕین، تا عیراق لە گۆڕەپانی پێکدادان و ململانێوە بکەین بە گۆڕەپانی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە هەرێمیەکان. 

بەڵام ئەو لێدوانانە پێچەوانەن لەگەڵ مامەڵەی میلیشیاکانی عیراقدا، جوڵەی میلیشیاکان ناوەرۆکی لێدوانەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانى عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عیراق بۆ مانەوەی چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا، بەڵام میلیشیاکان هێشتا چالاکن لەسەر گۆڕەپانی عیراقدا. 

ئەوەش لەکاتێکدا کە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت بەتایبەت دوای پاشەکشەی تاکلایەنانەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەى ئەتۆمی ئایاری ٢٠١٥ و سەپاندنی سزاى ئابوری بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا. 



AM:10:31:19/09/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌