ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: ئەوەی بەرامبەر مەحمود سەنگاوی كراوە ئاساییە

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: ئەوەی بەرامبەر مەحمود سەنگاوی كراوە ئاساییە
مەوداپرێس-هێمن مامەند

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی سلێمانی_ هەڵەبجە رایدەگەیەنێت ئەوەی بەرامبەر كاك مەحمود سەنگاوی كراوە ئاساییە و  ئاماژەی بەوەشکرد تائێستا هیچ كاردانەوەیەك بەرامبەر كادیرانی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە نەكراوە و رەوشەكە ئاساییە.

 عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی -هەڵەبجە لە هەمانکاتدا وتەبێژی ئەوحزبەیە لەو دوو پارێزگایە تایبەت بەمەوداپرێسی راگەیاند "ئەوەی بەرامبەر كاك مەحمود سەنگاوی كراوە ئاساییە، چونكە بەڕاستی ناكرێت بەم هەموو پاسەوانەوە لە شارێك بڕۆیتە شارێكی ترەوە".
وتیشی "بەڕاستی ماوەیەكە خەڵكی سلێمانی لەناو شاری سلێمانیش گلەیی و رەخنەیان لەو هەموو پاسەوانەی بەرپرسان هەیە و بەرپرسانی یەكێتی ژمارەی پاسەوانەكانیان زیادی كردووە".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو بازگەیەی كە كاك مەحمود پێیدا رۆیشتووە بازگەی  هاوبەشی حكومەتی هەرێمە و برادەرانی یەكێتیش لەو حكومەتە بەشدارن، بۆیە نەدەبوایە فراكسیۆنی یەكێتی بەم شێوەیە روونكردنەوەی بدابوایە".

عەتا شێخ وتیشی "تائێستا  ڕەوشی شاری سلێمانی باشە و هیچ كاردانەوەیەكمان بەرامبەر كادیرانی پارتی لە شاری سلێمانی نەبینیووە و هیواداریشین هیچ روونەدات".



PM:04:32:19/09/2019