پارێزگاری هەڵەبجە: خەڵک هەیە لە ئەوروپا کورد ناناسێت، بەڵام هەڵەبجە دەناسێت

پارێزگاری هەڵەبجە: 
خەڵک هەیە لە ئەوروپا کورد ناناسێت، بەڵام هەڵەبجە دەناسێت
مەوداپرێس- کاروان رەسوڵ

پارێزگاری هەڵەبجە رایداگەیەنێت حکومەتی عیراق بوودجەیەکی دوو ملیار دیناری بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکردووە. ملیارێکیان داوە بە شارۆچکەی سەیدسادق بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری ملیارەکەی تریش دانیان ناوە بۆ وەگەڕخستنی ناوچەی پیشەسازی پارێزگای هەڵەبجە و ئاماژەش بەوەدەکات خزمەتگوزاری لە ئاستی ویستی ئەواندا نییە و هیوادارن ئەم کابینەیە ئەم قەیرانانە تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام بدەن کە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە پارێزگاکانی تری هەرێم پێویستێتی.



پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای هەڵەبجە لە چی ئاستێکدایە، پلانتان چییە بۆ بەرەو پێشبردنی زیاتری ئاستی خزمەتگوزاری؟
ئازاد تۆفیق: خزمەتگوزاری یەکێکە لە هەرە کارە سەرەکییەکان کە دەبێت حکومەتی هەرێم جێبەجێ بکات بۆ شاری هەڵەبجە، بەڵام لەدوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە قەیرانی دارایی و سیاسی و ئیداریی رووی کردە هەرێم، هەڵەبجەش بێبەش نەبوو لە بەرکەوتنی ئەو قەیرانانە. بۆیە ئاستی خزمەتگوزاری لە ئاستی ویستی ئێمەدا نەبووە و هیوادارم ئەم کابینەیە ئەم قەیرانانە تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام بدەین کە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە پارێزگاکانی تری هەرێم پێویستێتی.

هیچ بوودجەیەکی تایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێم  و عیراقەوە تەرخاکراوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە؟
ئازاد تۆفیق: لە ساڵی 2014 کە هەڵەبجە دەبێت بە پارێزگا حکومەتی هەرێم یەک ملیار دیناری داوە بە هەڵەبجە ئەویش بە دوو سولفە خەرج دەکرێت. سولفەی یەکەممان وەرگرتووە کە پێنج سەد ملیۆن دینارە و سولفەی دووەمیش تائێستا خەرج نەکراوە، حکومەتی عیراقیش بوودجەیەکی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکردین. ملیارێکیمان داوە بە شارۆچکەی سەیدسادق بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری ملیارەکەی تریش دانراوە بۆ وەگەڕخستنی ناوچەی پیشەسازی پارێزگای هەڵەبجە. لەئێستاشدا لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین تا ئەو ملیارەی هەڵەبجە خەرج بکرێت.

لە چوارچێوەی خەرجکرنی بوودجەیەکی تایبەت بۆ پایتەختی رۆشنبیریی سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە هیچ بڕە پارەیەکی لە بوودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ خەرجکرا؟ یان بەڕیزتان داواتان نەکردووە؟
ئازاد تۆفیق: نەخێر هیچ لەو بڕە پارەیەک نەدرا بە پارێزگاکەمان و داواشمان نەکرد، چونکە ئەو بڕە پارەیە تایبەت بوو بە پارێزگای سلێمانی وەک پایتەختی رۆشنبیری.

سەبارەت بە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان هیچ بوودجەیەک بۆ شاری هەڵەبجە تەرخانکراوە؟
ئازاد تۆفیق: هەرچی بوودجەی پارێزگاکانە و بوودجەی هەرێم بەبۆنەی قەیرانی داراییەوە وەستابوو، بەڵام ئێستا چاومان لە کابینەی نۆیەمە چاوەڕێی ئەو کابینەیەین تاوەکو بوودجەیەکی باش بۆ شارەکەمان دابنێ و شاری هەڵەبجە ببووژێنینەوە.

رێککەوتنێک کرا بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لەئێستادا دەنگۆی هەڵوەشاندنەوە و پاشگەزبوونەوە لەو رێککەوتنە هەیە؟ ئەمە راستە؟ 
ئازاد تۆفیق: بابەتەکە پاشگەزبوونەوە نییە، دوو کۆبوونەوە کراوە لەسەر ئەو بابەتە، ئەوەش ئیشی حزبە، چونکە ئەوەندەی ئیشێکی ئیداریی بێت ئیشێکی حزبییە، چونکە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا لەم شارە نەکراوە، بۆیە هەلبژاردنی 2017 کراوەتە پێوەر بۆ دابەشکردنی کورسی و بەرکەوتەی حزبەکان. بۆیە ئەو رێککەوتنە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو یەکێتی پێیوایە کۆبوونەوەی سێیەم بکریت باشترە و موراجەعەیەک بکەینەوە و تێگەیشتنی زیارتر هەبێت.

دەنگۆی ئەوە هەیە پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەی بەستووەتەوە بە دانانی پارێزگای کەرکوکەوە، تاچەند ئاگاداری ئەمەن؟ 
ئازاد تۆفیق: موتڵەقەن شتی وانییە. نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان دانیشتبووین بە هیچ شێوەیەک باسی پارێزگای کەرکوک نەکراوە.

هیچ هیوایە هەیە بەمزوانە ئەنجومەنی پاریزگای هەڵەبجە پێکبهێنرێت؟
ئازاد تۆفیق: هیوادارین بە زووترین کات پێکبهێنریت، بەڵام ئەویش تێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هاوسەنگی هێزەکانی دەوێت، چونکە هەڵبژاردن لەم شارە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا نەکراوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن و بگەنە رێککەوتن.

پێکنەهێنانی ئەنجومەنی پاریزگای هەڵەبجە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارەکانتان نابێت؟
ئازاد تۆفیق: ئەو تیمەی ئێستا کاردەکەین لەم پارێزگایە نەمانهێشتووە و هەوڵمانداوە کاریگەریی نەرینی نەبێت ئەویش بە هەوڵی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و قایمقام و سەرجەم بەڕێوەبەری ناحیەکان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان.

بڕیارە لە مانگی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت هەڵەبجە بەشداردەبێت وەک پارێزگایەک؟
ئازاد تۆفیق: بەڵێ، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی سەربەخۆیی عیراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەغدا بڕیار دەدەن پارێزگاکانی هەرێم بەشداری بکات یان دوابخرێت بۆ چەند مانگێک، ئەگەر کرا ئەوا هەڵەبجەش وەک پارێزگایەک بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەکات

پرسی کەسوکاری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و نەخۆش و کەمئەندامی ئەو جینۆسایدە یەکێکە لەو پرسانەی بەتەواوی چارەسەر نەکراوە، لەمڕووەوە هەوڵ و بەرنامەی نوێ هەیە لەبارەی ئەو پرسەوە؟
 ئازاد تۆفیق: هەڵەبجە خاوەنی 5000 هەزار شەهید و 10 هەزار بریندارە و 200 ماڵ منداڵیان ونبووە و 100 هەزار کەس ئاوارە بوو، بنبڕکردن و چارەسەرکرنی ئەو ئاسەوارەکانی ئەو جینۆسایدە ئاسان نییە، 4 ساڵە بەبۆنەی قەیرانەوە نەمانتوانیوە تا ئێرانشیان ببەین، بەڵام هەنگاوی بچوکمان ناوە لە ئاست تموحمان نەبووە.

دوای بە پارێزگابوونی تاماوەیەکی زۆر گلەیی ئەوە دەکرا کە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان نەکراونەتەوە، ئەو بابەتە بەکوێ گەیشت؟
 ئازاد تۆفیق: ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی پەیوەندیدارە بە حکومەتی هەرێمەوە زۆربەیان کراونەتەوە، ئەوەشی پەیوەندیدارە بە بەغداوە هیوادارین بکرێتەوە بەگشتی لە سەدا 80%ی بەڕێوەبەراییەتییەکان کراونەتەوە.

هیچ پلانێک هەیە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە فراوان بکرێت و لەسەر ئاستی جیهان بەشێوازیکی فراوانتر بناسرێت؟
ئازاد تۆفیق: بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە داوای بوودجەیەکیان کردووە تاوەکو نۆژەنبکرێتەوە و فراوانتر بکرێت هەمووان دەزانین قەیرانی 4 ساڵی رابردوو کاریگەریی گەورەی هەبووە.

بۆ جێبەجێکردنی ئیشوکارەکانتان لایەنە سیاسییەکان هاوکارتانن؟
 ئازاد تۆفیق: بەڵێ هەموو لایەنە سیاسییەکان هاوکارن و هەوڵدەدەن، بەڵام  حزب دەسەڵاتی تەنفیزی نییە، بەس قسەی خێریان لەسەرە و کردوویانە، فراکسیۆنەکانیان هاوکارمان بوون، هەمووان دەزانین دەسەڵاتی تەنفیزی لای حکومەتە، بۆیە داواکارییەکانمان لە حکومەتە.

پرۆسەی بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانی هەڵەبجە بەکوێ گەیستووە؟
ئازاد تۆفیق: حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم نییە لەم بابەتدا و سەدایەکی جیهانی هەیە و رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەزانیت، لۆبی بۆ کراوە لە ناوخۆ و دەرەوە، لەسەر پێی خۆیەتی و هیچ ئیشکالی نییە. خەڵک هەیە لە ئەوروپا کورد ناناسێت، بەڵام هەڵەبجە دەناسێت.


PM:01:38:22/09/2019